کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی بومەلەرزەیەکى بەهێز لە باکوور و ڕۆژاوای کوردستان، سەدان کەس گیانیان لەدەست دا

11:49 - 17 رێبەندان 2722

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ی ڕێبەندان، بومەلەرزیەک بە گەورەیی ٧.٨ ریشتەر باکوور و ڕۆژاوای سووریەی هەژاند کە بەهۆیەوە سەدان کەس گیانیان لەدەست داوە و وێرانییەکی زۆری لێ کەوتووەتەوە.

"فوئاد ئۆكتای"، جێگری سه‌ركۆماری توركیە ڕایگه‌یاند، به‌هۆی بومه‌له‌رزه‌ و وردەله‌رزه‌كانه‌وه،‌ ٢٨٤ كه‌س له‌ توركیە و باكووری كوردستان گیانیان له‌ده‌ست داوه‌ و ٢ هەزار ٣٢٣ هاووڵاتیی دیكه‌ش بریندار بوونە، هەروەها هەزار و ٧١٠ باڵه‌خانه‌ له‌ توركیە وێران بوونه‌.

ناوبراو ڕایگه‌یاند، به‌هۆی بارودۆخی ناله‌باره‌ی كه‌شوهه‌وا، پرۆسه‌ی ڕزگاركردنی هاووڵاتییان زۆر دژوار بووە.

 بومه‌له‌رزه‌كه‌ له‌ سووریە و ڕۆژاوای كوردستانیش زیانی گیانی و مادیی زۆری لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌. وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی ڕێژیمی سووریە له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، تاکوو ئێستا به‌هۆی بومه‌له‌رزه‌كه‌وه‌ ٢٣٩ كه‌س گیانیان له‌ده‌ست داوه‌ و ٦٣٩ كه‌سی دیكه‌ش بریندارن.

بە وتەی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی سووریە، زۆربەی ئەوانەی گیانیان لەدەست داوە، لە پارێزگاکانی "حەلەب، لازقیە، حەما و تەرتووس" بوون.

ناوەندی ئەو بومەلەرزەیە لە ٣٠ کیلۆمیتریی باکووری ڕۆژاوای شاری ''غازی عینتاب'' لە تورکیە و ١١٤ کیلۆمیتریی باکووری ڕۆژاوای شاری حەلەب لە سووریە بووە.

بەهێزیی بومه‌له‌رزه‌كه‌ بە ڕادەیەک بووە کە لە باشووری کوردستان و وڵاتانی سووریە، میسر، یونان، ئێران و چه‌ند وڵاتی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌ هه‌ستی پێ كراوه‌.