کەریم پەرویزی
ژیان له كۆمه‌لگادا گه‌ر ڕێوشوێن و دابونه‌ریتێكی نه‌بێ، ئیمكانی درێژه‌دانی نییه. به‌و مانایه كه كۆبوونه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان به ده‌وری یه‌ک و له‌نێو یه‌ک گرووپدا جا خێڵ بێ یان گوند یان شار یا نه‌ته‌وه‌یه‌ک، له جه‌وهه‌ری خۆیدا پێویستی به بنه‌مایه‌كی ڕێسایی هه‌یه كه مرۆڤه‌كان پێبه‌ند و پێڕه‌وه‌ی ئه‌و ڕێسایه بن تاكوو درێژه‌دان به ئه‌ندامبوونیان له‌و كۆمه‌ڵگایه‌دا مه‌ودای هه‌بێ.
له گرووپه كۆنه‌كانی سه‌رده‌می ژیانی ئه‌شكه‌وته‌وه بیگره تاكوو ژیانی ئێستا له شاره مێترۆپۆله چه‌ندین میلیۆنییه‌كاندا، هه‌ندێ پره‌نسیپ و بنه‌ما هه‌بوون و هه‌ن كه ئیمكانی درێژه‌دانی ژیانی پێكه‌وەیی ده‌ڕه‌خسێنێ و به نه‌مانی ئه‌و پره‌نسیپانه یان ده‌بێ پره‌نسیپی دیكه جێی بگرێته‌وه كه ئه‌وه زۆر ئه‌سته‌م و درێژخایه‌نه یان ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه و ده‌بێته ئه‌و شه‌ڕی هه‌مووان دژی هه‌مووانه كه تۆماس هابز باسی ده‌كا.
پره‌نسیپ یان بنه‌ما ڕێساییه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵگا له هه‌ر كۆمه‌ڵ و گرووپێک بۆ كۆمه‌ڵی دیكه جیاوازه و به‌گشتی ناوی ئه‌خلاقی كۆمه‌ڵایه‌تیی لێ نراوه كه تاكه‌كان پێبه‌ندی ده‌بن و كۆمه‌ڵگای پێ دروست ده‌بێ. به نه‌مانی ئه‌و ئه‌خلاقه كۆمه‌ڵایه‌تییه كه بنه‌مای ناسینه‌وه‌ی هه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی مرۆڤ به ده‌وری یه‌كه‌وه‌یه، ئیدی شتێک به ناوی كۆ نامێنێ و مانه‌وه‌یان به ده‌وری یه‌ک یان به زۆره‌ملێیه یان بۆ كه‌ڵكی نابه‌جێ وه‌رگرتنی باندێكی مافیایی یان بۆ خه‌یانه‌ت لێككردن!
له كۆمه‌ڵگای ئێران‌دا كه ساڵانێك له‌ژێر ته‌وژمی بیركردنه‌وه و ده‌سه‌ڵاتداریی ملهوڕانه‌ی حاكمدایه كه ئیدئۆلۆژییه‌كی دواكه‌وتوویشی هه‌یه و به زۆره‌ملێ ده‌یه‌وێ كرداری مرۆڤه‌كان و كۆمه‌ڵگا ده‌سكاری بكا، بنه‌ماكانی ئه‌خلاق داڕووخاوه و ڕێژ‌یمی حاكمیش هه‌رچی زیاتر یارمه‌تیده‌ری داڕووخانی ئه‌خلاق ده‌بێ.
له هه‌ر وڵاتێكدا زیندان هه‌یه تاكوو ئه‌وانه‌ی كاری دژی یاساكانی كۆمه‌ڵگا ده‌كه‌ن له‌وێدا ملكه‌چی یاسا بكرێنه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له ئێران‌دا هه‌یه، كاره‌ساتێكی به‌ته‌واو مانایه.
له ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی ویلایه‌تی فه‌قیهیدا هیچ زانیارییه‌كی دروست بڵاو ناكرێته‌وه و زانیاریی ورد و ده‌قیقی له هیچ بوارێكدا نییه و هه‌موو زانیارییه‌كان به پێچه‌وانه و به چه‌واشه‌كراوی بڵا ده‌كه‌نه‌وه. به‌ڵام هه‌ر به پێی وته‌كانی خودی به‌رپرسانی ڕێژیم گه‌ر له زانیارییه‌كان ورد ده‌بیته‌وه، گۆشه‌یه‌ك له‌و كاره‌ساتانه‌ی له‌م وڵاته‌دا ڕوو ده‌ده‌ن، ده‌ر ده‌كه‌وێ.
ساڵی ١٣٩٩، ئه‌سغه‌ر جه‌هانگیری، سه‌رۆكی پێشووی سازمانی زیندانه‌كانی ئێران ڕایگه‌یاند كه له ساڵی ١٣٩٣دا ٥٤٧ هه‌زار كه‌س خراونه‌ته زیندان له ئێران‌دا. ناوبراو ڕایگه‌یاند كه‌و له‌و ساڵه‌دا واته ١٣٩٩، ٤٨٠هه‌زار كه‌س چوونه‌ته زیندان كه به قسه‌ی ئه‌و ژماره‌ی زیندانییه‌كان ١٢% كه‌می كردووه كه دیاره هی ساڵی لووتكه‌ی كۆرۆنایه!
ئه‌م قسه‌یه‌ی ئه‌وكاتی ناوبراو كه هی دوو ساڵ له‌مه‌و پێشه، هه‌ندێ زانیاریی تێدا هه‌یه كه گه‌ر له‌گه‌ڵ قسه‌ی به‌رپرسانی دیكه‌دا ده‌یانخه‌یته پاڵ یه‌ک، دیوه كاره‌ساتباره‌كان زیاتر ده‌ر ده‌كه‌ون.
ڕاپۆرتی بڵاوکراوی ڕۆژنامه‌ی "همدلی" له ساڵی ١٤٠٠، ده‌ڵێ كه ته‌قی رۆستەم وندی ، سه‌رۆكی ڕێكخراوی كاره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له ساڵی ١٣٩٨ ڕایگه‌یاندوه كه ٢٤٠هه‌زار زیندانی له ئێران هه‌ن و به‌و پێیه ئێران مه‌قامی نۆهه‌می له جیهاندا له‌باری ژماره‌ی زیندانییه‌وه هه‌یه!
هه‌ر له‌و ڕاپۆرته‌دا، قسه‌ی سەیدحەسن موسەوی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی مه‌ده‌دكاری دێنێته‌وە كه ده‌ڵێ هه‌ر كاتژمێرێک له ئێران‌دا ٥٠ كه‌س ده‌كه‌ونه زیندان!
ئه‌و قسه‌یه‌ی مووسه‌ویش هی ساڵی ١٣٩٨ه و به‌پێی قسه‌كه‌ی مووسه‌وی ساڵێک ٣٦٥ ڕۆژ و ڕۆژێ ٢٤ كاتژمێر و له هه‌ر كاتژمێرێكیش ٥٠ كه‌س بخرێنه زیندان یانی له ساڵدا زیاتر له ٤٨٠هه‌زار كه‌س ده‌خرێنه زیندان!
هه‌ر خودی ئه‌سغه‌ر جه‌هانگیری له‌وكاته‌دا كه باسی له‌وه كردبوو كه له ساڵی ١٣٩٩دا، ٤٨٠ هه‌زار كه‌س كه‌وتوونه زیندان، وتی كه له‌و زیندانییانه ٣٦% هی تاوانی مادده‌ی سڕكه‌رن و ٣٠%یش هی تاوانی دزی.
له ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامه‌ی ئافتابیشدا له ساڵی ١٤٠٠ هاتبوو كه به پێی وته‌ی به‌رپرسانی هێزی ئینتزامیی ڕێژیم، ئامار دزی له ماوه‌ی پێنج ساڵدا نزیک به پێنج به‌رابه‌ر بووه و له ساڵی ١٤٠٠ گه‌یشتۆته یه‌ک میلیۆن و دووسه‌د هه‌زار ژماره دزی و له‌و ژماره‌یه زیاتر له نیوه‌یان ئه‌وانه‌ن كه بۆ یه‌كه‌م جاره كه دزی ده‌كه‌ن!
