کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەرمەزارییەکی دیکە بۆ ڕێژیمی ئێران لە کۆبوونەوەی شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان

09:57 - 9 رەشەمه 2722

کۆبوونەوەی شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێنێڤ جارێکی تر شەرمەزارییەکی مێژوویی بۆ کۆماری ئیسلامی بە گشتی و بۆ دەزگای دیپلۆماسیی دەرەوەی ئەو ڕێژیمە بە تایبەتی، تۆمار کرد.

ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، لەگەڵ دەسپێکی قسەکانی ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێنێڤ، بەشێکی بەرچاو لە ئامادەبووانی کۆڕەکە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربرین و بێزاریی خۆیان لە دۆخی مافی مرۆڤی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، هۆڵەکەیان بەجێ هێشت.

ئەم چەشنە ناڕەزایەتییە لە کۆبوونەوەی شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هیچ وڵاتێک لە جیهان نەدیتراوە، بەڵام بۆ جارێکی تر و لە ئاستێکی دیکەدا، شەرمەزارییەکی دیکە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆمار کرا.

شایانی باسە کە "زاهیر قادرحاجی"، بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سویس، وەک نۆینەری حیزب لەم دانیشتنەدا بەشدار بوو.

ناوبراو پێش لە دەسپێکردنی قسەکانی حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لەگەڵ زۆربەی نۆینەرانی وڵاتانی دیکە سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران و بەتایبەتی سەرکوتی بێڕەحمانەی پێنج مانگی ڕابردووی گەلانی ئێران لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە، بیروڕایان گۆڕیبووەوە و ئەوانیش بەڵێنیی چوونە دەرەوە لە کۆبوونەوەکەیان دابوو.