کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری قوربانیانی بوومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژاوای کوردستان گەیشتە نزیک ٩ هەزارکەس

11:41 - 19 رێبەندان 2722

دوای زیاتر لە ٤٨ کاتژمێر لە بوومەلەرزەی تورکیە و باکووری کوردستان و سووریە و ڕۆژاوای کوردستان، هەوڵەکان بۆ ڕزگارکردنی خەڵک بەردەوامە و هەر ساتێک ژمارەی قوربانییەکان ڕوو لە زیادبوون دەکات و هەتا ئێستا نزیکەی ٩ هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە.

فوئاد ئۆکتای، جێگری سەرۆکۆماری تورکیە ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەی باکووری کوردستان و تورکیەی ٦ هەزار و ٢٣٤ کەس و ژمارەی برینداربووانی ٣٧ هەزار و ١١ کەس ڕاگەیاند.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا نزیکەی ٨ هەزار کەس لەژێر داروپەردوودا ڕزگارکراون و زیاتر لە ٥ هەزار و ٧٧٥ باڵەخانە بە تەواوی وێران بوونە.

هەروەها لە ڕۆژاوای کوردستان و چەند شارێکی دیکەی سووریە ٢ هەزار و٥٣٠ هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە ٤هەزار و ٦٤٥ کەسیش برینداربوون.

لە کوردستانی سووریە خەڵک دۆخێکی ناخۆش تێ دەپەرێنن و بەهۆی ئەوەی بەشێک لەو ناوچانە لەژێر کۆنترۆڵی لایەنگرانی تورکیە و دژبەرانی ڕژێمی "بەشار ئەسەد" دان هەوڵەکانی گەڕان بۆ ڕزگارکردنی خەڵک ئەستم دەڕواتە پێش و هێشتا خەڵکێکی زۆر لە ژێر بیناکاندا ماوەنەتەوە.

بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٨ پلەی ڕیشتەر تورکیە و باکوور و ڕۆژاوای کوردستانی هەژاند، هەتا ئیستا ئاماری قوربانیانی ئەو ڕووداوە گەیشتووەتە نزیک ٩ کەس و بە هەزاران کەسیش بریندار بوون.