به‌پێی وته‌ی یه‌كێک له ئه‌ندامانی كۆمیسیۆنی ئه‌منییه‌تی مه‌جلیس، ڕێژه‌ی دزی له ئێران‌دا پێوه‌ندیی به گرانی و هه‌ڵاوسانه‌وه هه‌یه! هه‌ر به لێكدانه‌وه‌ی ساده‌ی ئه‌م ئامارانه‌ی خودی به‌رپرسانی ڕێژیم، له ئێستادا له ساڵی ١٤٠١ كه هه‌ڵاوسانی ئابووری نرخی مردنی له ژیان هه‌رزانتر كردووه و له‌و گرانی و بێكارییه به‌ربڵاوه‌دا كه هیچ ده‌ست ناكه‌وێ بۆ ژیان، به دڵنیاییه‌وه ئاماره‌كانی تاوانی دزی و ماددەی سڕكه‌ر له‌وه زۆر زیاتر بوون و هه‌ر به‌پێی خودی قسه‌ی به‌رپرسانی ڕێژیمیش بێ كه ساڵانه نزیك به ١٠% ئاماری زیندانی زۆرتر بووه، یانی ده‌بێ له ئێران‌دا ئێستا نزیک به ٧٠٠ هه‌زار كه‌س زیندانی هه‌بێ كه له‌و نێوه‌دا نزیك به ٣٠%یان هی تاوانی دزی و ٣٥%یش هی تاوانی مادده‌ی سڕكه‌ر بن. ئه‌ڵبه‌ت قاچاخی گه‌وره‌ی مادده‌ی سڕكه‌ر وه‌كوو تاوان چاوی لێ ناكرێ و ئه‌وانه‌ی كه ورده‌پان یان به بێ ئاگاداری هێزه‌كانی ڕێژیم خه‌ریكی فرۆشتن و كڕینی بوون ده‌سبه‌سه‌ر كراون.
له‌م ورده‌كارییانه‌دا كه باسمان كرد، ده‌ر ده‌كه‌وێ كه لانیكه‌م ساڵانه زیاتر له ٢٠٠ هه‌زار كه‌س له ئێران‌دا به تاوانی دزی ده‌خرێنه زیندان، كه له ساڵی ١٤٠٠دا به‌پێی خودی قسه‌ی به‌رپرسی ڕێژیم یه‌ك میلیۆن و دووسه‌د هه‌زار دزی كراوه! واته شتێ نزیک به یه‌ک میلیۆن دزی بۆ هێزی ڕێژیم یان ڕوون نه‌بۆته‌وه! یان كه‌سیان ده‌سبه‌سه‌ر نه‌كردووه!
ئه‌م ئامارانه‌ی دۆخی دزی و ده‌سبه‌سه‌ركردن له ئێران‌دا بێنه به‌رچاو و له‌گه‌ڵ په‌روه‌نده‌ی دیكه هه‌ڵیسه‌نگێنه، كه به په‌روه‌نده‌ی فوولادی موباره‌كه ناسراوه!
به‌پێی ئه‌و په‌روه‌نده‌یه، كه ڕاپۆرتی كۆمیته‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی مه‌جلس داویه‌تی و له‌نێو به‌رپرسانی ڕێژیم‌دا هه‌رای نایه‌وه و هه‌ركامه‌یان خۆی لێ ده‌رباز ده‌كرد و ده‌یخسته ئه‌ستۆی كه‌سی دیكه، له كۆتاییشدا هیچكه‌س دادگایی نه‌كرا و هیچی دیكه‌ی لێ بڵاو نه‌بوویه‌وه. دیاره كه ئه‌و په‌روه‌نده‌یه‌ش وه‌كوو شته‌كانی دیكه به سپای پاسداران و له‌وێوه بۆ به‌یتی وه‌لیی فه‌قیهـ شۆڕ ده‌بێته‌وه، هه‌ر بۆیه كه‌س وه‌كوو تاوانبار ده‌ستنیشان ناكرێ و له كه‌س ناپرسرێته‌وه.
