کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕیاردان لەسەر مافی دیاریکردنی چارەنووس وەک مافێکی سروشتی و یاساییی دانپێدانراو

23:23 - 15 رێبەندان 2722

عومەر باڵەکی

کوژرانی ژینا ئەمینی کچەکوردی سەقزی کە ڕۆژی ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١هەتاوی لە تاران بە دەستی پۆلیسی گەشتی ئیرشاد شەهید بوو، ناڕەزایەتی بەربەرینی خەڵکی ئێرانی لێ کەوتەوە، بە چەشنێک کە دەتوانین بڵێین شەهیدبوونی ژینا و ئاخێزی نوێی خەڵک بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستپێکی قۆناخێکی نوێ لە خەباتی خەڵکی ئێران بەدژی سیستمی سیاسی و دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامییە. بە چەشنێک کە ناڕەزایەتییەکانی بە شەهیدکردنی ژینا ئەمینی شار و ناوچە جۆراوجۆرەکان لە سەرانسەری ئێرانی گرتەوە و بێ جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی، هەموو گەلانی ئێران تێیدا بەشدار بوون.

لەگەڵ ئەوەدا کە هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە سەرکوتی خۆپێشاندەران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەتوندی دەستی پێ کرد، بەڵام تەوژمی ڕاپەرینەکە بە چەشنێک بوو کە وا بەئاسانی هێزە سەرکوتکەرەکانی نیزام نەیاندەتوانی ناڕەزایەتییەکانی سەرشەقام لە سەرانسەری ئێران سەرکوت بکەن و هەر ئەوە وای کرد کە دنیای دەرەوە بەتەواوی هەست بە پێگەی لاوازی نیزامی سیاسیی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی وڵات بکا و هەم هەست بە ئیرادەی گەلانی ئێران کرا کە تێکڕا خوازیاری نەمانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانن. لەلایەکی دیکەوە ڕاپەرینی ژینا سەلماندی کە بە ئۆپۆزیسیۆنی پرش‌وبڵاو ناکرێ بەهانای خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە دەستی کۆماری ئیسلامییەوە بچیت و ببیتە بەدیل و جێگرەوە. هەر ئەوەش وای کردووە کە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات هەرکام بە شێوازی خۆیان بکەونە خۆ بۆ ئەوەی هاوپەیمانییەک لەنێوان هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن پێک بێ و بە هاوکاریی ناڕەزایەتییەکان لە نێوخۆی وڵات بتوانرێ هەل و بواری باشتر بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی خۆش ببێت.

