کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکپارچەیی هەرێمی یا مافی گه‌ل بۆ دیاریكردنی چاره‌نووس

22:55 - 15 رێبەندان 2722

کەریم پەرویزی

له‌ درێژه‌ی شۆڕشی ژینادا، پرسی پێكهاتنی به‌ره‌ یا هاوپه‌یمانی بۆ ڕێبه‌ریكردنی شۆڕشه‌كه‌ بۆته‌ یه‌كێك له‌ باسه‌ گرنگه‌كانی ڕۆژ و هه‌ر هێز و لایه‌نێك ڕوانگه‌ی خۆی بۆ ئه‌و پرسه‌ ده‌رده‌بڕێ. له‌و نێوه‌دا هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن دێن نه‌ك هه‌وڵی پێكه‌وه‌سازان و ڕۆنیشتنی هاوتا ناده‌ن، به‌ڵكوو مه‌رجی باڵاده‌ستانه‌ش داده‌نێن كه‌ بێتوو ملكه‌چی نه‌بن لێتان قبووڵ ناكه‌ین و له‌گه‌ڵ كه‌س شۆخیمان نیه‌! یه‌كێك له‌و مه‌رجه‌ سه‌یرانه‌ كه‌ بۆ هێزه‌كانی دیاری ده‌كه‌ن تا لوتفیان پێ بكه‌ن و دوای قبووڵكردنی ئه‌و مه‌رجه‌ بیاندوێنن، مه‌رجی یه‌كپارچه‌یی هه‌رێمی یان به‌قه‌ولی خۆیان "تمامیت ارضی"ی ئێرانه‌!

لە هەموو بەڵگە و پەیماننامە نێونەتەوەییەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و مافی گرووپ و نەتەوەکاندا بگەرێ، شتێک بە ناوی پاراستنی یەکپارچەیی وڵات یان خاک نابینیتەوە.

جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ کە سەرتاپا باسی مافی مرۆڤەکان دەکا و لە بەرانبەر دەستدرێژییەکانی دەوڵەتەکاندا دیفاع لە مرۆڤەکان و کۆمەڵگەکان دەکا و نەک باسی یەکپارچەیی هەرێمی و ئەو چەمکە شۆڤێنیستییە ناکا، بەڵکوو بەڕوونی باس لە مافی مرۆڤەکان بۆ هەڵبژاردنی شوێنی ژیان و تەنانەت لە خاڵی ٢٨ی جارنامەی جیهانیی مافی مرۆڤدا باس لە نەزم و یاسایەکی نێونەتەوەیی و کۆمەڵایەتی دەکا کە دەبێ بۆ پاراستنی مافی مرۆڤەکان پێک بێ و مافی مرۆڤ لە پێشەوەی سەروەریی دەوڵەتانەوە دادەنێ و ئه‌وله‌وییەت بە مرۆڤ دەدا نەک ئیرادەی دەوڵەتەکان.

پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و هەروەها پەیماننامەی مافە ئابووری و فەرهەنگییەکان و پرۆتۆکۆلە هاوپێچەکانیان، هەموویان باسی مافی مرۆڤەکان و گرووپەکان و گەلان دەکەن. لە ڕاستیدا ئەوەی کە لە فەلسەفەی ئەو پەیماننامە و جاڕنامانەدا دەبینرێ، بریتییە لە بایەخدان بە مرۆڤ، نەک بایەخدان بە ئیرادەی دەوڵەت و هەرێمی ژێردەسەڵاتەکەی. ئەگەر ئەو دەسەڵاتەش دژەئینسانی و دژی دێموکراسی بێ، ئەوە ئیتر ڕێگە بە نەزمی نێونەتەوەیی دەدا کە گوشاری بۆ بێنی تاکوو ڕەچاوی مافی تاکەکان و گرووپ و گەلانی ژیردەستی بکا.

