کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قومارە گەورەکەی ئێران

23:08 - 17 رێبەندان 2722

ئامانج زیبایی

کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی دەسەڵاتدارەتیی خۆیدا و لەپێناو ڕاگرتنی هەیمەنە و هێژمۆنیی خۆیدا هەموو ئامرازەکانی سەرکوتی بۆ بەگژداچوونەوەی ویست و داواکارییە بەحەقەکانی نەتەوەکانی ئێرانی بەکار هێناوە و لە ئامرازی هەڵداشتنی قەیرانەکان بۆ دەرەوەی سنوورەکانی و هەڵگیرساندنی شەڕی دەرەکییش دەستی نەپاراستووە.

ڕێژیم لە ماوەی دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ژینا  بە هێرشکردنە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان بۆ چەندین جار هەوڵی دا ڕەوتی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان لە نێوخۆی ئێران بە گشتی و لە کوردستان بەتایبەتی بەلاڕێدا ببا. ئامانجی ڕێژیم لەو سنووربەزاندن و هێرش بۆ سەر حیزبە کوردییەکان ئەوە بوو وا بنوێنێ کە ئەم ڕاپەڕین و سەرهەڵدانەی ئێران هۆکاری دەرەکیی هەیە تا بەمجۆرە ناڕەزایەتییەکان لە ئێرانی پێ پەردەپۆش بکەن. جگە لەم بابەتە کۆماری ئیسلامی ئێران هەم بۆ خۆی و لۆبیەکانی جاڕی ئەوەی دا کە نەتەوەکانی ئێران سەودای سەربەخۆیی و لەتکردنی ئێرانیان هەیە و هێندێک لە بەناو ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵاتیش ئەم هەوایەیان بۆ ڕێژیم ئەستاندەوە و تەندووری چەواشەکارییەکانی ڕێژیمیان نێڵ دا. بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی دوای ئەوەی بۆیان دەرکەوت کە ئاستی تێگەیشتنی سیاسیی خەڵک زۆر لەوە لەسەرترە وحیزبە سیاسییەکانی کوردستانیش لەوە ژیرترن کە بکەونە داوی ژوورە فکرییەکانی ناوەندە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم؛ پەنایان بردە بەر سیناریۆی هەڕەشەکردن لە چەند دراوسێیەکی خۆیان، واتە هەرێمی کوردستان و کۆماری ئازەربایجان. ئەمەش پەرەی بەو تیۆرییە دا کە ئاخۆ ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا بۆ بازدان بەسەر قەیرانە نێوخۆییەکانیان قەیرانێکی دیکە دروست دەکەن؟ بەڕوونی ئایا لە دەرەوەی سنوورەکانیان شەڕێک وەڕێ دەخەن؟ ئاخۆ لە بنەڕەت‌دا شەڕ لە بارودۆخی ئێستادا چەندە لە بەرژەوەندیی مانەوەی کۆماری ئیسلامی لە دەسەڵات‌دایە؟

بە سەرنجدان لە سەر بابەت گەلێک کە چارەنووسی شەڕ یەکلایی دەکاتەوە دەبینین کە هیچ کام لەو فاکتەرانە لە بەرژەوەندیی ڕێژیمدا نییە. ژێرخانی ئابووریی وڵات لە خەراپترین بارودۆخی خۆیدایە، تا ئەو ڕادەیە کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بۆ چارەسەرکردنی کورتی‌هێنانی بودجەی وڵات و پێدانی مووچە و مزی کارمەندەکانی ئیزنی بە دەوڵەت داوە ملكە تاپۆکراوەکانی بفرۆشێت. لە هاوکێشە سیاسییە نێودەوڵەتییەکانیشدا دیپلۆماسیی ڕێژیم لە خوارترین ئاستی خۆی‌دایە و پاڵپشتیی نەک جیهانی بەڵکوو ناوچەییشی نەماوە. خۆ ئەگەر جاران کەم‌وزۆر و بە شێوەیەک لەلایەن چین و ڕووسیەوە پاڵپشتییەکی ئاست نزمی لێ دەکرا، ئێستا لەوەش بێبەری بووە. چین زیاتر بە نیازە خۆی لە وڵاتانی عەرەبی نێزیک کاتەوە و ڕووسیەش بۆخۆی لە شەڕی ئوکرایندا چەقیوە و تەنانەت ئەوە کە چاوی هیوای لە ئێران بۆ پشتیوانیی لۆجستیک بڕیوە.

