کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە چەندین شاری ئێران

17:31 - 16 رێبەندان 2722

لە چەندین شاری ئێران خەڵکی وەزاڵەهاتوو لەهەمبەر دۆخی بژێویی ژیان و گوێنەدان بە داواکارییەکانیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و داوای مافە پێشێلکراوەکانی خۆیان کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، کرێکارانی شیرکەتی فولادی کاویان لە ئەهواز لە ناڕەزایەتی بە بەڕێوەنەچوونی گەڵاڵەی پلەبەندیی پیشەکان، دەستیان لەکار کێشایەوە و لە بەردەم ئەو شیرکەتە ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

هاوکات لە تاران کۆمەڵێک لە سەهامدارانی بانکی ئایندە، لە ناڕەزایەتی بە گوێنەدان بە داواکارییەکانیان لە بەردەم بینای ناوەندیی ئەو بانکە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

لەلایەکی دیکەوە لە تەورێز کرێکارانی گرێبەستی فەزای سەوزی ئەو شارە سەبارەت بە دۆخی نالەباری بژێویی ژیانیان ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

هەروەها وەرزێڕان لە ئیسفەهان ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ی ڕێبەندان لە ناڕەزایەتی بە وشکبوونی ڕووباری زایەندەڕوود، بەرەو تاران وەڕێ کەوتن و داوایان ئەوەیە کە دەبێ بەرپرسان سەبارەت بە ژیانەوەی ئەو ڕووبارە، بەرپرسیار بن.

ئەو ناڕەزایەتییانە لە حاڵێکدا بەڕێوە دەچن کە هاوکات لە زۆربەی شارەکانی دیکەی ئێران و کوردستان لاوانی شۆڕشگێر بە شێوەی دروشمدان، ئاگرکردنەوە، سووتاندنی هێماکانی ڕێژیم و دروشمنووسین درێژە بە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دەدەن.