محەممەد سلێمانی
کەمپینی وەکالەتی سیاسی یەک لەو دیاردانە بوو کە لەو ماوەیەدا و لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا لە دەرەوەی وڵات لە بەرژەوەندیی لایەنێکی سیاسی وەڕێ کەوت. بەڵام زۆر زوو دەرکەوت کە دانی وەکالەتی سیاسی بە تاك یان بنەماڵەیەك بەبێ ڕەچاوکردنی شێوازە دێموکراتیکەکان لە هەندەران و تەنیا بە مەبەستی هێنانەپێشەوەی لە کایەی سیاسیی وڵاتدا جگە لە قووڵتر کردنەوەی ناکۆکییەکان و لێکترازانی سەراسەری، سوودیك بە ڕەوتی نوێی خەبات ناگەیەنێت. وەک چۆن هەرچەشنە کەمپینێکی لەوجۆرە لە هەلومەرجی سیاسیی ئەمڕۆی ئێران و لە چوارچێوەیەکی ئەوتۆی داخراو و ناڕووندا و، بێ گەڕانەوە بۆ دیالۆگ لەگەڵ هێزە دژبەرەکانی ڕێژیمی تاران، جگە لە پەرەپێدان بە گرژیی سیاسی و لێكدوورکەوتنەوە و ژێرپێخستنی پڕەنسیپە ئەخلاقی و بنەما دێموکراتیکەکان و بازدان بەسەر دێموکراسیی سیاسیدا، قازانجێك بە ئیرادەی هاوبەشی دژبەرانی ڕیژیمی ئاخوندی ناگەیەنێت و هەروەك بینیمان بوو بە هۆکاری بەربەست و ئەستەنگ لەسەر ڕێگای خەباتی هاوبەشیشدا. هەر لەجێشدا ناکرێ گرووپێک کە باوەڕیان بە شەبەنگی نەتەوەیی و ئایینی و فرەنەتەوەبوونی وڵات نییە، بە میزاجی خۆیان و لە ڕووی عەتف و سۆزێک کە بۆ کەسێك یان بنەماڵەیەك هەیانە، داوای متمانەدان لە هەموو جۆراوجۆرییەکانی خەڵك بکەن و نوێنەرایەتیی ئیرادەی خۆیانیانی پێ بدەن!
هەر کەسێك ڕێژەییش باوەڕی بە ئازادی و ڕێسا و ئەزموون و بنچینە دێمۆکراتیکەکانی وڵاتانی ئازاد و دێموکرات هەبێ و دڵی بۆ ئازادی و سەقامگیرکردنی دێموکراسی و دابینکردنی مافی سیاسی و نەتەوەیی لە ئێراندا لێ بدات، هەرگیز خۆ لە قەرەی کارێكی لەو جۆرە نادات کە سوور سوور دەزانێت زیان بە هاوخەباتی گەلانی وڵاتەکەی دەگەیەنێت و دەرفەتێکی نوێ بە ڕێژیمی ئاخوندی دەدات کە زیاتر بەدژی دژبەرانی خۆی ڕێک بخاتەوە. هەمووانیش دەزانن کە پڕۆژەی وەکالەت لەلایەن نیشانەی فەشەلیی سیاسی لە نەبوونی هیچ نەخشەڕێیەک بۆ خەبات و هاوکات بازدانە بەسەر جەوهەری دێموکراسی و بوارخۆشکردنەوەیە بۆ کۆکردنەوەی هەموو دەسەڵاتەکان لە ناوەند، و لەوەش بێزراوتر لە دەستی کەسێكدا کە مێژووی ئێران لە پتر لە سەت ساڵی ڕابردوودا بەردەوام ئەزموونی کردووە.
