د. کوێستان گادانی
"کۆماری کوردستان" کە ٧٧ سال لەمەوبەر لەسەر دەستی حیزبی دێموکراتی کوردستان دامەزرا، لاپەرەیەکی پر لە شانازیی گەلێکە کە بەردەوام بۆ ڕزگاری نەتەوەیی خۆی هەوڵی داوە. دەسکەوتەکانی کۆمارەکەش بەری ڕەنج و هەروەها وەدیهاتنی ئاوات و ئامانجی چەندین پشتی خەباتگێڕانی نەتەوەکەمان بوو. ئەم کۆمارە لە ١١ مانگدا کە بۆ بنیاتنان و بەڕێوەبردنی کیانێکی سیاسی ماوەیەکی زۆر کەمە، هەندێک هەنگاوی بڕی و کۆمەڵە ڕچەشکێنییەکی کرد کە زۆربەی گۆڕانکارییەکانی دواتر لەسەر بنەمای ئەو هەنگاوانە ڕوویان دا. بەشدارکردنی خەڵک لە دیاریکردنی چارەنووسیان و کردنەوەی مەیدان بۆ تێکۆشانی سیاسی-کۆمەڵایەتی بەتایبەت بۆ ژنان یەک لەو ڕچەشکێنی و هەنگاوە بەنرخانەی کۆمارە.
ئەمساڵ لە کاتێکدا ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان ڕێزی لێ گیرا، کە ماوەی زیاتر لە چوار مانگە شۆڕشێکی گشتگیر و جەماوەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەموو بەشەکانی ئێرانی داگرتووە. ڕاپەڕینێک کە تەواوەتیی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی کردووەتە ئامانج و ڕێژیمیش بە پیشەی هەمیشەیی خۆی، واتە سەرکوتی خوێناوی، گرتن و بەندکردنی خەڵکانی ناڕازی، ئێعدامی ڕۆڵە پێشەنگەکان و بەردەوامی لە سیاسەتی شەڕخوازانەی بەرەوڕووی خەڵک بۆتەوە. ئەوەش هەم بووەتە هۆی کەوتنەسەریەکی قەیرانە کەڵەکەبووەکان و دروستبوونی هەلومەرجێکی ناسک و بە ئەگەری ڕوودانی پێشهاتە چاوەڕواننەکراوەکان. کۆی قەیرانەکانی ئێستای وڵات کۆماری ئیسلامیی تووشی بۆنبەستی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی کردووە؛ بۆیەشە بە پەنابردنە بەر چەک و سەرکوت و توندوتیژی لە نێوخۆی وڵات و قەیرانخوڵقێنی لە دەرەوەی سنوورەکانی دەیەوێ بەر بە ڕووخانی بگرێت و ئەوەندەی بۆی دەکرێ تەمەنی دەسەڵاتەکەی درێژ بکاتەوە.
دەڵێن بابەتێک کە بوو بە مێژوو، ئیدی تەواو دەبێت و نامێنێت، بەلام ئێمە دوای ٧٧ سال دەبینین پێچەوانەی ئەوەی لە مێژوودا نوختەی کۆتایی لەسەر دادەندرێ، کەچی کۆماری کوردستان بە نەمانی، دەستپێکی شۆڕشێکی نوێ و سەردەمیانەی دەست پێ کرد و بوو بە خاڵوەرچەرخانێک لە مێژووی کورددا. بەدەگمەن هەڵدەکەوێ ڕێبەرێک بڕیاری نەمانی خۆی لەپێناو نەتەوەکەیدا بدات و لە دوای نەمانی خۆی ئەوندە کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر بزووتنەوەی نەتەوەکەی هەبێت. دوای ٧٧ ساڵ ڕۆژ بە ڕۆژ و نەوە دوای نەوەی کورد بە هزر و شعووری نەتەوەیی و پابەند بە پرینسیپە دێموکراتیکەکانی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی خۆی هەر لە مەیداندایە. ئەوەی ئەمرۆش لە نێوخۆی وڵات دەیبینین کاریگەریی بەها و بایەخ و دەسکەوتەکانی کۆمارە کە ئەم نەتەوەیەی بەردەوام بۆ مافی ڕەوای خۆی لەسەر شەقام هیشتووەتەوە. ئەوەش کە دوای ٧٧ ساڵ ژنان و لاوانی وڵات دروشمی هەرمان و نابەزین دەڵێنەوە و بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" تەنگیان بە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵچنیوە، هەر لە میراتە فکرییەکانی پێشەوا قازی محەممەد کۆماری کوردستانن.
