کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥٤ وڵات لەسێدارەدانی خۆپیشاندەرانیان لە ئێران مەحکووم کرد

00:03 - 10 رەشەمه 2722

٥٤ وڵاتی جیهان بڕیارنامەیەکیان لە شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێنێڤ واژۆ کرد و لەسێدارەدانی خۆپیشاندەرانیان لە ئێران مەحکووم کرد.

لە دیداری سەرلەبەیانیی ئەمڕۆدا، جێگری وەزیری دەرەوەی کاستاریکا بەیاننامەی هاوبەشی ٥٤ وڵاتی خوێندەوە کە دەرکردن و جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان بۆ خۆپیشاندەران لە ئێران مەحکووم دەکات و تێیدا هاتووە: "لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لە ئێران دەیان بەشداربووی خۆپیشاندانەکانی دوای کوشتنی ژینا ئەمینی، حوکمی لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە یان خەریکە حوکمی لەو جۆرەیان بۆ دەربکرێت."

وڵاتانی واژۆکەر وتوویانە کە لەبارەی "ناوەڕۆکی تاوانەکان"، "خێرایی دادگاییکردن"، "نەبوونی شەفافییەت"، "ڕاپۆرتە باوەڕپێکراوەکان سەبارەت بە دەستپێڕانەگەیشتن بە پارێزەرێکی هەڵبژێردراو" و "ئەشکەنجەدان یان هەڵسوکەوتی نامرۆڤانەی دیکە"، بە قووڵی نیگەرانن.

ئەم بەیاننامەیە ئەوەی خستەوە بەرباس کە ئەو وڵاتانەی سزای لەسێدارەدانیان هەڵنەوەشاندووەتەوە، تەنیا دوای دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە و بەپێی ئەو گەرەنتییانەی لە پەیمانە نێودەوڵەتییەکاندا هاتووە، بۆ قێزەونترین تاوانەکان سزای لەسێدارەدان دەر بکەن.

واژۆکەرانی ئەو بەیاننامەیە لەسەر ئەوە جەختیان کردەوە کە "هیچ حکوومەتێک نابێ بۆ سزادانی ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکاندا بەشداری دەکەن لە سزای لەسێدارەدان و تۆقاندنی شارومەندان بە ئامانجی کەمکردنەوەی چالاکییەکانی دژبەرەکانیان کەڵک وەرگرێت."