له په‌روه‌نده‌ی فوولادی موباره‌كه به پێی خودی ڕاپۆرته‌كه‌ی مه‌جلیس، ٩٢ هه‌زار میلیارد تمه‌ن له ساڵی ١٣٩٧ تا ١٤٠٠ نادیاره!
له ئێستادا كه دۆلار گه‌یشتۆته په‌نجا هه‌زار تمه‌ن گه‌ر ئه‌و گه‌نده‌ڵییه هه‌ر به پێی دۆلاری ئێستا حیساب بكه‌ین ده‌بێته شتێک نزیک به ٢ میلیارد دۆلار! گه‌ر به دۆلاری سالی ١٣٩٧یش حیسابی بكه‌ین ده‌بێته ١٠ میلیارد دۆلار!
واته له ساڵی ١٣٩٧ تا ١٤٠٠ ته‌نیا له كارخانه‌ی فوولادی ئیسفه‌هان ١٠ میلیارد دۆلار گه‌نده‌ڵی كراوه و پاره دزراوه و نه ئه‌و كات كاریان به كه‌س بووه و نه ئێسته‌ش كه ڕاپۆرته‌كەی بڵاو بۆته‌وه له كه‌س ده‌پرسنه‌وه!
ته‌نیا یه‌ك په‌روه‌نده، ١٠ میلیارد دۆلار دزیی تێدا كراوه! كه‌سیش ده‌سبه‌سه‌ر ناكرێ! ساڵانه بۆ دزی ورده‌واڵه له ئێران‌دا ٢٠٠ هه‌زار كه‌س ده‌سبه‌سه‌ر ده‌كرێ!
ئه‌مه ئه‌و ئه‌خلاقه‌یه كه وه‌لیی فه‌قیهـ خه‌ریكه له ئێران‌دا دایده‌ڕێژێ و به‌ڕێوه‌ی ده‌با. كه ته‌نیا له باره‌ی دزی و پاره‌شه‌وه نییه، به‌ڵكوو له زۆر بواری دیكه‌دا هه‌مان ئه‌خلاقی ویلایه‌تی فه‌قیهی ڕه‌چاو ده‌كرێ. بۆ وێنه، ڕۆژنامه‌ی ئێعتماد له ڕاپۆرتێكی ١٣ی ڕێبه‌ندانی ١٤٠١، واته كه‌متر له مانگێك له‌مه‌وپێش باسی له كوشتنی ژنان له ئێران كردبوو كه به تاوانی یا به تۆمه‌تی نامووسی ده‌كوژرێن.
له‌و ڕاپۆرتدا هاتووه كه له ماوه‌ی دوو حه‌وتووی ڕابردووی پێش له‌و ڕاپۆرته ٥ كه‌س به ده‌ستی كه‌سوكاریان به تۆمه‌تی نامووسی كوژراون.
دیارده‌ی ژنكوشتن، دیارده‌یه‌كی دزێو و قیزه‌ونه كه له تاریكترین دیوه‌خانه‌كانی ده‌روونی كۆمه‌ڵگایه‌كی نه‌خۆش و تاكێكی سه‌رلێشێواو و مێشك ڕزیوه‌وه سه‌ر هه‌ڵ ده‌دا. هه‌رچه‌ند زۆر ده‌ستی دیار و نادیار دیانه‌وێ دیارده‌ی ژن كوشتن ته‌نیا بۆ كوردستان بگێڕنه‌وه به‌ڵام ئه‌و دیارده دزێوه له زۆربه‌ی شوێنه‌كانی ئێران‌دا هه‌یه و به‌پێی ئه‌و ڕاپۆرته‌ش دزێوترینیان له تاران ڕوو ده‌ده‌ن.
