کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات لە پیرانشار کۆچی دوایی کرد

10:36 - 19 رێبەندان 2722

ڕۆژی سێشەممە ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، دایە ڕۆقیە مینایی‌فەڕ، دایکی مامۆستا "حەسەن واژی"، پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کچی کاک سەید عەلی مینایی‌فەڕ و هاوژینی مامۆستا سەید نوورەدین واژی، لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا لە شارەدێی پەسوێ سەر بە شاری پیرانشار، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە ڕۆقیە مینایی‌فەڕ، ساڵی ١٣٢٨ی هەتاوی لە ئاوایی گۆڕناوێی سەر بە شاری نەغەدە لەدایک بووە. ناوبراو لە تەمەنی ۲۱ ساڵیدا و لە بەهاری ساڵی ۴۹ی هەتاوی لەگەڵ کەسایەتیی بەڕێز و ناودار مامۆستا سەید نوورەدین واژی هاوسەرگیری دەکات.

لەسەر داوای کەیخودایانی ئاوایی پەسوێ لە پاییزی ساڵی ۵۰ی هەتاویدا، مامۆستا سەید نوورەدین وێڕای هاوسەرەکەی بۆ ئەو ئاواییە کۆچ دەکەن و ماوەی ٥١ ساڵ دایکایەتی بۆ تەواوی خەڵکی ناوچە دەکا و هەموو خەڵک بە چاوی دایکی خوێنیی خۆیان چاوی لێ دەکەن.

دایە ڕۆقیە خاوەن دوو کوڕ و نۆ کچ بووە و کوڕێکی بە ناوی مامۆستا ''حەسەن واژی'' ماوەی چەند ساڵە لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات وەک کادرێکی لێهاتوو و تێکۆشەر خزمەت بە گەل و نیشتمانەکەی دەکات.

هەروەها کوڕێکی دیکەی دایە ڕۆقیە بە ناوی مامۆستا سەید جەماڵەدین واژی، کەسایەتیی بەرزی ئایینی و پێشنوێژی "پەسوێ" لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە ڕۆژی سێ ڕێبەندانی ئەمساڵ دەسبەسەر کراوە.

نیشتمانپەروەری و دڵسۆزیی ئەو بنەماڵەیە بووەتە هۆی ئەوەیکە لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە پیرانشار، بەردەوام بێڕێزییان پێ بکرێت و ئازار بدرێن.

دایە ڕۆقیە کەسێکی خۆشەویستی خەڵک، ژیر و خەمخۆر و لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە، هەروەها لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران ڕۆڵی دایکێکی دڵسۆزی بۆ پێشمەرگەکان گێڕاوە.

تەرمی ئەو دایکە نیشتمانپەروەرە لەنێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەکە لە گۆڕستانی پەسوێ بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکاری دایە ڕۆقیە و هەموو بنەماڵەی واژی دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.