کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەپۆلی دەسبەسەرکردنی سیخوڕەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی ئازەربایجان بەردەوامە

12:22 - 12 رێبەندان 2722

چەند ئۆپراسیۆنێکی تایبەت بۆ دەسبەسەرکردنی سیخوڕەکانی ڕێژیمی ئێران لە باکوو دەستی پێ کردووە و تا ئێستا ٣٩ کەس دەسبەسەر کراون.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٢ی ڕێبەندان، "باکوو تیڤی"، میدیای سەر بە کۆماری ئازەربایجان لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کرد: "تا ئێستا ٣٩ کەس بە تاوانی سیخوڕیکردن بۆ ڕێژیمی ئێران لە ئازەربایجان دەسبەسەر کراون."

لە درێژەی ڕاپۆرتی "باکوو تیڤیـ"ـدا هاتووە: "ئەو کەسانەی کە دەسبەسەر کراون، خۆیان بە کەسانی ئایینی ناساندووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لە بەرژەوەندیی ڕێژیمی ئێران چالاکییان کردووە. هەروەها ئەو کەسانە هەوڵی ئاژاوەنانەوە لە ئازەربایجانیان داوە و زانیارییان بۆ ڕێژیمی ئێران ناردووە."

پێشتر میدیاکانی کۆماری ئازەربایجان لەوبارەوە باسیان لەوە کردبوو کە ٧ کەس بە تاوانی سیخوڕیکردن بۆ ڕێژیمی ئێران لە باکوو و چەند شارێکی دیکە دەسبەسەر کراون.