بەڕێوەبردنی کەمپینی کۆکردنەوەی وەکاڵەت بۆ کوڕی شای پێشووی ئێران بەو جۆرەی کە لە دەرەوەی وڵات بەڕێوە چوو، جگە لە دەرخستنی پێگە و نفووزی لاوازی ناوبراو لەنێو گەلانی ئیراندا، بووە هۆکاری لێك دوورکەوتنەوەی هێزە دژبەرەکانی ڕێژیمی ئیران و دوورکەوتنەوە لە پرسی هاوپەیمانیی سیاسیی، و هێندێك ئاستەنگی دروستکردن کە تێپەڕین لێیان حەوجێی بە کاتێکی زیاتر و بیرکردنەوە و لێكتێگەیشتنی فرەڕەهەندی نوێ هەیە. ئەزموونی دوو شێوەی دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران لە سەت ساڵی ڕابردوودا و ئەو زیان و تێچوویانەی کۆمەڵگەی ئێران بۆ دەستەبەر و ماف و ئازادییەکانیان داویانە و دەیدەن، چیدی ڕێگە بەوە نادا بەبێ ڕەچاوکردنی واقعی سیاسیی وڵات و دانپێدانان بەو ڕاستییە جەوهەرییانەی لە یەک سەدەی ڕابردوودا حاشایان لێ کراوە و لەپێناو دروستکردنی دەوڵەت-نەتەوەی ساختەدا سڕدراونەتەوە، دەرفەت بە ئاراستەیەکی وەها بدرێتەوە.
ئەمڕۆ گەلانی ئێران بەدوای بنیاتنانی دەسەڵاتێكن کە دان بە ماف و ئازادییەکانیان دابنێت و بێتوو هەر کەس و لایەن و هێزێك ئاسۆی بیرکردنەوە، بنەمای فیکری و ڕوانینی چەقبەستووی بۆ داهاتووی سیاسی وڵات هەبێت، لە ژێر هەر ئاڵایەک و بە هەر دروشمێک بێتە پێشێ خەڵک بۆ دواوەی پاڵ پێوە دەنێن. ڕوانینی خەڵک بۆ داهاتووی ئێران ئەوەیە: وڵاتێک کە لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی دڵخوازانە بنیات دەنرێتەوە و حکوومەت ئیرادەی سیاسیی هاوبەشی هەموو نەتەوە و پێکهاتە و جۆراوجۆرییەکانی وڵاتە و دەسەڵات بە شێوەی ئاسۆیی و لە شێوەی لامەرکەزیدا دابەش دەبێت. هەروەها هیچ هێز و لایەنێکی سیاسییش بێتوو باوەڕیان بەو بنەمایانە نەبێت، لەلایەن خەڵکەوە متمانەیان پێ نادرێت، چ خاسمە کەس یان ڕەوتێکی سیاسی کە لە سۆنگەی ستەم و نادادپەروەری و بە شۆڕشی جەماوەری لە دەسەڵات وەلانراون، ئێستا بیانەوێ خۆیان بەسەر خەڵکدا بسەپێننەوە. خەڵکی ئێران ئەو قۆناغەیان بەجێ هێشتووە و وشیاری سیاسی و نەتەوەیی لە ئێراندا گەیوەتە چڵەپۆپە و خەڵك لە ئێستادا زۆر باش دەزانن لە نێوان ڕێکخراوە ئێرانییەکاندا، کام هێز شۆڕشگێرە و باوەڕی قووڵی بە بنەماکانی دێموکراسی، مافی مرۆڤ و وڵاتێكی ئازاد و فیدڕاڵ هەیە و لە داهاتوودا نابێتە مەترسی لەسەر ئاسایشی سیاسی و نەتەوەیی گەلانی ئێران؛ هەروەها کام هێز و لایەن هەیە کە نابێ متمانەیان بدرێتێ، بەتایبەت ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەی کە بنەما هزری و تیڕوانینەکانیان جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ بنەڕەتە فکرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران نییە!
وێژمانی سەرەکی لە دۆخی سیاسیی ئێستەدا کە قۆناغی تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامییە، یەکگری، یەکڕیزی، هاوپێوەندی و هاوخەباتی بۆ سەرخستنی شۆڕشە. ئەوە ویستی هاوبەشی گەلانی ئێرانە و هەرلایەنێك بە پێچەوانەی ئەو خواستی هەنگاو بنێت، هاوکات لەگەڵ ئەوەی درزی خستووەتە نێو بەرەی گەل دژی دەسەڵاتی سیاسی، زیانی لە پێگە و متمانەی کۆمەڵایەتیی خۆیشی داوە و خۆی هەڵداشتۆتە دەرەوەی هاوکێشە سیاسییەکانەوە، وەک ئەو لایەنە سیاسییەی بە پڕۆژەی وەکالەتدان دەیەوێ خۆی تاقی بکاتەوە. ئەوەش لەجێی خۆی کە کە وەکالەتدان هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و لە زەین و بیرکردنەوەی سازانی گشتی لەنێوان هێزە سیاسی و نیشتیمانییەکانی دەریخست کە زەمینەخۆشکردن بۆ دروستکردنەوەی قەوارەیەکی داخراوی ناوەندگەرای دیکەیە کە هەموو دەسەڵاتەکان جارێکی دیکەش لە شوێنێکدا کۆ بکرێتەوە، کە ئەمەش ڕاکردنە لە بەها و بایەخەکانی دێموکراسی و لەبەرچاونەگرتنی ویست و ئیرادەی خەڵك لە سەر شێوە و شکڵ و فۆڕمی حکوومەتی داهاتوو. ئەوەش دژایەتیی جەوهەریی هەیە لەگەڵ دەیان ساڵ خەبات و قوربانیدانی نەتەوە بندەستەکانی ئێران کە بۆ دەستەبەری دێموکراسی بۆ ئێران و مافە نەتەوایەتی و ئازادییە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان تێدەکۆشن، خوێن دەبەخشن و تێچووی قورسی ئەو خەباتە خوێناوییە دەدەن کە هەر ئێستا لە دژی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بەڕێوەیە.
خەباتی گەلانی ئێران ئێستا زیاتر لە هەموو کاتێک هاوئاراستە و هاوئامانجە. شۆڕشی ژینا و گۆڕانخوازە سیاسییەکان و دژبەرانی کۆماری ئیسلامی وڵاتێکی ئازاد و دێمۆکراتیکیان دەوێ و بەبێ سەقامگیربوونی دێموکراسی و پێكهێنانی حکوومەتێك کە لەسەر ئەساسی بنەمای سازانی سیاسی و نیشتیمانی بە ڕەچاوکردن و داننان بە مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی گەلانی ئێران دروست بووبێ و دەرفەتی گەشەکردن و بەشداریکردن لە دەسەڵاتی داهاتوو بۆ هەموو لا دابین بووبێت، ئەو خەباتە سەر ناکەوێ و هەر هێز و لایەنێکیش دژی ئەو بەها و بایەخانە بێت بە بەربەست و کۆسپی سەر ڕێگای شۆڕش دادەنرێن. ئەوەی لەو ماوەیەدا و لەژێر ناوی وەکالەتداندا بەڕێوە چوو یەکێک لەو کۆسپ و بەربەستانە بوو کە ئەگەر لە ئەساسدا بە مەبەستی هێنانە پێشەوەی تاك و گروپێك دەستی پێ کرد، بەڵام ئاکامەکەی شکست و هەرەسهێنان بۆ ئەو عەقڵییەتە بوو. ئەزموونی شکستخواردن لە تاقیکردنەوەدا زۆر سەختە، بەڵام هەر لەو کاتەشدا لێفیربوون و تێگەیشتن لەویش دژواترە. لەو سۆنگەیەوە ئەوەی ڕووی دا لانیکەم بەرچاوڕوونییەکی باشی بەو هێز و لایەنانە دا کە هێشتا هزرین و ڕوانینیان سەبارەت بە ئاڵوگۆڕەکانی وڵات نەگۆڕیوە.
دۆخی سیاسیی نوێی وڵات ئەرکێکی قوورستریش دەخاتە سەر شانی هێزە سیاسییەکانی کوردستان و نەتەوەکانی دیکەش کە دەبێ بەپێی سەنگی نوێنەرایەتیکردنی ئیرادەی سیاسی و شۆڕشگێڕیی خەڵکەکەیان، ڕۆڵیان لە ئاراستەبەخشین بە ڕەوتی شۆڕشەکە هەبێت و ڕێگە نەدەن هیچ هێز و لایەنێک بەری ڕەنج و خەبات و قوربانیدانی خەڵک پاوان بکات و بەتاڵانی ببات.
ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٤٠ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.