کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی ئورووپا لە گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران لە دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤ

09:53 - 9 رەشەمه 2722

وڵاتانی ئورووپایی لە پەنجا و دووەمین دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرەڕای پشتیوانیکردن لە گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران، سەرکوتکردنی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران لەلایەن ڕێژیمەوەیان بە توندی مەحکووم کرد.

ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، لە یەکەمین ڕۆژی دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، نوێنەرانی چەندین وڵاتی ئورووپایی بە ئاماژەدان بە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی دەسەڵات پاش قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە، لەسەر پشتیوانیکردن لە داواکارییەکانی گەلانی ئێران و کۆتاییهێنان بە سەرکوتی خەڵکی ناڕازیی ئێران لەلایەن ڕێژیمەوە، جەختیان کردەوە.

جەیمز کولۆرلی، وەزیری دەرەوەی بریتانیا لەو دانیشتنەدا بە ئاماژەدان بە قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە و هەروەها پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، وتی: "بریتانیا تا ئێستا چەندین گەمارۆی خستووەتە سەر بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و ئێمە پشتیوانی لە گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران دەکەین."

ئانالنا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئاڵمان، بە ئاماژەدان بە پێکهێنانی کۆمیتەی دەرخستنی ڕاستییەکان لەلایەن شۆرای مافی مرۆڤی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ دەرخستنی ڕاستییەکانی پێشێلکارییە مافی مرۆییەکان لە ئێران، وتی: "ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی دەسەڵات ڕووبەڕووی سەرکوتی بێڕەحمانەی دەسەڵات بووەتەوە و سەدان گەنج و ژن لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە کوژراون."

ناوبراو هەروەها ڕوو بە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران وتیشی: "ئێمە لە بیرتان ناکەین و بەردەوام پشتیوانی لە خەڵکی ئێران دەکەین."

ئانیکێن هویتفێڵد، وەزیری دەرەوەی نۆروێژ لەو دانیشتنەدا بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران و مەحکوومکردنی سەرکوت و کوشتنی گەلانی ئێران لەلایەن دەسەڵاتەوە، وتی: "ئێمە پشتیوانی لە مافی مرۆڤ دەکەین و لەسێدارەدانی دەسبەسەرکراوانی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لەلایەن دەسەڵاتەوە بە توندی مەحکووم دەکەین. دەبێ کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆتایی بە سزای لەسێدارەدان بێنێت."

لە درێژەی ئەو دانیشتنەدا "حاجا ئەلحەبیب"، وەزیری دەرەوەی بلژیک، بە ئاماژەدان بە قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە، وتی: "هەڵاواردنی ڕەگەزی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران لەوپەڕی خراپیدایە، دەبێ دەسەڵاتدارانی ئێران کۆتایی بە پێشێلکارییەکانیان بێنن."

لە کۆتاییدا کاترین کۆلۆنا، وەزیری دەرەوەی فەرانسە، بە ئاماژەدان بە سەرکوت و کوشتنی ژنانی ڕاپەڕیو و ناڕازیی گەلانی ئێران لەلایەن دەسەڵاتەوە و هەروەها بە ئاماژەدان بە بوێریی ژنان لە ئێران، وتی: "فەرانسە هاوڕێ لەگەڵ هاوپەیمانە نێونەتەوەییەکانی بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران و سەپاندنی گەمارۆ بەسەر ئەو ڕێژیمەدا."

جێگەی ئاماژەیە کە هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمەڵێک لە کوردستانییان و ئێرانییانی دانیشتووی وڵاتانی ئورووپایی. لە ژێنێڤ و لە بەردەم بینای بەڕێوەچوونی ئەو دانیشتنەدا، کۆبوونەوەیەکەی ناڕەزایەتییان دژی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران بەڕێوە برد.

شۆرای مافی مرۆڤی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٤٧ وڵاتی ئەندام لەو شۆرایە پێک هاتووە و ساڵێک سێ جار لەهەمبەر پێشێلکارییە مرۆییەکان، هەڵاواردن، ئازادیی مەزهەب و ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینە گشتییەکان لە هەموو جیهان کۆ دەبێتەوە.