لەو نێوەدا چەغماخەی ڕاپەرینی ژینا بە شوعاری "ژن، ژیان، ئازادی" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە و بە ئیرادەی گەلی کورد و لەسەر داوای ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئیران لێ درا و ئەوجاریش کوردستان بوو بە ناوەندی ناڕەزایەتییەکان بەدژی حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی و دەرکەوت لە خەبات بەدژی نیزامی کۆماری ئیسلامیدا، کوردستان زۆر جیاوازترە لە ناوچەکانی دیکەی ئێران. ویست و داخوازیی کۆمەڵگەی کوردستان جگە لە هەوڵدان بۆ ژیانی باش و خۆشبژیوی و ئازادییە تاکەکەسییەکان، خەباتێکی بەردەوام و خوێناوی لەو ماوەی ٧٨ ساڵی ڕابردوو دا بۆ دەستەبەرکردنەوەی مافە نەتەوایەتییەکانی هەم لە سەردەمی رێژیمی پاشایەتی و هەم لە سەردەمی نیزامی کۆماری ئیسلامی سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن و بەپێچەوانەی پڕوپاگەندەی دەزگای ڕاگەیاندن و تەبلیغاتیی هەردوو ڕێژیم ئەو ویستە نەتەوایەتی و شوناسخوازییە، ویستی ڕەهای کۆمەڵگەی کوردستانە کە لە سیاسەت و بەرنامەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا ڕەنگی داوەتەوە و بۆتە بنەمای سیاسەتداڕێژی و خەباتی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ئێستا پاش تێپەڕینی چوار مانگ بە سەر ڕاپەرینی ژینا، هەم لە نێوخۆی ئێران و هەم لە دەرەوەی وڵات بەتایبەتی لە بازنەی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی فشاری زۆریان لەسەرە، بە ڕادەیەک کە هەموو لایەک هەست بەو دەکەن کە ئۆپۆزیسیونی دژبەری کۆماری ئیسلامی دەبێ پەلە بکات لە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی بەهێز کە هەموو لایەنەکان لە خۆ بگرێ، بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی نەتوانن لەوەندە زیاتر خوێنی ڕۆڵە بێتاوانەکانی ئەو وڵاتە برێژن و درێژە بە دەسەڵاتی کۆنەپەرەستانەی خۆیان بدەن. بە ڕواڵەتیش هەموو لایەک لە ئۆپۆزیسیونی کۆماری ئیسلامی هەستیان بەو دۆخ و زەروورەتە کردووە، بەڵام ئەوی جێگای سەرنج و لێ‌وردبوونەوەیە ئەوە کە بەشیک لە ئۆپۆزیسیونی کۆماری ئیسلامی لە لێدوان و گوتاریاندا بەئاشکرا دژایەتیی گەلی کورد دەکەن و لەهەمبەر مافی ڕەوا و بەرحەقی ئەو نەتەوەیە کە ڕووبارێک خوێنی بۆ داوە، هەر بە تەشییە کۆنەکەی دەسەڵاتدارانی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی دەیڕێسن. ئەوان بەبێ ئەوەی خەبات و بەربەرەکانیی ئەو ماوە دوورودرێژەی گەلی کوردیان لە بەرچاو بێ، تۆمەتی یەکسان و وەک‌یەک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بە گەلی کورد و حیزبەکانی کوردستان دەبەشنەوە.

ئەگەر گەلی کورد و حیزبەکانی کوردستانی ئێران خاڵی هاوبەشیان لەگەڵ ئۆپۆزیسیون، ڕووخانی نیزامی کۆماری ئیسلامییە، بە اخەوە ئەو بەشە لە ئۆپۆزیسیۆنیش لەگەڵ کۆماری ئیسلامی خاڵی هاوبەشیان ڕوو بە خەباتی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان ئەوەیە کە هەر دووکیان بە تۆمەتی "تجزیەطلبی" هێرشی ناڕەوا دەکەنە سەر بزووتنەوەی کوردستان. ئەویش لە کاتێکدا کە لە سەردەمی ئێستادا و بەپێی قانوونە نێو نەتەوەییەکان، جیابوونەوەی نەتەوەیەک لەو وڵاتەی کە تەنیا نەتەوەیەک دەسەڵاتدارە و مافی تاک‌وکۆی نەتەوەکانی دیکەی تێدا پێخوست و بە ناوی قانوون و دین و مەزهەبەوە هەموو مافە سروشتی و ئینسانییەکانیان بەئاشکرا پێشێل دەکرێ، نەک تاوان نییە. بەڵکوو مافێکی سروشتی و قانوونیی ئەو نەتەوەیەیە کە لە هەموو مافەکانی بێبەش کراوە. بەڵام باشە وەبیر ئەو لایەنانە بهێنێنەوە کە لە ئەدەبیاتی سیاسیی نوسراو و گوتراوی حیزبەکانی کوردستانی ئێڕان بە تایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە لە مەیدانی خەبات بۆ وەدەستخستنی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد لەو پارچە لە کوردستاندا هەبوون و هەن باسێکی لەو بابەتە کە کورد لە بەرنامەی‌دایە لە ئێران جیا ببێتەوە نەبووە و نییە. ئەدی هۆکاری چییە کە وا بزوتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەوتۆتە بەر هێرشی هەر دوولایەنی دژبەری یەکتر؟ وڵامی ئەو پرسیارە دەتوانێ ئەمە بێت کە هەم ئەو بەشە لە ئۆپۆزیسیون وهەم کۆماری ئیسلامی کە هێرش دەکەنە سەر بزووتنەوەی کورد، ئامانجی خۆیان هەیە. ئامانجی ئەو بەشە لە ئۆپۆزیسیون بەتایبەتی لایەنگرانی زیندووکردنەوەی پاشایەتی ئەوەیە کە کورد بخەنە سەنگەری بەرگری و بە جێگای بەشداریکردنی چالاکانە لە پرۆسەی سیاسیی داهاتووەی ئێران لە هەوڵی سەلماندنی ئەوەدا بێ کە نایهەوێ لە ئێران جیا بێتەوە. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییش هەمان تێڕوانینیان هەیە بەڵام بەو ئامانجە کە گەلانی دیکەی ئێران لە بزووتنەوەی کوردستان بترسێنن، گوایە کوردەکان دەیانهەوێ لە ئێران جیا ببنەوە و بۆ تەکمیل‌کردنی ئەو سیناریویە دیسان دەست دەبنەوە بۆ ئەو تۆمەتە بێ‌بنەمایە کە جووڵانەوەی میللی دێموکراتیکی گەلی کورد دەستکیسی وڵاتانی دەرەکییە.

