کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی کۆکردنەوەی یارمەتیی خەڵکی کوردستان بۆ بومەلەرزەلێدراوانی خۆی

17:13 - 16 رێبەندان 2722

خەڵکی ناوچەی ورمێ لە هەرەوەزییەکدا، یارمەتییان کۆ کردووەتەوە بۆ خەڵکی بومەلەرزەلێدراوی شاری خۆی.

ڕۆژی شەممە ١٥ ڕێبەندان ١٤٠١ی هەتاوی، خەڵکی نیشتمانپەروەری ناوچەی ورمێ، لە هەڵمەتێکی مرۆڤدۆستانەدا دوای ڕاگەیاندنی بانگەوازی هەرەوەزی بۆ گەیاندنی هاوکاری و یارمەتی بۆ خەڵکی بومەلەرزەلێدراوی خۆی، بە یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان کۆ کردەوە و گەیاندیانە دەستی خەڵکی شاری خۆی و نەیانهێشت خەڵکی ئەو شارە لەو وەزری سەرما و سەخڵەتییەدا بە تەنیا بن.

هەروەها لە هەمان ڕۆژدا خەڵکی شاری تیکابیش پێداویستییە سەرەتاییەکانیان کۆ کردەوە و گەیاندیانە دەستی خەڵکی شاری خۆی.

هەر لەو پەیوەندییەدا ڕۆژی هەینی، یارمەتییە مرۆییەکانی شارەکانی سەقز، کرماشان، قەسری شیرین و سەرپێڵی زەهاو و... ڕەوانەی شاری خۆی کرابوون.

ماوەی حەوتوویەک لەمەوبەر، بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٩ ڕیشتەر،  شاری خۆی لە پارێزگای ورمێی لەرزاند و بەهۆیەوە چەندین کەس بریندار بوون و گیانیان لەدەست دا، هەروەها خەڵکی شارەکە ئاوارە بوون و لەسەر شەقامەکان مانەوە.

لەمبارەوە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی نەک یارمەتیی خەڵکیان نەدا، بەڵکوو کە خەڵک داوای بەهانەوەچوونی لە ڕێژیم کرد، بە شێوەی توندوتیژانە ڕووبەڕوویان بوونەوە، بەڵام خەڵکی کوردستان وەکوو هەمیشە بە هەرەوەزی یارمەتی و هاوکاریی خۆیانیان گەیاندە خەڵکی خۆی.