لە مێژووی هاوچەرخی کورددا یەکەم بایەخدانەکان بە ژن لە کۆمارەوە گوڵی کرد، کاتێک کە شاعیری نەتەوەیی کورد لە کۆماردا پڕ بە گەرووی هاواری دەکرد "هەتا ژن ئازاد نەبێ، سەرچاوەکەی ژین لیخنە"، بەردی بناغەی مانیفێستی "ژن، ژیان، ئازادی" داندرا. دروشمێکی قووڵ، پڕواتا و هەڵگری بەرزترین چەمکەکانی مرۆڤایەتیی کۆن و سەردەم. جارێ هەر لە سەرەتاوە كە دەڵێ ژن، هەموو ئینسانێكی خاوەن بیر دەڵێ: دایكم، خوشكم، كچەكەم، هاوژین و گراوەکەم، یانی كەسانێك كە هەم زۆر زۆر لێت نزیكن، هەم خوڵقێنەری ژیان. پاشان کە باس لە ژیان دەکات، ژیان بەتەنیا بەمانای زیندوو بوون نییە! بەڵكوو بە مانای چۆنایەتییی ژینە. ئەو ژیانەی كە مرۆڤ لە ماوەی بوونیدا شایانیەتی، یانی شادی و دڵخۆشی، سەركەوتن و پێشكەوتن كە ئەوانە واتای ژیانن. ئەو بەها و بایەخانەش هیچكات بۆ مرۆڤ دەستەبەر نابن، مەگەر بە بوونی "ئازادی". ئازاد، واتە ئەو بایەخەی کە مرۆڤ خۆی دیاریی بكا چۆن بژی و هەوساری چارەنووسی بە دەستی خۆیەوە بێت.
بایەخێکی دیکەی ئاخێزی ئەمجارە کە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستی پێ کردووە ئەوەیە کە هەم ڕاپەڕینەکە لە کوردستانەوە سەری هەڵدا و هەم دروشمە پڕ واتاکەی لە کوردستانەوە بە ناوچەکانی دیکەی ئێران و دنیاشەوە بڵاو بۆوە. پێشەنگی و فیداكاری و توانایی ژنانی شۆڕشی ژینا جارێکی دیکەش سەرنجەکانی لەسەر ڕۆڵ و توانا و پێگەی ژنان و قورسایی ئەوان لە ڕێبەریکردنی بزاوتە کۆمەڵایەتییەکان چڕ کردەوە، مەیدانێک کە سەرەتا لە کۆماری کوردستانەوە بۆ ژنان ئاوەڵا کرا. ئەزموونەکانی ئەم دواییانەش دەریخست کە ژنانی کورد و کۆمەڵگەی کوردەوارییش ئەم پوتەنسیەلەی تێدایە و بە کردەوەش نیشانیان داوە کە هیچ فاکتەرێک وەک بەربەستی ئایینی، ئابووری، کولتووری، دابونەریتی دواکەوتووانە، و جیاوازیی بیرورای ئایدۆلۆژی ناتوانێ پیش بە شەپۆلی مافخوازانە و ڕۆڵی ئاوانگاردی ژنان لە خەبات بۆ چەسپاندنی بەها و بایەخە مرۆییەکان لە کۆمەڵگەدا بگرێت.
پاش ٧٧ ساڵ لە ڕچەشکێنیی کۆماری کوردستان لە هێنانەمەیدانی ژنان، ئەگەر جاران دەگوترا ژنان شان بە شانی پیاوان لە خەباتدان، لە شۆڕشی ژینادا بینیمان کە ئەوە ژنان بوون دەوری پێشەنگایەتییان گرتە ئەستۆ و ئەمجارەیان پیاوان بوون کە شان بە شانی ژنان بەردەوامییان بەم شۆڕشە بەخشیوە.