لە سەردەمی ڕێژیمی پاشایەتیدا مێژووی جووڵانەوەی مافخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەواشە دەکرا و دەگوترا سەر بە وڵاتانی کۆمۆنیستی و بەرەی یەکیەتیی سۆڤییەتە، لە نیزامی کۆماری ئیسلامییشدا تەنیا عینوان و ئادرەسەکەیان لە ماوەی ئەو ٤٣ساڵە دا گۆڕاوە و دەڵێین بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان سەر بە دەوڵەتانی ڕۆژئاوا بە تایبەتی ئەمریکا و ئیسرائیلە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ تێڕوانینی ئەو دەستە و تاقمە کە نایانهەوی تێ بگەن و لە هەمانکاتدا چاوی دیتنی ئەو ڕاستییەیان نییە کە حیزبەکان و جووڵانەوەی مافخوازانەی کورد هەڵقوڵاوی ناخی کۆمەڵگەی کوردستانە و بە چەواشەکردنی ڕاستییەکان و سەرکوت و زەبروزەنگ ناتوانن گەلی کورد لە وەدەست‌خستنەوەی مافەکانی پاشگەز بکەنەوە و تەسلیمی بکەن.

لە سەردەمی ئێستادا مافی دیاریکردنی چارەنووس چ لە بازنەی مافەکانی نێوخۆیی و چ لە بازنەی مافەکانی نێونەتەوەییدا بۆتە چەمکێکی دیار و بەرچاوی قانوونە نێونەتەوەییەکان و مافی مرۆڤ. ڕەنگدانەوەی مافی دیاریکردنی چارەنووس لە قانوونە نێونەتەوەییەکان و مافەکانی مرۆڤ بە ڕادەیەک دیارە کە ناتوانرێ سەرنجیان پێ نەدرێ. چونکە مافی دیاریکردنی چارەنووس لە قانوونە نێونەتەوەییەکاندا بۆتە قاعیدەیەکی ئەمری و بنەمای پاراستنی مافەکانی مرۆڤە بە چەشنێک لادان لەو قاعیدە بەرپرسایەتیی قانوونی بۆ دەوڵەتەکان دروست دەکا، بە واتایەکی دیکە ئەو ئەسڵە پابەندییەکی گشتی بۆ دەوڵەتەکان لە بەرانبەر کۆمەڵگەی جیهانیدا پێک دێنێ.

