کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە فرۆشتنی قوتابخانەکان لەژێر ناوی "مولدسازی"

12:32 - 8 رەشەمه 2722

نیشتمانپەروەرانی گەلانی ئێران!

مامۆستایانی کوردستان و ئێران!

رێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ چارەسەرکردنی کورتهێنانی بودجە و پەیداکردنی داهات بۆ پرۆژە نیزامی و ئەمنییەتییەکان و یارمەتیی ماڵی بۆ گرووپە تێرۆریست و نیابەتییەکانی لە ناوچەکەدا، خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم گەڵاڵەیەکی لەژێر ناوی «مولدسازی» فرۆشتنی ئەمواڵ و داراییەکانی دەوڵەت و موڵکی گشتی ڕاگەیاند.

 هەروەها خامنەیی تیمێکی ٧ کەسی بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرکۆماری ڕێژیم، بێ لێپرسێنەوە و بەدواداچوون و وڵامدەربوون بە دەزگای دادوەری دیاری کرد. ئەرکی ئەو تیمە فرۆشتنی ئەمواڵ و دارایی زیادیی «مازاد» وەزارەتخانەکانی دەوڵەتە بۆ دابینکردنی کورتهێنانی بودجە و داهات بۆ دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمە.

یەکەم شوێن کە بۆ فرۆشتن و هەڕاجکردنی داراییەکان دیاری کراوە وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانە. لە سایتی هەیئەتی "مولدسازی" داراییەکانی دەوڵەت ناونیشانی ١٦١٧ قوتابخانە کە ٩٧١٣ پۆلی وانەوتنەوە «کلاس» لەخۆ دەگرێت بۆ فرۆشتن و هەڕاجکردن دانراوە! ئەوە لە کاتیکدایە کە ١٢ هەزار پۆلی وانەوتنەوە لە پاریزگاکانی سیستان و بەلووچستان و کوردستان و ئەحواز، مامۆستایان بۆ وانەوتنەوەی قوتابییان لە کانتینێر و کەپر و چادەراغ و تەویلە کەڵک وەردەگرن! هەروەها ٣١ هەزار قوتابخانە لە ناوچەکانی عەشایەری و بەشێک لە گوندەکان هیچ جۆرە ئیمکاناتێکی ئامووزشی و ساختومانیی نییە! هەروەها بەپێی ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوەی نۆژنکردنەوەی قوتابخانەکان، ١٢٨٦٠ قوتابخانەی بێ کەڵک و داڕووخاو پێویستی بە نۆژنکردنەوە هەیە!

هەروەها لە هەلومەرجی ئیستای ئێران و کوردستاندا بۆ گەیشتن بە ستانداردی جیهانی، وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئێران پێویستی بە لانیکەم ٣٤٧٠٠٧ پۆلی وانەوتنەوە و ٤٤٦٦٢ قوتابخانە هەیە! تا لە هەر پۆلێک ٢٦ قوتابی وانەی تێدا بخوێنن!

لە وەها بارودۆخیکدا فرۆشتنی تەنانەت یەک پۆلی وانەوتنەوە خیانەتە بە قوتابییانی ئێستا و داهاتووی گەلانی ئێران.

هەر بۆیە یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران داوا لە مامۆستایانی نیشتمانپەروەر و بنەماڵەی قوتابییان و خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان و ئێران دەکات کە لەهەمبەر فرۆشتی قوتابخانەکان دەنگی ناڕەزایەتی هەڵبڕن و ئیزن بە کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نەدەن کە سەرمایەی نەتەوەیی و داهاتووی منداڵەکانیان هەڕاج بکەن.

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران

٨-١٢-١٤٠١ی هەتاوی