کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی پۆلیسی نۆروێژ بە ئێرانییەکانی نیشتەجێی ئەو وڵاتە

12:29 - 9 رەشەمه 2722

پۆلیسی ئەمنییەتیی نۆروێژ هوشداریی بە ئێرانییانی نیشتەجێی ئەو وڵاتە دا کە ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە هەوڵی هەککردنی مۆبایل و کامپیۆتێرەکانیاندایە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە پۆلیسی نۆروێژ بۆ کاناڵی فەرمیی وڵاتی نۆروێژ (NRK) ناردوویەتی، ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران جیا لەو هەوڵە سایبێرییە، گوشاری بۆ سەر ئەو بنەماڵە ئێرانییانە هێناوە کە لە وڵاتی نۆروێژ نیشتەجێن.

پۆلیسی ئەمنییەتیی نۆروێژ لە هەڵسەنگاندنی نوێی هەڕەشەکان بۆ سەر ئەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠٢٣دا، بە شێوەیەکی گشتی ئەم بابەتەی ڕوون کردووەتەوە.

هانا بلومبێرگ، بەرپرسی دژە سیخوڕیی پۆلیسی ئەمنییەتیی نۆروێژ لە وتووێژێک لەگەڵ کاناڵیNRK دا وتی: "ئێمە لە وڵاتی نۆروێژ بۆمان دەرکەوتووە کە ڕێژیمی ئێران تا ڕادیەکی زۆر سیستمی سایبێری بۆ چاودێریکردن بەسەر دژبەرانی خۆی و چالاکییەکانیان بەکار دێنێت".

پۆلیسی نۆروێژ ئاماژەی بەوە دا کە ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران بۆ هەککردنی ئێرانییەکانی دانیشتووی وڵاتی نۆروێژ، لە ڕێگەی کورتەنامەوە بەرنامەی زیانبەخش دەخاتە سەر مۆبایلەکانیان و لە ڕێگەی ئیمەیلەوە بەرنامەی زیانبەخش دەنێرێتە سەر کامپۆتێرەکانیان.

بلۆمبێرگ لە درێژەی وتووێژەکەیدا ئاماژەی بەوەش دا: "لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕێژیمی ئێران بە شێوەیەکی بەربڵاو لە وڵاتانی ئورووپایی هەوڵی کوشتن و ڕفاندنی ئەو کەسانەی داوە کە دژی ڕێژیمی ئێرانن.''