کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری: مامۆستایانی ئایینیی بەندکراو تێچووی ئازادیخوازی و پشتگرتنی خەڵکی خۆیانە دەیدەن

10:06 - 12 رێبەندان 2722

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە سەرکوت و گوشارە لەڕادەبەدەرەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر مامۆستایانی کوردستان، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.

دەقی بەیاننامەکە بەم شێوەیەیە:

ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ڕابردوودا و لە بەردەوامیی ڕەشبگیریی چالاکانی سیاسی و مەدەنی و پتر بە ئامانجی کپکردنی شۆڕشی ژینا و سەرکوتی ئاخێزی نوێ و بەربڵاوی کۆمەڵانی خەڵک بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، هەزاران کەسیان لە کوردستان دەسبەسەر کردووە کە دەیان کەس لەوان مامۆستایانی ئایینی لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستانن. بەشێکی زۆر لە مامۆستا دەسبەسەرکراوەکان لە بێدادگاکانی شۆڕش و هەروەها دادگاکانی تایبەت بە مامۆستایانی ئایینیدا پاش جەزرەبە و ئەشکەنجەدان، سزای لێدانی قامچی، زیندان، دوورخرانەوە و بێبەریکردن لە مافی مەلایەتییان بەسەردا سەپاوە کە لە ڕاستیدا تاوانی ئەوان تەنیا پشتگرتنی ڕاستییەکان و پشتیوانی لە ویست و داوا ڕەوا و بەرحەقەکانی خەڵکی کوردستان و ناڕەزایەتی‌دەربڕین بە سیاسەتەکانی ڕێژیم لە سەرکوت و داپڵۆسینی خەڵک بووە.

لەگەڵ شەپۆلی بەردەوامی ئەو گرتنانە، ڕۆژی یەکشەممە ٩ی ڕێبەندان، مامۆستا مەلا یۆسف محەممەدی، پێشنوێژی ئاوایی کەڵاتێ لە ناوچەی کەڵاتەرزانی سنە کە چەند ڕۆژ پێشتر خۆی و ماڵەکەیان ئاگر دابوو، بەهۆی سەختیی برینەکانی گیانی لەدەست دا.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران گرتن و حوکمدانی مامۆستایانی ئایینی و گوشاری ڕۆژلەگەڵ ڕۆژ زیاتری ناوەندە ئەمنییەتییەکان لەسەر توێژی مامۆستایانی ئایینیی کوردستان مەحکووم دەکات و ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بە بەرپرسیاری کوژرانی مامۆستا مەلا یۆسف و ئەو جینایەتە دەزانێت. مێژووی پتر لە چوار دەیە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بۆ هەمووانی سەلماندووە کە سیاسەتی گرتن و ئێعدام، قەڵتوبڕ و کوشتار و جینایەتە سیستماتیکەکانی ڕێژیم چۆکی بە ئیرادە و خەبات و مافخوازیی گەلی کورد دانەداوە و بەدڵنیاییەوە خەڵکی کوردستانیش ڕۆڵە خەباتگێڕەکان و مامۆستایانی ئایینیی بەندکراوی خۆیان کە لەسۆنگەی ئازادیخوازی، دەروەستی و داکۆکی لە مافی گەلەکەیانەوە گیراون و خراونەتە بەندیخانەوە، لەبیر ناکەن و وەک چۆن ئەو ڕۆڵە بەندکراوانەی نەتەوەکەمان لە ڕەوتی خەباتی مافخوازانەدا دەنگ و ئیرادەی خەڵک بوون و هەن، خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییەکان و کۆڕ و کۆمەڵەکانی مافی مرۆڤیش دەنگی ئەوان دەبن و وەک ئەرکێکی نیشتمانی و خەباتگێڕی بەهاواریانەوە دەچن.

ناوندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

١١ی ڕێبەندانی ۱٤۰۱