کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی خەڵکی ئاودانان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بەردەوامە

11:16 - 15 رێبەندان 2722

لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، ١٢ کەس لە هاووڵاتییانی خەڵکی ئاودانان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، ڕۆژی هەینی ١٤ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، سێ کەس لە هاووڵاتییانی خەڵکی ئاودانان بە ناوەکانی عەلی بەرفی تەمەن ١٨ ساڵ، ساسان محەممەدوەلی تەمەن ٢٥ ساڵ و سارم خەیری تەمەن ٣٤ ساڵ، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

پێشتر و لە بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی ڕێبەنداندا، ٦ هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانان بە ناوەکانی عەلی سەفەر میروەیسی، عەبدوڵڵا جامی، محەممەد غوڵامی، محەممەد چراغی، ئەمیر حوسێن نامدارپوور، زەبیحوڵڵا جەمادی، سامان مورادی‌وەندان و هەروەها دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "چەم کەبوود" سەر بە شاری ئاودانان بە ناوەکانی مەجید میرزایی و موجتەبا سەعیدی، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا ١٢ کەس لە هاووڵاتییانی خەڵکی ئاودانان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون کە تا ئێستاش چارەنووسیان ناڕوونە.

شەوی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٢ی ڕێبەندان، خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام، بە شێوەیەکی بەربڵاو دژی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕژانەوە سەر شەقامەکان و زۆرێک لە شەقام و گەڕەکەکانیان خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە.