سمایل شەرەفی
شوێنی دەستپێکی شۆڕشی ژینا و ڕۆڵی کورد لەم بزووتنەوە جەماوەرییە گشتگیرەدا جێگە و پێگەیەکی بەرزی سیاسیی بە بزووتنەوەی کورد لە ئێران و حیزبە سیاسییەکانی بەخشی. ئەوەی لە کوردستان ڕووی دا و دروشمی شۆڕشێکی مودێڕن و ئەمڕۆیی لەژێر ناوی "ژن، ژیان، ئازادی"ی لەسەر بنیات نرا، بزووتنەوەیەکی سیاسیی بەتەنیا نەبوو، بەڵکوو وێناکردنی گۆڕانکارییەکی گەورەی کۆمەڵایەتی_مەدەنی بوو کە حەق وایە شارەزایانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان بە وردی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن.
ڕەفتاری کۆمەڵگەی کوردستان لە شۆڕشی ژینادا بە حوکمی ڕیشەداربوونی لە بزووتنەوەیەکی ڕەوای نەتەوەیی پێشکەوتنخوازانەدا کە بناوانی بۆ کۆمارە مەزنەکەی کوردستان بە سەرۆککۆماریی پێشەوا قازی محەممەد دەگەڕێتەوە، هەڵگری کۆمەڵێک پەیام بوو کە لێرەدا بە کورتی ئاماژەیان پێ دەکرێ؛
١- جەماوەریبوونی شۆڕشی ژینا لە کوردستان
بە بەراوەرد لەگەڵ گەورە شارەکانی ئێران بە تارانی پێتەختیشەوە، ئاستی بەشداریی خەڵک لە شارەکانی کوردستان زۆر زیاتر و بەرچاوتر بوو. لە کوردستان لەگەڵ ئەوەیکە لە ڕۆژانی یەکەمدا ئەوە لاوان بە کچ و کوڕەوە بوون کە لە ڕیزی پێشەوەی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانەوە بوون، زۆری نەخایاند کە لە زۆربەی نزیک بە تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردەواری، پەیوەست بە شۆڕشگێرانی سەر شەقامەکان بوون. لەم نێوەدا و بە هاتنە مەیدانی قوتابییان و مامۆستایانی ئایینی کە لە هەموو شارەکانی کوردستان بەکۆمەڵ پشتیوانییان لە ڕاپەڕینی خەڵک کرد، شۆڕشی ژینا لە کوردستان زیاتر مۆرکی جەماوەریبوونی بە خۆوە گرت.
کاتێک کە دەسەڵاتی سەرکوتکەر لە گشتگیربوونی شۆڕشەکە ترسی ڕێ نیشت، بە پانەوە هێرشی کردە سەر شەقامەکانی کوردستان و بە تەقەی ڕاستەوخۆ بە سەدان کەس لە خۆپێشاندەرانیان شەهید و بە سەدان کەسی دیکەیان بریندار کرد و بە هەزارانیان ڕەوانەی بەندیخانەکان کرد. بەڵام خەڵک نەتەنیا کۆڵیان نەدا، بەڵکوو ڕێوڕەسمی ناشتن و یادکردنەوەی شەهیدەکانیان بۆ بەجەماوەریترکردنی شۆڕشەکە کردە دەرفەت و بەگژ خامنەیی و ڕێژیمە دیکتاتۆرەکەیدا چوونەوە.
