هێزەکانی ڕێژیم لە نوێترین پیلانەکانیان دژی خەڵکی کوردستان، بنەماڵەی شەهیدانی ڕاپەڕین بانگ دەکەن و پێشنیاری پارەیان پێ دەدەن.
بەپێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی کە بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتووە، هێزەکانی ڕێژیم لە نوێترین پیلانیان دژی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی ڕاپەڕینی ژینا، بنەماڵەی ئەو شەهیدانە بانگ دەکەن و پێشنیاری پارەیان پێ دەدەن.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا فەرمانداری ڕێژیم لە مەهاباد بنەماڵەی شەهیدانی ڕاپەڕینی ژینای بانگ کردووە و پێشنیاری پارەی پێ داون و پێی وتوون: "ئەگەر ئەو پارەیە وەردەگرن، باشە، وەریناگرن ئێمە لەسەر ناوی ئێوە پارەکە بە نەخۆشخانە دەدەین و ئامیرە پێویستەکانی پێ دەکڕین."
فەرمانداری ڕێژیم لە مەهاباد هەروەها وتوویشیەتی: "ئێوەش وەکوو بنەماڵەی شەهیدان دەبێ بێنە سەر شاشەی تێلێڤیزیۆن و بڵێن کە بە خواستی خۆمان پارەی ئەو شەهیدانەمان داوە بە نەخۆشخانە."
ئەو بەرپرسەی ڕێژیم بۆ چەواشەکاری و سەرپۆشدانان لەسەر تاوانەکانیان بە بنەماڵەی ئەو شەهیدانەی وتووە: "ئەندامانی بنەماڵەی ئێوە لەلایەن هێزە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە شەهید کراون و دەوڵەت بایەخی تایبەت بە ئێوە دەدات."
شایانی باسە کە ڕێژیم لەو پیلانە نوێیەیدا دەیهەوێت خۆڵ لە چاوی بنەماڵەی شەهیدان بکات، بێ ئاگا لەوەیکە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان لە ڕێگەی ڕزگاریی نیشتمان و خەبات بۆ وەدەستهێنانی ئازادی و دێموکراسی خۆشەویستترین ئەندامانی بنەماڵەی خۆیان پێشکەش بە نیشتمان کردووە و بەو کارانەی ڕێژیم ئەو بنەماڵە سەربەرزانە فریو ناخۆن بەڵکوو سوورتر و پێداگرتر دەبن لەسەر دەستبەرکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کورد.