کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنەماڵەی قوربانییانی کوشتاری ساڵی ٦٧، داوای دەرکردنی دیپلۆماتکارانی ڕێژیمی ئێرانیان لە ئەمریکا کردووە

10:04 - 18 رێبەندان 2722

دوای بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لەسەر ئەوەیکە دیپلۆماتکارانی کۆماری ئیسلامی دەستیان هەبووە لە جینایەتەکانی ڕێژیم لە دەیەی ٦٠دا، بنەماڵەی قوربانییان داوای دەرکردنی ئەو کەسانەیان لە ئەمریکا کردووە.

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، ژمارەیەک لە بنەماڵەکانی قوربانییانی کوشتاری بەکۆمەڵی بەندکراوانی سیاسیی ئێران کە لە هاوینی ١٣٦٧ی هەتاویدا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کوژران، بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و ڕایانگەیاند: بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی، محەممەدجەعفەر مەحەلاتی، دیپلۆماتکاری پێشووی کۆماری ئیسلامی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوکارانی دەستیان هەبووە لە جینایەتەکانی دەیەی ٦٠دا و ئێستا لە ئەمریکا نیشتەجێن؛ داوا دەکەین کە ئەو کەسانە لە ئەمریکا دەر بکرێن.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: لەنێوان مانگی گەلاوێژ تا مانگی سەرماوەزی ١٣٦٧ی هەتاوی، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، ١٦ جار هۆشداریی ئاگادارکردنەوەی بەپەلەی بۆ کۆماری ئیسلامی ناردووە و داوای کردووە کە کۆتایی بە کوشتاری بەندکراوانی سیاسی بهێنێت.

لەم ماوەیەدا، میدیاکانی ئەمریکا باس لە کوشتارەکانی کۆماری ئیسلامی دەکەن و کۆبوونەوەیەی ناڕەزایەتی لە بەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوە چوو و داوایان لە دەوڵەتی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە جینایەتکارانی کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتە و لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەر بکەن.