کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی سپای تێرۆریستی پاسداران لە ئورووپا

09:25 - 9 رەشەمه 2722

فەرماندەی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، هەڕەشەی وەشاندنی گورزێکی کاریگەر لە وڵاتانی ئورووپایی دەکات.

ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، حوسێن سەلامی، فەرماندەی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، بە ئاماژەدان بە گەمارۆوە ئابوورییەکانی یەکیەتیی ئورووپا دژی ئێران و بوونی دژبەرانی ئێران لە وڵاتانی ئورووپایی، وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران، توانای ئەوەی هەیە کە بوردی کەرەستە سەربازییەکانی بباتە سەرەوە و گورزێکی کاریگەر لە وڵاتانی ئورووپایی بووەشێنێت.

سەلامی لە درێژەی هەڕەشە تێرۆریستییەکانی لە وڵاتانی ئورووپایی، وتی: مانەوە و پارێزراوبوونی ئورووپا گرێدراوە بە نەوت و ئاسایشەوە و دەبێ ئاگادار بن کە بەرژەوەندییەکانیان نەکەوێتە مەترسییەوە.

ئەو هەڕەشەگەلەی فەرماندەی سپای ڕێژیم لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی باڵای یەکیەتیی ئورووپا بەهۆی داواکاریی پارلمانی ئورووپاوە بیر لە چۆنیەتیی خستنی سپای پاسدارانی ڕێژیم بۆ نێو لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان دەکەنەوە.

شایانی باسە کە یەکیەتیی ئورووپا لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا  بەهۆی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و سەرکوتی گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران، لە پێنج بەستەدا گەمارۆیان خستووەتە سەر بەرپرسان و ڕێکخراوەکانی ڕێژیمی ئێران.