توخمە سەرەکییەکانی شۆڕشی ژینا بریتین لە شوناسخوازی، مافویستی، بایەخدان بە زمان و هۆوییەتی کوردی، پیرۆزیی خاک و پێگە و قورسایی هێزی پێشمەرگە کە هەموویان میراتی بایەخداری کۆماری کوردستانن، ئەو میراتەی کۆمەڵگەیەکی وشیاری و زیندووی لەسەر بنیات نراوە و ڕۆڵی دینامیکی ژنانیش لە دروستکردنی ئەو واقعەدا پرسێکی حاشاهەڵنەگرە؛ واقعێک کە هەروەک گوترا میراتی کۆمار و بەرهەمی بەردەوامیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو ڕێبازە و پەروەردەی بێپسانەوەیەتی. وەک چۆن دەبینین نەوەیەک کە دوای شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ لەدایک بوون و بۆ ڕۆژێکیش دەسەڵاتی ئیداری و بەڕێوەبەریی حیزبیان نەدیوە و ئەزموونیان نەکردووە، ئەگەر پەروەردەی دروستی کوردایەتی و گواستنەوەی مێژوو، پەروەردەی دروست و تێگەیشتن لە دۆخی ڕۆژ و هەست بە بەرپرسایەتی و ئاستی بەرزی شعووری نەتەوەیی نەبێت، چۆن ئەم کۆمەڵگە زیندوو و مۆتۆریکەی لێ دەکەوێتەوە. کەواتە ڕۆڵی ژن لە پەروەردەی دروست و ڕێگا و ڕێبازی کۆمار، بە باوەڕبەخۆبونێک کە لە کاتی دەسەڵاتی کۆمارەوە درا بە ژنان کە نەوە لە دوای نەوە و ئەمڕۆ دوای ٧٧ ساڵ ئاکامەکەی کۆمەڵگەیەکی بەتەواو مانا بەرپرس و زیندوویە.
ڕۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕێکخستن و بەردەوامیی شۆڕشی ژینا تایبەتمەندییەکی دیکەی ئەم ئاخێزەیە کە ئەویش سەرەتاکەی و مێژووەکەی هەر بۆ سەردەمی کۆماری کوردستان دەگەڕێتەوە کە ڕۆڵی بنەڕەتیی لە دامەزارندنی ڕێکخراو و دەزگا نادەوڵەتییەکاندا هەبوو. کۆمار لە باوەڕی خۆیدا بایەخی زۆری بۆ ڕۆڵ و بەشداریی غەیری دەوڵەتی هەبووە و لە پێناو پەرەدان بە دەسکەوتەکانی کۆمار و نەهادینەکردنی دێموکراسیی زیاتر هەوڵی بۆ داوە. ئەمەش ئەم پەیامە دەگەیەنێت کە کۆمار و حیزبی دێموکرات هەوڵیان بۆ قۆرخکردنی دەسەڵات لە دەستی خۆیاندا نەداوە و باوەڕیان بە بەشداریی هەموو چین و توێژەکان لە دەسەڵات لەپێناو چێکردنی کۆمەڵگەیەکی یەکسانیخواز و دێموکراتیک بووە.
کوشتنی بەئانقەستی ژینا بە دەستی هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی چەخماغەی شۆڕشێکی لێداوە کە یەکێک لە توخمە سەرەکییەکانی ژنانەبوونیەتی و هاوبەشیی ژنان لە هەموو ناوچەکانی ئێرانی بەدوای خۆیدا هێناوە کە ئەمە خۆی هۆکارەکەی بۆ چەند پارامێتر و فاکتەر دەگەڕێتەوە: کورد بوونی ژینا (لە نەتەوەی ژێردەست)، ژنبوون، غەریببوون، ڕەفتاری هێزە بەناو ئەمنیەتییەکان، دەوڵەمەندنەبوون (توێژی زۆرینەی خەڵک) سووننیبوون، حیجابی زۆرەملێ و... . هەمووی ئەمانە کۆمەڵە فاکتەرێکن کە بەشیکی زۆر لە نەتەوەکانی دیکەی ئێران و خەڵکی شارە گەورەکانیش خۆیانی تێدا دەبیننەوە، بۆیە بە دەنگ بەرزکردنەوەی ژنی کورد، ئەم ئاخێزە پشتیوانیی سەرتاسەری ئێران و بگرە جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا.
ئەزموونی زیاتر لە چوار مانگ ڕاپەڕینی ژینا و دەسکەوتەکانی لەو ماوەیەدا و سەرنجدان بە مێژووی بایەخی ژن و جێگە و پێگەی بنیاتنەری لە کۆمەڵگەدا کە یەکێک لە میراتەکانی کۆماری کوردستانە پێمان دەڵێ؛ وەک چۆن داهاتووی ئێرانی دێموکراتیک و سەقامگیر لەگرەی وەدیهاتنی مافی نەتەوە پێکهێنەرەکانی ئەم وڵاتە و کەمینە ئایینی و جۆراوجۆرییەکانی دیکەی ئەم وڵاتەیە؛ هەر بەو ڕادەیە ئێرانی داهاتوو بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی بەبێ ڕۆڵ و نەخشی ژن لە ڕێبەری و بەڕێوبەری لە ئاستی ئیداری و حیزبی و حکوومەتیدا مانا بەخش نییە. بە واتایەکی دیکە داهاتووی سەرکەوتوو و ڕزگاریی نەتەوەیی و کۆمەڵگەیەکی یەکسانیخوازی لێ ناکەوێتەوە.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٤٠ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.