ئەسلی مافی دیاریکردنی چارەنووس وەک مافێکی بنەڕەتی بنەمای مافەکانی مرۆڤ پێک دێنی کە بەپێی ئەو ئەسلە هەموو تاک‌وکۆی کۆمەڵگە، بێ لە بەرچاوگرتنی جیاوازییە نەتەوایەتی و ئایینی و مەزهەبی و ڕەگەزی دەتوانن لە بڕیاردان و بەڕێوەبردنی هەموو کاروباری پێوەندیدار بە خۆیان لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا بەشدار بن و بڕیاری لەسەر بدەن، بەو واتایە کە مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکان ئاکامی کۆکراوەی مافی دیاریکردنی چارەنووسی تاکەکانی کۆمەڵگەیە. مافی هەڵبژاردن و بڕیاردانی تاک لە بستێنی گشتی و نیشتمانیدا و لە ئاکامدا وەک مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوە خۆ دەنوێنێ.

گەلی کورد لەو بەشە لە کوردستان کە کەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی تاران لانیکەم لە سەد ساڵی ڕابردوودا و لە دوای پێکهاتنی دەوڵەت نەتەوە لەسەر دەستی "ڕەزاخان" لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بێبەش کراوە. ماوەی ٧٨ساڵیشە حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ وەدەستخستنی ئەو مافە سروشتییە زەوتکراوەی گەلی کورد لەو پارچە لە کوردستان خەبات دەکا و لەسەر ئەو باوەڕەیە بەبێ  داننان بە مافی نەتەوەکانی پێکهێنەری ئێران لەلایەن هەر دەسەڵاتێک کە لە تاران لەسەر کار بێ، ناکرێ و ناتواندرێ حکوومەتێکی سەقامگیر و هەموو لەو وڵاتەدا چێ بێ.

 لە مادەی یەکەم و دووهەمی بەرنامەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا هاتووە کە: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حیزبی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی ئێرانە و شان بە شانی هێزە پێشکەوتنخوازەکانی سەرانسەری ئێران بۆ دامەزراندنی سیستمێکی دێموکراتیکی فیدرالی لە ئێران و وەدەست‌هێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کورد لە کوردستانی ئێراندا خەبات دەکا و دروشمی ستراتێژیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەدەست‌هێنانی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد لە کوردستان له چوارچێوه‌ی ئێرانێکی دێموکراتیکی فیدراڵ‌دایه. هەروەک لە ناوەرۆکی ئەو دوو ماددەیە لە بەرنامەی حیزبی دێموکراتدا دەر دەکەوێ کە تەنیا ڕێگای گەیشتن بە مافەکانی گەلی کورد خەباتی هاوبەشە لەگەڵ هێزە پێشکەوتووەکانی سەرانسەری ئێران کە باوەڕیان بە دیاریکردنی مافی چارەنووس بۆ تاک وکۆی کۆمەڵگەی ئێران هەبێ و ئەو ڕاستییەی کۆمەڵگەی ئێرانیان لا سەڵمێندرا بێ کە ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوەیە و لە وڵاتێکی ئێرانی فرە نەتەوەدا بۆ دامەزراندنی حکوومەتێکی دێموکراتێک و سەردەمیانە پێویستی بە یەکیەتییەکی داخوازانەی هەموو گەلانی ئێران هەیە. هەموو کات حیزبی دێموکرات لە سەر ئەو باوەرە بووە و هەیە کە مافی بریاردان لە چارەنووس پێوەندییەکی دوولایەنەیەی هەیە بە دێموکراسی وپاراستنی مافەکانی مرۆڤ. واتا هەر سیستمێکی سیاسیی لە داهاتووی ئێراندا ئەگەر لەسەر بنەمای دێموکراتیک و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دانەمەزرابێ، ناتوانی پابەندی ئەو ئەسڵەبێ کە تاک لە کۆمەڵگەدا و کۆمەڵگە بەگشتی لەسەر چارەنووسی خۆی بتوانێ بڕیار بدات. 

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٤٠ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.