کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆکردنەوەی یارمەتیی خەڵکی کوردستان بۆ بومەلەرزەلێدراوانی شاری خۆی

09:41 - 16 رێبەندان 2722

خەڵکی شاری تیکاب لە هەرەوەزییەکدا بە کۆکردنەوەی پێداویستییە سەرەتاییەکان یارمەتییان گەیاندە خەڵکی بولەرزەلێدراوی شاری خۆی.

ڕۆژی شەممە ١٥ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، خەڵکی مرۆڤدۆستی شاری تیکاب، دوای ڕاگەیاندنی بانگەوازی هەرەوەزی بۆ گەیاندنی هاوکاری و یارمەتی بۆ خەڵکی بولەرزەلێدراوی شاری خۆی، بە یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی، پێداویستییە سەرەتاییەکانیان کۆ کردەوە و گەیاندیانە دەستی خەڵکی خۆی و نەیانهێشت خەڵکی ئەو شارە لەو وەزری سەرما و سەخڵەتییەدا بە تەنیا بن.

ماوەی حەوتوویەک لەمەوبەر، بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٩ ڕیشتەر،  شاری خۆی لە پارێزگای ورمێی لەرزاند و بەهۆیەوە چەندین کەس بریندار بوون و گیانیان لەدەست دا، هەروەها خەڵکی شارەکە ئاوارە بوون و لەسەر شەقامەکان مانەوە.

لەمبارەوە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی نەک یارمەتیی خەڵکیان نەدا، بەڵکوو کە خەڵک داوای بەهانەوەچوونی لە ڕێژیم کرد، بە شێوەی توندوتیژانە ڕووبەڕوویان بوونەوە، بەڵام خەڵکی کوردستان وەکوو هەمیشە بە هەرەوەزی یارمەتی و هاوکاریی خۆیانیان گەیاندە خەڵکی خۆی.

لەو پەیوەندییەدا ڕۆژی هەینی، یارمەتییە مرۆییەکانی شارەکانی سەقز، کرماشان، قەسری شیرین و سەرپێڵی زەهاو و... ڕەوانەی شاری خۆی کرابوون.