کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باکوو: هێرشی سەر باڵوێزخانەی کۆماری ئازەربایجان لە تاران، پێشتر پیلانی بۆ داڕێژرابوو

11:15 - 18 رێبەندان 2722

هاوکات لەگەڵ قسەکانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی کە وتی، ئاگاداری ئەو هێرشە نەبوون، بەرپرسێکی ئازەربایجان ڕایگەیاند: ئەو هێرشە هەم تێرۆریستی بووە و هەمیش لە پێشدا پیلانی بۆ داڕێژرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، بەپێی ڕاپۆرتی "نیوو ئاز"، "ئایخان حاجیزادە"، بەرپرسی دەفتەری چاپەمەنیی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئازەربایجان، لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە باکوو وتی: پۆلیسی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا لەبارەی هێرشی سەر باڵوێزخانەی کۆماری ئازەربایجان لە تاران، هیچ هەنگاوێکی نەناوە و لەسەر ئەو هێرشە تێرۆریستییە هیچ لێکۆڵینەوەیەکیشی نەکردووە.

وێڕای ڕوونکردنەوەکانی کۆماری ئیسلامی کە دەڵێت هێرشبەر کێشەی کەسیی هەبووە، "ئایخان حاجیزادە" وتی: تێرۆریستەکە بەتەواوی کەلوپەلی کردەوەی تێرۆریستیی پێ بووە و سەرەتا تەقەی لە بینای باڵوێزخانەکە کردووە و شووشەکانی شکاندووە و دواتر ماشینی باڵوێزخانەی سووتاندووە. دواتر کەسێکی نەناسراو بەرەو لای ماشینی تێرۆریستەکە ڕۆیشتووە و کۆمەڵێک شتی لەوێ هەڵگرتووە، بۆیە هەموو ئاماژەکان ئەوەیە کە ئەو هێرشە، تێرۆریستییە و کۆماری ئیسلامیش تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی نەناوە.