به‌ڵام ئه‌سڵی قسه‌كه له‌و بنج و بناوانه‌ی ڕاپۆرته‌كاندا ده‌ر ده‌كه‌وێ كه ده‌مانه‌وێ ئاماژه‌ی پێ بده‌ین:
له‌و ڕاپۆرته‌دا باس له ژنێ به‌ناوی ئه‌فسانه ده‌كا كه له تاران به ده‌ستی براكه‌ی و به ئاگاداریی دایكی ده‌كوژرێ. برای ژنه‌كه به ناوی ئه‌میر كه بۆ گاڵته‌ی ڕۆژگار مامۆستای زانكۆشه له تاران! ده‌ڵێ كه خوشكه‌كه‌ی مێردی نه‌كردبوو و ئازاد ده‌گه‌ڕا و هه‌ڵسوكه‌وتی بێزاری كردبووین! به‌ته‌نیا كاری له كۆمپانیا ده‌كرد و له‌گه‌ڵ دۆستانی ده‌چوو بۆ میوانی و ئێمه‌ش ئابڕوومان بۆ نه‌مابوو! بۆیه ڕۆژێك له ماڵدا كوشتوویه و له‌شی خوشكه‌كه‌ی خستۆته نێو ماشێن و بردوویه له شوێنێك فرێی داوه! تراژێدیه‌كه له‌و كاته قووڵتر دەبێته‌وه كه ئه‌میری برای ئه‌فسانه دادگایی ده‌كه‌ن و دایكیان كه ته‌نیا ''و‌لی ده‌م'' به پێی شه‌رعی ویلایه‌تی فه‌قیهـ بووه، ڕه‌زایه‌ت ده‌دا و سكاڵای له كوڕه‌كه‌ی نییه! دادگاش حوكمی ٣ ساڵ و نیو زیندان بۆ به‌ڕێز مامۆستای زانكۆ له تاران ده‌ر ده‌كا!
ئه‌م حوكمه ئه‌و كاته ڕوونتر و ڕاده‌ی ئه‌خلاقی و مرۆییبوونی ده‌ر ده‌كه‌وێ كه وه‌بیر بێنینه‌وه كه هه‌ر له‌م ماوه‌ی ڕابردوودا كچ و كوڕێک ڤیدیۆیه‌كی چه‌ند سانییەیی له ڕەقسی خۆیان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاو كرده‌وه، و حوكمی بیست ساڵ زیندانیان به سه‌ردا سه‌پێنرا!
ئه‌مانه ته‌نیا چه‌ن ورده نموونه له‌و ئه‌خلاقه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ن كه خه‌ریكه وێران ده‌كرێ و هه‌ر هه‌مووی له‌ژێر سێبه‌ری ڕه‌شی بیری ڕزیوی ویلایه‌تی فه‌قیهی به‌سه‌ر مرۆڤه‌كان له كۆمه‌ڵگای ئێران‌دا ده‌سه‌پێنرێ. بۆیه هه‌موو بیرمه‌ندان و ئه‌وانه‌ی له پرسه‌كان تێده‌گه‌ن ده‌ڵێن كه شۆڕشی ژینا، ته‌نیا له ئاستی ناڕه‌زایه‌تییه‌ک و ته‌نانه‌ت ڕاپه‌رینێكی سیاسی‌دا نامێنێته‌وه و له‌م كۆمه‌ڵگا كه به‌ره‌و لێواری ڕووخانی كۆمه‌ڵایه‌تی براوه، شۆڕشی ژیان ده‌بێ ببێته شۆڕشێكی بناخه‌داری كۆمه‌ڵایه‌تی كه ژیان له كۆمه‌ڵگای فره‌نه‌ته‌وه‌ی ئێران‌دا به‌جۆرێكی دیكه داڕێژێته‌وه كه تێیدا ئاسوده‌یی و كه‌رامه‌تی مرۆڤ بنه‌ما بێ، نه‌ک بیری ڕزیو و دواكه‌وتوویی!