کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی ئیدریس هۆرمزی

14:12 - 18 رێبەندان 2722

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی ئیدریس هۆرمزی، خەباتکاری خۆڕاگر و ماندوویی‌نەناسی نێو چاڵەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
بە داخەوە سەر لە بەیانیی ١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی خەباتکار و تێکۆشەرێکی تێگەیشتوو، و پێگەیشتووی بزووتنەوەی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان "نەمر ئیدریس هۆرمزی" کە چەندین ساڵ لە تەمەنی پڕ لە سەروەریی خۆی لە چاڵەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بردە سەر، بە هۆی جەڵتەی دڵ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر ژیان‌ئاوایی لە هاوڕێ و هاوسەنگەر و ڕێبوارانی ڕێگای ئازادی کرد.
 کاک "ئیدریس هۆرمزی" ساڵی ١٣٥٢ لە شاری پیرانشار چاوی بە دونیا هەڵینا و، خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندیی هەر لەو شارە تەواو کرد. کاک ئیدریس هەر لە هەڕەتی لاوەتی هەستی بە چەوسانەوەی گەلەکەی کرد، هەر بۆیە زۆر زوو تێکەڵ بە کاری سیاسی و کوردایەتی بوو. ساڵی ١٣٦٩ پێوەندی بە تەشکیلاتی نهێنی حیزبی دێموکراتەوە کرد و دواتر لە ساڵی ١٣٧٢دا بە ڕەسمی بوو بە پێشمەرگە. کەسایەتیی  بەرزی کاک ئیدریس وای کردبوو کە زۆر زوو بتوانێ جێگای خۆی لەنێو دڵی هاوڕێ و هاوسەنگەرانیدا بکاتەوە، پلەکانی سەرکەوتن یەک لە دوای یەک ببڕێ و بیکات بە کادرێکی چاوکراوە و تێگەیشتوو و پێگەیشتوو.
 هاوڕێ ئیدریس ساڵی ١٣٧٨ لە مەئموورییەتێکی سیاسی-تەشکیلاتیدا لە گەڵ سێ هاوڕێی لە ڕێکەوتی ١٤ ڕەزبەری ١٣٧٨هەتاوی لە گوندی قەڵات سەر بە ناوچەی بەری مێرگانی پیرانشار لە شەڕێکی نابەرانبەردا، بە برینداری لەگەڵ هاوڕێیەکی تری کەوتنە دەستی هێزە بەکرێگیراوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. دوای ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر سەرەنجام لە بەناو دادگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا سزای ٢٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ڕەجایی‌شاری کەرەجیان بەسەردا سەپا. 
هاوڕێ ئیدریس لە زیندانیشدا نموونەی خۆڕاگری بوو، لەوێش هەر زوو ڕیگای خۆی بینییەوە و دەست کرد بە خوێندنەوەی کتێب و خۆپێگەیاندن و هاندانی هاوبەندییەکانی بۆ خویندن وخوێندنەوە. خسڵەتە بەرز و ئینسانییەکانی کاک ئیدریس وای کردبوو کە ببێتە جێگای باوەڕ و متمانەی هەمووان.
سەرەنجام دوای پێنج ساڵ و شەش مانگ مانەوە لە بەندیخانەکانی ورمێ (دەریا) و ڕەجایی‌شاری کەرەج  بە بارمتەی قورس لە بەندیخانە هاتەدەر و ئەو هەلە دەقۆزیتەوە و ناگەڕێتەوە زیندان و لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٨٣ ڕاستەوخۆ هاتەوە مەیدانی خەبات و تێکۆشانی بەکردەوە و تا دوا ساتەکانی ژیانی ماندوو نەناسانە، لە مەیدانە جوراوجورەکانی بەربەرەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کاری کرد.
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێرای بەداخبوون بۆ کۆچی دوایی ئەو مرۆڤە مەزنە، هاوخەمیی خۆی ئاراستەی هاورێ و هاوسەنگەران و بنەماڵەی بەڕێز
هۆرمزی و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەین

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی