کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دێموکراسی لە ڕوانگەی منی کوردەوە

22:46 - 17 رێبەندان 2722

ئەلبورز ڕۆئین‌تەن

لەو کاتەی کە پریکلس لە ئاگورای ئاتێن باسی لە دێموکراسیی ئاتێن وەک خاڵی بەهێزی ئەو دەوڵەتە کرد، زیاتر لە دو هەزار ساڵ تێپەڕیوە. دوای ئەو هەموو ساڵە لە ئێستاشدا یەکێک لەو وشانەی کە لە گۆڕەپانی سیاسەت بە زۆری باسی لێوە دەکرێت وشەی دێموکراسیی سەردەمی پریکلسە.

بێگومان دێموکراسی لە سیستەمە لیبڕاڵەکانی ئێستادا جیاوازە لە دێموکراسیی سەردەمی دەوڵەتشاری ئاتێن، چونکە ئەوکات دێموکراسیی ڕاستەوخۆ هەبوو، کە خەڵک جیا لە ژنان و کوێلەکان بەشدارییان لە بڕیاراتی سیاسی دەکرد، میکانیزمەکەش بەو شێوەیە بوو کە خەڵک لە ئاگورا، مەیدانی شار کۆ دەبوونەوە و بەشدار دەبوون لە دانی بڕیارەکاندا، بەڵام دێموکراسیی ئێستا کە بە دێموکراسیی نوێنەرایەتی دەناسرێ. لە شیکردنەوەکانی تۆماس هابزی بریتانیای سەدەی شانزدە بۆ هەبوونی دەوڵەتێک کە بتوانێ مافی سروشتیی خەڵک بپارێزێ دەست پێ دەکات. ئەو شیکردنەوە بۆ دەوڵەت کە لە سەردەمی هابزدا تەنانەت نەرێنی بەڵام پێویست بوو. ئەو هەوڵەی هابز لە کتێبێکدا بە ناوی "لێڤیاتان" شی کراوە بەڵام لە شوێن و کاتی جیاواز بە چەند ڕێڕەوی جیاوازدا تێپەڕی و تا بە ئەمڕۆش بەردەوامە، لەوانە ڕێڕەوەی ئینگلیزی کە دواتر لە ڕێگەی جۆن لۆک کە بە باوکی ئایدۆڵۆژی لیبڕاڵیزم دەناسرێ کە پێ لەسەر پێویستی و ئەرێنی‌بوونی حکومەت و مافی تاک دادەگرێت و ئەوەش وا دەکات ڕێگە بۆ حکومەت بە ناوی خەڵکەوە کەم کەم بونیاد بنرێت و لە ڕێگەی فەیلەسوفانی دیکەشەوە وەک جان ستوارت میل بە ڕێفۆرمی جۆراوجۆر و بەردەوام تا بە ئەمڕۆ بێت کە بە یەکێک لە دێموکراسیە بەناوبانگ و نمونەییەکانی دونیا ناودەر بکات.

ڕێڕەوی دوەم ڕێڕەوی سەردەمی ڕۆشنگەری فەڕەنسایە کە بە ڕۆشەنگەری یارانی ئەنسیلۆپێدییا دەستی پێکرد و دواتر لە ڕێگەی گرێبەستی کۆمەڵایەتیی ڕۆسۆ و هەروەها جیاکردنەوەی دەسهەڵاتەکانی دادوەری و جێبەجێکردن و یاسا دانانی مۆنتۆسکیو و هەروەها شۆڕشی فەڕەنسا بۆ دژایەتی کردنی دەسەڵاتی شا و ئازادی خەڵک بناغەی دانراو تا بەئەمڕۆش لە چوارچێوەی کۆماری بەردەوامە، بە پێچەوانەی ئەزموونی بریتانیا ئەزموونی فەڕانسە پڕە لە شۆڕش و توندوتیژی تا ئەوەی کە بە ئەمڕۆ گەیشتووە.

ڕێرەوی ئەمریکا دوای زاڵبوون بەسەر شەڕی نێوخۆی و ستاندنی سەربەخۆییش خۆی لە خۆیدا ئەزموونێکی جیاوازە. بێگومان ئەو ڕەوتانە کاریگەرییان بە سەریەکەوە هەبووە بەڵام لەوەش گرینگتر کاریگەری کولتوور و مێژووی خەڵکی ئەو شوێنەی کە دێموکراسیەکە تێیدا سەری هەڵداوە جێگای سەرنجە. بۆ نمونە وێڕای ئەوەی کە دێموکراسیی دانمارک و بریتانیا دوو دێموکراسیی مۆنارشین، بەڵام جیاوازییان هەیە و لە زۆر شوێن ئەوەی لە وڵاتی ئیسکاندیناوی هەیە بە جیاواز و تایبەت باسی لێوە دەکرێت.

بەگوێرەی دابەشکاریی سیستەمی سیاسی کە ئەندرو هیود، نووسەری کتێبی سیاسەت  باسی دەکات وڵاتانی جیهانی سێیەم کە جیاواز لە وڵاتانی لیبڕاڵ دێموکراسیی ڕۆژئاوا و هەروەها وڵاتانی کۆمۆنیستین کە ئێمەش دەگرێتەوە هەوڵ دەدەن بەرەو دێموکراسی بڕۆن، لە لایەکی دیکەوە هەوڵی ئەمریکا لە چوارچێوەی سیاسەتی فەرمی ڕاگەیەنراو بۆ پەرەپێدانی دێموکراسی لەو وڵاتانە وەک هەنگاوێک بۆ پێشکەوتن و دژایەتیی کۆمۆنیزم و فەندەمێنتاڵیزم لە زۆر شوێن شکەستی خواردووە و تەنانەت لە ئێستاشدا باسێکی جیددیی ئەو وڵاتانە نەبوونی دێموکراسی و لێکەوتەکانی دێموکراسی وەک مافی مرۆڤە. بە جورێک لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پڕ گرفت، دێموکراتترین وڵات بە پێوەری جیا ئیسرائیلە و دەکرا حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە باشووریش کە لە ڕێزی دووەمدا دێت، زۆر لەوەی ئێستا باشتر بێت. هەر بۆیەش کورد و کوردستان بە گشتی و ڕۆژهەڵات بە تایبەتی لەو شوێنانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستن کە وێڕای ویستی هەبوونی دێموکراسی هەوڵەکانیان بۆ بە دێموکرات‌کردن بەرچاون و تەنانەت ڕووبەڕوی توندوتیژی زۆری وڵاتانی کە کوردستانیان بە سەر دابەش کراوە بۆتەوە.

لە بەیاننامەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتدا هاتووە کە "دونیای دێموکراسی بە سەر فاشیزم سەرکەوتوە" واتە لەو کاتەوە تا بە ئێستا بە هەموو شێوەیەک داوای دێموکراسی دەکات تا لە ژێر سێبەری ئەو دێموکراسییە بە لانی کەمی مافەکانی بگات، بەڵام بە پێچەوانەوە حوکمڕانانی ناوەند نەک گوێیان لەو دەنگە نەگرتووە و بەتوندی سەرکوتیان کردوە، بۆ خۆشیان چ لە چوارچێوەی حکومەتی پاشایەتی و چ لە چوارچێوەی حکوومەتی ویلایەتی فەقیهـ دیکتاتورییەکیان داناوە کە لە دژایەتیکردنی خەڵکی خۆی و نەتەوە بندەستەکاندا لە دونیادا دەگمەنە.

دوای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بە تایبەتی دوای ئەوەی سەلماندی کە دەکرێ کۆماری ئیسلامی بڕووخێنرێ، ئۆپۆزیسیونی غەیری کوردی کۆماری ئیسلامیی بە هەموو ڕەنگەکانیەوە وە چالاکی خستووە بۆ ئەوەی سواری شەپۆلی هێزی خەڵک بن بە باسکردن لە دێموکراسیی خۆیان بە جێنشینی کۆماری ئیسلامی بزانن.

ئەوەی کە وشەی دێموکراسی تەنیا وەک وشە نیشانەی دێموکرات‌بوونی ئۆپۆزیسیۆن نییە لێرە بوەستێ، بەڵام کاتێک لە تێفکرینی ئەو ئۆپۆزیسیۆنە ورد دەبیەوە هەر یەکێکیان لە شوێنی خۆی دیکتاتۆرێکە کە ڕووی دیکتاتوریی ئەوانەی پێش خۆی سپی دەکات، بۆ نموونە سەری قسە و بنی قسەی ڕەزا پەهلەوی دێموکراسیە، بەڵام دژایەتیی خوێندن بە زمانی دایکی دەکات و، بەداخەوە هیچ یەکێک لە ئەوانەی بەدوای کەوتن ئەوەی لێ ناپرسن باشە کام دێموکراسیی پێشکەوتووی دونیا ڕێگری لە خوێندن بە زمانی دایک دەکات کە تۆی داواکاری دێموکراسی، ئەو مافە مرۆڤایەتیە سروشتیە بە ڕەوا نازانی؟ یا ئەو بەشەش کە دژایەتیی ڕەزا پەهلەویش دەکەن دەیانهەوێ لە چوارچێوەی زۆرینە و کەمینەدا دەنگی نەتەوەکان نەبیسن و بەو شێوەیە پەراوێزیان بخەن و دواتر بڵێن ئەوە دێموکراسییە.

دێموکراسی بۆ منی کورد چیە؟

یەکەمین خاڵی دێموکراسی لە ئێرانی داهاتوودا دەبێ داننان بێ بە نەتەوەبوونی کورد، چونکە ئەگەر وەک نەتەوە نەتبینێ، جیاوازییەکی ئەوتۆشت بۆ دانانێ و وەک تارانییەک سەیرت دەکات و تەنانەت داواکارییەکانیشت لە باشترین دۆخدا لە چوارچێوەی مافی شارومەندی دادەنێ، قایل بووی ئەوە باشە، ئەگەر نا ئەوە دوژمنی و دەبێ سەرکوت بکرێی. بۆیە یەکەم خاڵی هەر دێموکراسییەکی داهاتوو دەبێ داننان بە نەتەوەبوونمان بێت لە چوارچێوەی سیستەمی داهاتوودا، و ئەو بابەتە خاڵی سوور بێت. چونکی ئەگەر وەک نەتەوە نەتبینیێ ڕێز لە مافی نەتەوەییشت ناگرێ، ئەو مافە نەتەوەییەی سەدان ساڵە بە ڕووبار خوێنی بۆ دەدەین.

دووهەم خاڵ دوای ئەوەی کە دانی دانا بە نەتەوەبوون، مافەکانت لە چوارچێوەی مافی نەتەوەییدا دەبێ ڕێزی لێ بگیرێ کە سەرەکیترینیان مافی دیاریکردنی چارەنووسە. واتە هەر جۆرە سیستەمێک کە بۆ داهاتووی ئێران دیاری دەکرێ، دەبێ کورد بڕیاری لە سەر بدات بۆ ئەوەی هەست بکات کە وەک نەتەوە بڕیاری داوە لە چارەنووسی خۆی. بێ ڕێزگرتن لە مافی دیاریکردنی چارەنووس واتە وەک نەتەوە ناتبینێ و ئەگەر وەک نەتەوە نەتبینێ هەر داوایەکیشت هەبێ بچووک و گەورە، گوێی لێ ناگرێ و تەنانەت بە مەترسییشی دادەنێ و سەرکووتت دەکات.

ئەو بابەتانە گومان و پێشبینی نین، بەڵکوو مێژووی کوردن. سەیر بکەن لە هەموو مێژووی کورددا ئەوە نەتەوەیە لێی دەدرێ و سەرکوت دەکرێ بۆوەی وەک نەتەوە داوای ماف نەکات، نیزامی سیاسیی وڵات داوا لانی کەمەکانیشی جێبەجێ ناکات تا داوای زیادتر نەکات، هەر هەوڵێکی کوردیش چەندیش ئاشتیخوازانە و تەنانەت لە چێوارچێوەی تەواویەتی خاکی ساختەی ئێرانیش بێت کە بۆ ئەوان گرینگە، هەر بە مەترسی دادەنرێ و سەرکوت دەکرێ.

ئەو دوو خاڵە سەرەتای گەیشتن بە دێموکراسی بۆ منی کوردن بەو ڕابردووە خوێناوییەی کە تا بە ئەو چرکەساتەش لە چوارچێوەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بەردەوامە. تەنیا بەو شێوەیە دەتوانم باوەڕ بە دێموکراسی ئەوانەی داوای دێموکراسی دەکەن بهێنێم بە پێچەوانەکەی خۆم هاوکاری دامەزراندنی دەوڵەتێک دەکەم کە دوایە سەرکوتم دەکات.

بابەتێکی دیکەش ئەمەیە کە لێرە و لەوێ دەڵێن ئێستا کاتی ئەو بابەتە نییە و ئێستا هەر دەڵێین دێموکراسی و دواتر دەچینە وردەکارییەوە. ئەو یەکەمین پێلانەکانی سەرکوتکردنی کوردە. مێژوو زانستێکە بۆ ئەوەی لێی فێربین دەبینین: شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری کە گەیشتە دەوربەری ورمێ بە ناوی وتووێژ و ئاشتییەوە ئەوەندە ڕایانگرت تا هێرشیان کردە سەر و ئەو شۆڕشەیان شکست پێ هێنا. ڕەزا شا سەرەتای بێ‌هێزبوونی سەردانی سمکۆ دەکات و داوای هاوکاریی لێ دەکات، کە هاتە سەر تەخت و بەهێز بوو بە هەموو هێزیەوە کەوتە دژایەتیی شۆڕشی سمکۆ و تەنانەت کاتێک بە زەبری هێز نەیتوانی شۆڕشەکە لە نێو بەرێ بە فێڵ و بە ناوی وتووێژ شەهیدی کرد. حەمەڕەزا شا تا خۆی بەهێزکردەوە و لەگەڵ زلهێزان ڕێک کەوت، پێشەوای نەمری ئێمەی لە تاران دەبینی و گفتۆگۆی لەگەڵ دەکرد، کە شوێن پێی خۆی گرت لە چوارچرا لە سێدارەی دا. با باسی دانوستاندنەکانی تاڵەقانی و هەیئەتی دەوڵەتی خومەینییش نەکەین کە چۆن دوای هێزگرتنیان فتوای ژێنوسایدی کوردیان دا و، دواتر هەر کە نەیانتوانی بەرگریی کورد تێک بشکێنن، کوردیان بانگهێشتی سەر مێزیان کرد و جارێکی دیکە بە هۆی ئەوەی ئاشتیخواز بووین، زاناترین و گەورەترین ڕێبەرمان لە دەست دا.

تەنانەت لەو ساڵانەی دوایی کە کۆماری ئیسلامی مەترسی لە سەر خۆی دەبینێ بە هەموو جنایەتانەوە دێت داوای دانوستاندن دەکات، بۆیە هەر کاتێک کە گوتیان ئێستا کاتی نییە و دوای باس دەکەین، واتە کە بەهێز بووین سەرکوتتان دەکەین. ئایا کەسێک هەیە گەڕەنتی بدات کە لە داهاتوو ئەوە ڕوو ناداتەوە، هەر زوو لە وەڵامی ئەو پرسیارە دەگوترێ لە سیاسەتدا گەرەنتی نیئە، کە گەرەنتییش نەبێ واتە تەنیا ئەوکاتە منیش باوەڕ بە وتووێژەکە دەکەم کە دوو مەرجی داننان بە نەتەوە بوون و مافی دیاریکردنی چارەنووس وەک ئەسڵێک پەسەند بکرێت.

پرسەکە زۆر سادەیە. داواکارانی دێموکراسی دەبێ دان بە مافی نەتەوەکان دابنێن، بەبێ داننان بە مافی نەتەوەکان ئەوان دێموکرات نین، ئەگەر دێموکرات نەبن، واتە دێموکراسیش بەدی نایێ، کە واتە منی کوردیش نابێ ببم بە سووتەمەنیی دامەزراندنی دیکتاتورییەتێکی دیکە.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٤٠ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.