کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی بومەلەرزەکەی شاری خۆی، ٢١٢٠ خانوو ڕووخاون

12:06 - 18 رێبەندان 2722

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا و بەهۆی بومەلەرزەکەی شاری خۆی، دوو هەزار و ١٢٠ خانوو ڕووخاون و زیاتر لە هەزاران کەس لە خەڵکی ئەو شارە بێ ماڵ و حاڵن.

هەواڵدەریی "تەسنیم" کە سەر بە ڕێژیمی ئێرانە، لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی سێشەممە ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی بڵاوی کردووەتەوە، باسی لەوە کردووە کە بەهۆی بومەلەرزەکەی شاری خۆی، زیاتر لە دوو هەزار و ١٢٠ خانوو بە تەواوەتی ڕووخاون و بە هەزاران کەس لە خەڵکی ئەو شارە ئاوارە بوون و لەم وەرزی سەرمایەدا لە خێوەتدا دەژین.

ناکارامەیی بەرپرسانی ڕێژیم وای لە خەڵکی شاری خۆی کردووە کە پاش ١٠ ڕۆژ لە بومەلەرزەکەی ئەو شارە، خەڵک ئێستاش پێداویستییە سەرەتاییەکانیان بۆ دابین نەکراوە و لە خێوەتدا دەژین.

سەرەڕای ئەوەیکە پێویستە ڕێژیمی ئێران هاوکاری بە بومەلەرزەلێدراوانی شاری خۆی بەگەیەنێت، سەرقاڵی یارمەتیگەیاندن بە تورکیە و وڵاتانی دەوروبەرە و خەڵکی ئەو ناوچەیەی پشتگوێ خستووە.

لەلایەکی ترەوە لە تورکیە، ئەو خەڵکەی کە بەهۆی بومەلەرزەوە لەژێر خانووە ڕووخاوەکاندا گیریان کردووە، لە ڕێگەی ئینتێرنێتەوە داوای یارمەتی لە بەرپرسانی وڵاتەکەیان دەکەن، بەڵام لە شاری خۆی ڕێژیم ئینتێرنێتی پچڕاندووە و وڵامی داخوازیی یارمەتیی ئەو خەڵکە بە سەرکوتکردن و بێڕێزیکردن دەداتەوە.

بەڵام سەرەڕای ڕێگیریکردنی هێزەکانی ڕێژیم لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکانی خەڵکی کوردستان بە بومەلەرزەلێدراوانی خۆی، خەڵکی کوردستان بە هەموو شێوازێک یارمەتییە مرۆییەکانیان دەگەیەننە ئەو شارە.