٢- کوردستان وەک کۆمەڵگەیەکی ڕێکخراو و یەکگرتوو
ئاکامی دەیان ساڵ خەباتی سیاسی - تەشکیلاتیی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و هەروەها ڕۆڵ و کاریگەریی ئەنجومەن و ڕێکخراوە مەدەنییەکان لەسەر ڕەفتاری خەڵکی کوردستان لە شۆڕشی ژینادا بۆ جارێکی دیکە بە ڕوونی خۆی دەرخست. کوردستان وەک کۆمەڵگەیەکی ڕێکخراو، زیندوو و هاوئاهەنگ هەر زۆر زوو توانی خۆی ئۆرگانیزە بکات. لەگەڵ متمانەکردنی خەڵک بە حیزبە سیاسییەکان و بەدەنگەوەهاتنیان بۆ بانگەوازی مانگرتن و چۆنیەتیی بەشداریکردن لەم شۆڕشە، کۆمەڵگەی کوردستان لەسەر ئەساسی ڕێکخراوبوونی زەینی، خێرا و دەستوبرد بە هەستکردن بە ئەرکوەخۆگریی هەر تاک و کۆمەڵ و تویژێکی دیاریکراو، بە شێوەی عەینی و بەرهەست خۆی ڕێک خست. ئەم خۆڕێکخستنە کە یەکێتی و یەکگرتوویی لەسەر بنیات دەنرێ، هەر زوو توانیی کوردستان بکاتە خاوەنی ئەو هێز و پۆتانسیێلەی کە لە ئاستی ئێراندا هەم لە فۆرم(شێوەکانی ناڕەزایەتی دەربڕین و کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتەکان) و هەم لە نێوەڕۆکدا(داهێنانی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و بڵاوکردنەوەی پەیامەکانی دیکەی وەک سیکۆلاریزم، پێداگری لەسەر ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان و داخوازیی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلانی ئێران و...) ببێتە نموونە و پێشانگایەتیی شۆڕشی ژینا بکات.
بێگومان خەسڵەتی ڕێکخراوبوون و ڕەفتاری یەکگرتووانەی خەڵکی کوردستان کە بە درێژایی لانیکەم مێژووی درووستبوونی دەوڵەت – نەتەوەی ئێرانی هەوڵی سەرکوتکردن و لە پاشکەوتووییدا ڕاگرتنی دراوە، بۆ ئەو مەعریفە سیاسی و کلتوورییە دەگەڕێتەوە کە نەتەوەی کورد لەپێناو وەدەستهێنان و پاراستنیدا گیان و ماڵی بۆ بەخت کردووە.
٣- کوردستانی دەرفەت بۆ ئاشتەوایی و پێکەوەژیان
بە پێچەوانەی ئیدیعای بێبنەمای هەڵێنجراو لە دوو ئەقڵیەتی "کۆنەپەرەستی تەواویەتخوازی کۆماری ئیسلامیی ئێران" و "ئەوەی تر قبووڵنەکردنی ناوەندگەرای ئێرانی"، کورد وەک میللەتێک کە بۆ وەدەستهێنانی مافە ئینسانی و سیاسییەکانی خۆی خەبات دەکات، بەردەوام پەیامی ئاشتەوایی و پێکەوەژیانی داوە.
هەر دوای بڵاوبوونەوەی دروشمەکانی "ژن، ژیان ، ئازادی"، "مەرگ بۆ دیکتاتۆر" و گەیاندنی پەیامی پشتیوانی لە هەموو خەڵک و نەتەوەکانی ئێران، خەڵکی ڕاپەڕیو لە بەلووچستان، تەورێز، تاران، مازندەران و... بە دانی دروشمی جۆراوجۆر پشتیوانیی خۆیان لە کوردستان ڕاگەیاند. ئەوان بە دروستی پەیامی یەکگرتووخوازی و پێکەوەژیانی خەڵکی کوردستانیان بیست بۆیە کەوتنە پشتیوانیکردن لە کوردستان و هەر ئەم لێکتێگەیشتنەی نەتەوەکانی ئێران و ئاڵوگۆڕی پەیامەکانیان و پشتیوانییان لە یەکتر، کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی تووڕە کرد. سپای پاسداران بۆ تێکدانی ئەم هاوپێوەندییە و بەلاڕێدابردنی بیر و زەینی نەتەوەکانی دیکە لەسەر کورد کەوتە پیلانگێڕی و هاوکات لەگەڵ تۆمەتی "تجزیەطلب"بوونی کورد و بە "تێرۆریست" ناوهێنانی حیزبە خەباتکارەکان و هێرشی درۆنی و مووشەکی بۆ سەر بنکە و بارەگانیان، پیلانی ئەوەی بەدەستەوە بوو کە کوردستان تووشی شەڕێکی دیکە بکات.