دۆخی نێوخۆیی و پێگەی سیاسیی ئێران لە هاوکێشە جیهانییەکان جۆرێکە لە ئەگەری ڕوودانی شەڕ یان ڕووبەرووبوونەوەی چەکداری یان خود پەرەپێدان بە ناکۆکییە ناوچەییەکان کە ستراتیژیی سەرەکی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، تەنانەت ڕووسیەش کە لە ئێستادا قەرزباری ئێرانە، ناتوانێت بەهانای دەسەڵاتدارانی تاران بگات. دیارە هەر لەجێدا پێشێلکردنی پرەنسیپە نێونەتەوەییەکانی دیپلۆماسی لە تاران و هەرجارە بە بیانوویەک و بە شێوەیەک هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکان هیندەی دیکە ستاتۆی ڕێژیمی لاواز کردووە. هەر لە ئێستادا دوای هێرشە تێرۆریستیەکەی سەر بالیۆزخانە کۆماری ئازەربایجان، ئەم وڵاتە هەڕەشەی کشاندنەوەی دیپلۆماتەکانی خۆی دەکات لە تاران و ئەوەش بە پەیامێک دادەنرێ لە سیکلی دیپلۆماسیدا. گرینگی ئەو بڕیارەی ئازەربایجان بۆ ئەمە دەگەرێتەوە کە کۆماری ئازەربایجان پێوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە و دەستی ئەو وڵاتە زیاتر لە جاران بۆ هەر جورە کردەوەیەکی دژبەرانە بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران ئاوەڵا دەکات. بەتایبەت کە لە دوای هاتنەوەسەرکاری بنیامین نتانیاهوو دەبینین کە ئەم وڵاتە سوورتر لە هەر کات پێداگرە لە سەر ئەوەی نەهێڵێت کۆماری ئیسلامی دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات و ڕۆژ بە ڕۆژ لۆبیی ئیسرائیل لەم پێوەندییەدا بەهێزتر دەبێت. ڕێکەوتنی ئیبراهیم وڵاتانی دراوسێی ئێرانی گرتۆتەوە و تەنانەت بەرجامیش کەوتۆتە بەر کاریگەریی ئەم بابەتە و هێرشەکەی چەند ڕۆژ پێش ئێستای سەر شارەکانی ئیسفهان و چەند شارێکی تری ئیران ئەم تیورییە پشت ڕاست دەکاتەوە.

 لە ڕاستیدا لەم کاتەدا کۆماری ئیسلامی بۆ هەڕشەکردن و بەرگری‌کردن لە خۆی و یان خۆ پارێزی تەنیا پشتی بە مووشەک و درونەکانی بەستووە و وێناچێ بیەوێ قومارێکی گەورەیان لەسەر بکات. لە هەمووی گرینگتر ئەوەیە کە ڕای گشتیی کۆمەڵگەی ئێران پشتیوانی لە سیاسەتە چەوتەکانی ئەم ڕێژیمە ناکات و ئەو پروپاگانداییەی کە لە کاتی شەڕی نێوخۆیی سووریە باسی لێ دەکرد و دەیگوت ئەگەر لە دەرەوەی سنوورەکانمان بەرنگاری دووژمن نەبینەوە ئەوە دەبێ لە نێوخۆدا بەرنگاریان ببینەوە پووچ دەرچووە.

 لە ئێستادا شەر گەیشتۆتە نێو خاکی ئێران و دەشبینین کە هێزەکانی تێرۆریستیی سەر بە سپای پاسداران چۆن دەستەوەستان ماونەتەوە بەرامبەر بەم هێرشانەی کە دەکرێتە سەریان و هەرجارە بیانویەک دێننەوە بۆ خۆدەربازکردن لەو شەڕەی نایانەوێ بۆ ئێرانی بکەن.

ئەم بابەتە لە ژمارەی٨٤٠ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.