تەنیا شوێنێک کە لە بەڵگە جیهانیەکاندا باس لە سەروەریی دەوڵەت و یەکپارچەیی هەرێمی دەکا، مەنشووری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە. لە خاڵی دووهەمی ئەو مەنشوورەدا کە پێکهاتەی UN باس دەکا و وڵاتانی ئەندامی ئەو ڕێکخراوە قبوڵیان کردووە هاتووە: هەموو ئەندامان لە پێوەندییە نێونەتەوەییەکانیاندا خۆیان دوور دەگرن لە بەکارهێنانی هەڕەشە یان زۆر بەدژی یەکپارچەیی هەرێمی یان سەربەخۆیی سیاسی هەر دەوڵەتێک، یان بەکارهێنانی هەر ڕێگەیەک کە لەگەڵ بنەماکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکاندا دژایەتیی هەبێ.

ئەم خاڵە سێ کۆڵەکەی سەرەکیی تێدا ڕوون و بەرچاوە:

یەکەم باس لە دەوڵەتانی ئەندام دەکا.

دووهەم باس لە پێوەندییە نێونەتەوەییەکان دەکا.

سێهەم، چەمکی یەکپارچەیی هەرێمیی لە پێوەندیی نێوان دەوڵەتاندا پێناسە کردووە. تا بەو شێوە سنووری دەسەڵاتی هەر دەوڵەتێکی پێ پێناسە بکا.

ئەوەی کە لە ئێران و لە بیرکردنەوەی شۆڤێنیستیدا جێی گرتوە و دەیانەوێ بیکەن بە هێژموونیی سیاسی و هزری لە نێو هەموو ئێراندا، ئەوەیە کە بە کەڵکی نابەجێ وەرگرتن لە دەستەواژەیەک کە بۆ دیاریکردنی سنووری نێوان دوو یان چەند دەوڵەت لە چارت و پێکهاتەی UN دا ئاماژەی پێ دراوە، بیرۆکەیەکی چەواشە دروست بکەن کە پیرۆزی بە سنوورەکان ببەخشێ و چەمکی "حفظ تمامیت ارضی ایران"یان لێ هەڵێنجاوە تاکوو هەموو گرووپ و نەتەوەکانی ئێران ملکەچی دەسەڵاتی ناوەندی بکەن. ئەوان لە ڕاستیدا بەو چەمکە چەواشەیە هەموو خاڵ و بەندەکانی جاڕنامە و پەیماننامە جیهانیەکان پووچەڵ دەکەنەوە و پێت دەڵێن کە تۆ دەبێ سوێند بخۆی کە واز لە مافی ڕوون و بێ گرێ‌وگٶڵی خۆت کە لە پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسیەکاندا هاتووە دێنی و سوێند بۆ دەسەڵاتی ناوەندی دەخۆی کە ملکەچی ئیرادەی نەتەوەی حاکم دەبی و واز لە ئیرادەی خۆت دێنی.

سەیرتر لە هەموو ئەوەی کە زۆربه‌ی گرووپە فارسەکانیش کە ئیدیعای دێموکرات بوون و پێبەندی بە جاڕنامە جیهانییەکانەوە دەکەن، ئەوانیش هەر باس لە چەمکی شۆڤێنیستیی پاراستنی یەکپارچەیی هەرێمی لە نێو نەتەوەکان و کۆمەڵگەی ئێراندا دەکەن و بە ناوی دێموکراسی و پێبەندبوون بە مافی مرۆڤیشەوە پێت دەفرۆشن و وایان لێ کردووە کە هەر حیزب و گروپێکی نەتەوە ستەملێکراوەکان کە سوێندی ئەو چەمکەیان بۆ نەخوا بە چاوی "تجزیە طلب" و ئامرازی دەست بیانی دەیناسێنن.

