کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاریس بە پشتیوانیکردن لە گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران، هەڵوێستی خۆی لەگەڵ تاران گۆڕیوە

10:25 - 18 رێبەندان 2722

ڕادیۆ فەرانسە لە زاری کارناسانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند: فەرانسە لەو ماوانەی دواییدا ڕاستەوخۆ هەڵوێستی خۆی لەهەمبەر کۆماری ئیسلامی گۆڕیوە و پشتیوانی لە دژبەرانی ڕێژیم دەکات.

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، "دەیوید ڕیگۆلە ڕۆز"، کارناسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەبارەی گۆڕینی هەڵوێست و سیاستەکانی دەوڵەتی فەرانسە لەهەمبەر کۆماری ئیسلامی، بە ڕادیۆ فەرانسەی وت: ئەوەیکە فەرانسە پشتیوانی لە خۆپیشاندەران و ژنانی شۆڕشگێڕی گەلانی ئێران دەکات، نیشانەی ئەوەیە کە پاریس بە تەواوی خەریکە لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی سیاسەتەکانی دەگۆڕێت و هەڵوێستی دیکەی دەبێت.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەمانوئێل مەکڕۆن، سەرۆککۆماری فەرانسە، ڕێزی تایبەتی خۆی بۆ ژنانی بوێری گەلانی ئێران دربڕیوە و لە چوارچێوەی ئەو شۆڕشەی کە دژی کۆماری ئیسلامی دەستیان پێ کردووە، پشتیوانییان لێ دەکات.

ئەو کارناسە باسی لەوەش کرد کە پێوەندیی تاران و پاریس لە ئێستادا ئاڵۆزە و هیچ بەرەوپێشچوونێکی نییە. فەرانسە لە بەرامبەر سەرکوتکردنی خوێناویی خۆپیشاندەران لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، هەڵوێستی توندی نواندووە و بە توندی ئەو تاوانانەی کۆماری ئیسلامیی مەحکووم کردووە.