ناسر ساڵحی‌ئەسڵ
له پێناسه‌کردنی خه‌باتی ڕزگاریخوازانه‌ی نەتەوەی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا هەمێشە ئاماژە به فره‌ڕه‌هه‌ندیی ئەو خەباتە کراوه، که بێگومان یه‌کێک له ڕه‌هه‌نده هه‌ره‌گرینگ و کاریگه‌ره‌کانی، ڕه‌هه‌ندی ڕووناک‌بیری و ڕۆشنگه‌رانه‌ی خەباتی ڕزگاریخوازانەیە، که ده‌که‌وێته سه‌رشانی توێژێ بژارده و ئێ‌لیتی مامۆستایان.
چونكە توێژی مامۆستای کورد، هه‌م وه‌کوو ڕووناکبیر و ڕۆشنگەر و هه‌م وه‌کوو هۆکاری تێڕامان، ئه‌و ڕاستییه ڕوون دەكاتەوە که هه‌موو چالاکییه‌کانی شێوه‌یه‌کی بیرکردنه‌وه‌ی ڕووناكبیرانە و ڕۆشنگەرانە له‌خۆ ده‌گرێت.
بە له‌به‌رچاوگرتنی ڕۆڵ و ئەركی ڕووناکبیرانه و ڕۆشنگەرانەی مامۆستایانی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، لە قۆناغێکی نوێی خه‌باتی ڕزگاریخوازانەی گەلانی ئێران له شكڵ و شێوەی ڕاپەرین و شۆڕشی ژینادا، ئه‌و ئه‌رک و ڕۆڵە بەرپرسیارانە ده‌کروێته سه‌رشانی مامۆستایان. مامۆستای كورد ده‌بێ لە گەڵ بابەتە دەرسییەكان كە وەك وانە دەیڵێتەوە، چالاکانه و بەرپرسانە وانەی بیری كوردایەتی و نیشتمانپەروەری و ئەو ئامانجە نەتەوەییانەی كە دەیان ساڵە گەلی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بۆی تێدەكۆشێ و لەپێناویدا خوێنی بۆ داوە، لە زانكۆ و قوتابخانەدا بڵێتەوە.
واتای کرده‌وه‌ی ڕووناکبیرانه و ڕۆشنگەرانەی مامۆستا ئه‌وه‌یه که قوتابخانه و زانكۆ بکاته شوێنی خەباتی سیاسی و نەتەوەیەتی که به‌رده‌وام مل ده‌به‌ر ململانێیەکانی سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاتە سەرەڕۆکەی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی ده‌نێت. واتا مامۆستا له ناوەندە پەروەردەییەكاندا كردەوە و کارێک ئه‌نجام ده‌دات که هێندێک بانتره له ڕاگواستنی کۆمه‌ڵێک زانیاریی زانستی و وانەیە بۆ نێو مێشکی قوتابییان و خوێندكاران.
مامۆستای ڕووناکبیر و ڕۆشنگەر، زانكۆ و قوتابخانه لە پۆلی وانەكان ده‌کاته شوێنێک بۆ وانەكانی مافی نەتەوایەتی و ئازادی و دێموكراسی و زانست، بۆ خوێندكار و قوتابی وریا و چاوكراوە. چونكە زانكۆ و قوتابخانه شوێنێکی بێلایه‌ن نییه، که‌وابوو مامۆستاش ناکرێ بێلایه‌ن بێ و نابێ له‌هه‌مبه‌ر ویست و داخوازییە ڕەواكانی نەتەوەی كورد بێده‌نگ بێت.
له وڵاتێکی ئاسێمیلەکراو و داگیرکراوی وه‌کو ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا، نابێ ڕۆڵی ڕاهێنانی مامۆستا هه‌ر له فێرکردنی کۆمه‌ڵێک کاری کرده‌کی و وانەی پۆلەكان به‌رته‌سک بکرێته‌وه، بەڵكوو دەبێ بۆ گه‌شه‌سه‌ندن و په‌ره‌گرتنی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دێموكرات و سیكۆلار و فیدراڵ كە پێویستییه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گره بۆ داهاتووی ئێران بە كردەیی هەوڵ بدات. که‌وابوو پێویسته هه‌م بابه‌تی ڕاهێنان لە زانكۆ و قوتابخانە سیاسی‌تر بکرێت، هه‌م بابه‌تی سیاسیش زیاتر بخرێته بواری ڕاهێنانه‌وه.
دیاره مه‌به‌ست له سیاسی‌کردنی بابه‌تی ڕاهێنان، هۆکارهێنانه‌وه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی که ڕاهێنانی زانكۆ و قوتابخانه، خۆی خه‌باتێکه هه‌م بۆ شه‌رحی واتا و هه‌م بۆ پێوه‌ندییه‌کانی ده‌سه‌ڵات. ئه‌م خه‌باته شۆڕشگێڕانە و ڕه‌خنه‌گرانه‌یه، یه‌کێک له‌و ڕه‌هه‌ندانه‌یه که له ڕاپەرین و شۆڕشی ژینادا ده‌کرێ ئامانجێک بێ بۆ ئه‌وه‌ی یاریده‌ی خوێندكار و قوتابی بدات، تا بە باوه‌ڕێکی قووڵ و نه‌پساوه سه‌باره‌ت به خه‌باتی ڕەوای نیشتمانی و نەتەوایەتی، به‌تایبه‌ت به‌ربه‌ره‌کانێی شۆڕشگێڕانە و ڕه‌خنه‌گرانه له نایه‌کسانیی مافە سیاسی و ئابووریی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگییه‌کان لە ئێراندایە.