بۆ زیاتر سەلماندنی باسەکان دەتوانین ئاماژە بە هەڵوێستی وڵاتانی وەکوو بریتانیا و کانادا بدەین: هەم لە بریتانیا لە دوای هاتنەئارای چەمکی دیاریکردنی چارەنووسەوە ڕێگا بە سکاتلەند دراوە کە گشتپرسی بۆ چارەنووسی خۆی بکا و هەم لە کاناداش ڕێگەیان بە خەڵکی کێبێک داوە کە هەر کات ویستیان گشتپرسی بکەن و گەر حەزیان لێ بوو وڵاتی خۆیان دامەزرێنن. لە هیچ باسێکی سیاسیی نێو ئەو دوو وڵاتەشدا نەیانگوتوە کە گشتپرسی لە سکاتلەند یان کێبێک دژی "حفظ تمامیت ارضی"یە! ئایا بریتانیایی و کاناداییەکان بە ڕادەی فارسەکانی ئێران لە مافی مرۆڤ و مافی گەلان تێ نەگەیشتوون؟
گەر پاراستنی یەکپارچەیی هەرێمی ببێ بە بنەمای بیرکردنەوەمان، لە ئێرانی داهاتووشدا کە کۆماری ئسیلامی نەمابێ و دێموکراتیکیش بێ، ئەوکات گەر نەتەوەیەکی غەیرەفارس و غەیرەکورد ویستی دەوڵەتی خۆی دابمەزرێنێ، ئەوە دژی یەکپارچەیی هەرێمی ئێران دەبێ و ئەوکات کورد دەبێ یارمەتیدەر بێ تاکوو دەسەڵاتی ناوەندی بەسەر ئەو گەلەدا بسەپێ!

ئەوەی کە بیرکردنەوەی شۆڤێنیستی دەیکا، تەفسیری دڵخوازیەتی لە بەڵگە و پەیمان و دەسکەوتە جیهانییەکان کە ڕێک بەپێچەوانەی شۆڤێنیزیم بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ و گەلان لەدەست دەستدرێژیەکانی دەوڵەت هاتوونەتە ئاراوە.

چەمکی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی وڵات تەنیا دەکرێ لە بەرانبەر دەوڵەتانی دەیکەدا پێناسە بکرێ. وەکوو ئەوکاتەی کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند کە لە بەرانبەر هێرشی ڕژیمی ئێراقدا ئامادەیە دیفاع لە ئێرانێک بکا کە مافی کوردی تێدا پارێزراو بێ.

لە پێوەندیی سیاسی و هاوکاریی هێزەکانی سەر بە نەتەوە ستەملێکراوەکان و هێزە فارسەکاندا دیارە کە دەبێ هەندێ تاکتیک بگیرێتە بەر کە لایەنی بەرانبەریش پێی ڕازی بێ و ڕەنگە بە دڵی تۆ نەبێ بەڵام دڵی ئەوی پێ ڕابکێشی. بەڵام ئایا لایەنی فارس ئامادەیە بەڕوونی باس لە پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکان کە پەنجا ساڵە واژۆیان کردووە بکا و بەڕوونی بڵێ مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ نەتەوەکان و یەک لەوان کورد قبووڵ دەکا؟

لەکاتێکدا باوەڕمان وابێ کە ئێران لە چەند نەتەوەی جیاواز پێک هاتووە کە هیچیان سەرتر لەویتر نین، ئیتر پێکەوەژیان و پێکەوەبوونیشمان دەبێ بە ویست و حەزی خۆمان بێ و ئەوە دەوڵەتی هاوبەشە کە دەبێ ئەوەندە جەزابییەتی هەبێ کە هیچ کام لە نەتەوەکان حەزیان لە جیابوونەوە نەبێ، نەک نەتەوەکان سوێند بخۆن کە بە هەموو شێوەیەک ملکەچی ئیرادەی پاراستنی یەکپارچەیی هەرێمی دەبن.
کاتێک کە دەستەواژەیەکی شۆڤێنیستیمان قبووڵ کرد کە هەموو بنەما هزری و فەلسەفییەکانی بوون و مافەکانمان دەباتە ژێر پرسیار، ئیتر ئەوە تاکتیک نییە، بەڵکوو دەسبەردانەوە لە ئامانج و بڕواکانیشە.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٤٠ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.