بەڵام وەک بینیمان بەخۆشییەوە نەتەنیا دوژمن نەیتوانی ئەم پیلانە بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان بگەیەنێتە ئەنجام، بەڵکوو خەڵکی کوردستان زیاتر لە هەمیشە متمانەی نەتەوەکانی دیکەی ئێرانی بۆلای خۆی ڕاکێشا و پێداگریی لەسەر پێکەوەبوونێکی ئارەزوومەندانەی پڕ لە ئاشتەوایی لەگەڵ سەرجەم پێکهاتە ئیتنیکییەکانی ئێران کردەوە.
٤- کوردستان و بەرزاییەک لە ئاستی شعووری نەتەوەیی
تێکەڵبوونی ویستی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان لەگەڵ خەسڵەتی ئینسانی و دادپەروەرانە، ماهییەتێکی پێشکەوتنخوازانەی مودێڕنی بە خەباتی مافخوازانەی خەڵکی ئەم نیشتمانە بەخشیوە. ئەم نێوەڕۆکە دێموکراتیکەی ویستە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان، هەمیشە پەرژینێکی قایم و پتەو بووە دژ بە دوگماتیزم و ڕەگەزپەرەستی و ئەوی تر بەکەمزانین.
ڕەفتاری خەڵکی کوردستان لە شۆڕشی ژینادا سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بوو کە؛ ئەقڵییەتی حاشالێکردن، بەکەمزانین، تەواوییەتخوازی و سەرکوتکاریی نەتەوەی باڵادەست – کە زیاتر لە سەد ساڵە خۆی – بەزۆر - بەسەر کورد و نەتەوەکانی دیکەدا فەرز کردووە – نەیتوانیوە کار لەسەر دابەزاندنی شعووری دێموکراتیک و ئینسانگەرابوونی کورد بکات. کورد وەک نەتەوەیەک کە لە خۆیدا خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندیی جوراوجۆری جیاوازە، لەگەل پاراستنی ئەم خەسڵەتانە، داخراو لە گۆڕانکاری و بەڕۆژبوونەوە نییە و نەبووە.
لە شۆڕشی ژینادا لەگەڵ ئەوەیکە کوردستان بە هێما و دروشم و ویستە تایبەتییەکانی خۆیەوە، داکۆکیکارێکی لێبڕاو و جیدی لە مافە نەتەوایەتییەکانی بوو و هاواری لەگوڕنانی فاشیزمی لە خۆیدا بەرز کردبۆوە، هاوکات داکۆکیی لە مافی نەتەوەکانی دیکە و یەکسانی و بەرانبەری بۆ ژنان و پیاوان دەکرد.
شۆڕشی ژینا نەتەنیا بۆ کورد، بەڵکوو بۆ هەموو گەلانی ئێران دەرفەتێکی مێژووییە کە بتوانن وەک سەرفەسڵێکی مودێڕن لە گۆڕانکاریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆیاندا کەڵکی لێ وەربگرن. بێگومان ئەم شۆڕشە لە ئێستادا لە هەستیارترین فازدایە کە هەر وەک لە نیوەڕۆکی شۆڕشەکەدا دەکرێ هەستی پێ بکرێ، بۆ بەئەنجامگەیاندنی پێویستی بە جیهانبینییەکی دێموکراتیک و مودێرن لە سەر ئەساسی بەڕەسمییەت ناسینی فرەیی و جۆراوجۆرییەکان و بەشداریکردنی هاوبەش هەیە.
لەم پێوەندییەدا کوردستان و بزووتنەوەی سیاسیی کورد بە ڕێبەرایەتیی حیزبە خەباتکارەکانی وەک تا ئێستا سەلماندوویانە، لەپێناو وەدیهاتنی ئاوات و ئامانجەکانی ئەم شۆڕشە مەزنەدا ویڕای هەوڵدان بۆ یەکگرتوویی و هاوئاهەنگیی نێوان هێز و کەسایەتییە دێموکرات و پێشکەوتنخوازەکان، دژ بە هەر بیر و کردەوەیەکی نادێموکراتیک، فاشیستی و تەواویەتخواز ڕادەوەستێ.