که‌وابوو وانه‌گوتنه‌وه، هه‌م بابه‌تێکی سیاسییه و هه‌م کرده‌وه‌یه‌کی ڕووناک‌بیری و ڕۆشنگەرییە، چونکه کرده‌وه‌ی فێرکاریی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی زانستی، کۆمه‌ڵێک ده‌رفه‌ت بۆ به‌رهه‌مهێنان و لێکدانه‌وه و له‌کارهێنان ده‌ڕه‌خسێنێت.
یه‌کێک له ڕه‌هه‌نده هه‌ره گرینگه‌کانی شۆڕشی ژینا و میژوویی خەباتی سیاسیی هاوچەرخی گه‌لی کورد له چوارچێوه‌ی ئێران‌دا، هه‌وڵدانه بۆ به‌دیهێنانی دیمۆکراسی و مافە نەتەوایەتییەكان. جۆن دیویی، فیلسووفی پراگماتیکی ئه‌مریکایی ده‌ڵێ: ''دیمۆکراسی ئه‌و بایه‌خه‌یه، که ڕه‌وایی به سه‌رله‌به‌ری بایه‌خه‌کانی دیکه ده‌به‌خشێت.'' له‌م ڕوانگه‌یه‌وه ئه‌وه‌ی که ده‌بێته هۆی په‌ره‌سه‌ندنی دیمۆکراسی، بایه‌خ و باوه‌ڕه دیمۆکراتیکه‌کانن و مامۆستا ده‌توانێت سه‌رچاوه‌ی ئه‌و بایه‌خ و باوه‌ڕانه بێت، که خوێندكار و قوتابی ئاماده ده‌که‌ن بۆ له‌خۆبردوویی شۆڕشگیرانە و پشتگوێخستنی به‌رژوه‌ندیی تاكەکه‌سی، بۆ ئه‌وه‌ی له‌پێناو خۆشه‌ویستیی نیشتماندا کار و تێكۆشانی بە كردەوە بکه‌ن. ئه‌و بایه‌خانه‌ی که مامۆستای ڕووناکبیر و ڕۆشنگەر به ساده‌ترین شێوه ده‌توانێت بیانکاته پرده‌بازی په‌ڕێنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه به‌ره‌و سیستەمێكی ئازاد و دیمۆکراتیك.
هەر بۆیە ڕۆڵ و ئەركی مامۆستای كورد له شۆڕشی ژینادا، هه‌م وه‌کو مامۆستا و هه‌م وه‌کو ڕووناکبیر و ڕۆشنگەر، کاریگه‌رییه‌کی قووڵی له‌سه‌ر تاك و كۆی كۆمەڵگا دەبێت. ئه‌و کاریگه‌رییه به‌هۆی ئه‌وه بووه که مامۆستای كورد لە ڕابردوو و ئیستادا له بیچمگرتن و پته‌وبوونی بیری نیشتمانی و نەتەوەیی ڕۆڵی گرینگی گیڕاوه. چونکه ڕۆڵی ڕووناک‌بیری و ڕۆشنگەریی مامۆستا، ڕۆڵێکی تایبه‌ته، که هه‌وڵ ده‌دات کاره‌که‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رپرسیاره‌تییه‌کی مرۆڤانه بێت له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و شوێن و کاته‌دا که تێیدا ده‌ژێت. هه‌ربۆیه به‌پێی شوێن و کاتی ژیانی ئه‌مڕۆی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا پێویسته مامۆستای كورد جارێکی دیکه ئه‌و دۆخ و به‌ربه‌ستانه بۆ تاك و كۆی کۆمه‌ڵگه‌که‌ی ڕوون بکاته‌وه، که هۆکاری دواکه‌وتنی وه‌دیهاتنی ئامانجه پیرۆز و دێرینه‌کانی خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تیی گه‌لی کورد بوون.
مامۆستایانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌توانن بۆ خستنه‌جێی فەرهەنگی ڕاپەرینی شۆڕشی ژینا، زانكۆ و قوتابخانەكان بکەنە شوێنی ڕاپەرین و شۆڕش تا هەم کاریگه‌ریی ئەرێنی له‌سه‌ر ململانێی سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات و ئه‌منییه‌ت هەبێ و هەم هۆكار بێ بۆ قووڵكردنەوە و بەرینكردنەوە قەڵشی كۆمەڵایەتی لە نێوان خەڵك و دەسەڵاتی سەرەڕۆی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی.
كەوابوو بەو پێناسە و ڕاڤەكردنەی ناسناوی ڕووناکبیر و ڕۆشنگەر، له قۆناغی ئێستای ڕاپەرین و شۆڕشی ژینا و خه‌باتی رەوای ڕزگاریخوازانەی گه‌له‌که‌مان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا کاڵایه‌کی پڕ به باڵای مامۆستایانی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانە. چونکه مامۆستایە خوێندكار و قوتابیی کورد به چه‌شنێک ڕادێنێت و په‌روه‌رده‌ی ده‌کات که مرۆڤێکی مافخواز، ڕه‌خنه‌گر و چالاک بێت، ئه‌مه‌ش تایبه‌تمه‌ندیی ڕووناکبیریی و ڕۆشنگەرییە.