کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوایین پەلەقاژەکان بۆ مانەوە

12:19 - 19 رێبەندان 2722

ئاسۆ مینبەری

وردە وردە خەریکە لە ٥ مانگەی شۆڕشی ژینا لەژێر دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، نزیک دەبینەوە، شۆڕشێکی جەماوەری کە وەک زۆرجاریش باسی لێ کراوە، فاکتەرە سەرەکییەی دەسپێکردنی زۆر جیاوازتری لە چاو بزووتنەوەکانی پێش خۆی بوو، هەر بۆیە زۆر خێرا توانی سنوورەکان تێک بشکێنێ و لە کوردستانەوە بگاتە شارەکانی ئێران و لەوێشەوە دەنگی زۆر کەسایەتیی جۆراوجۆری جیهانی و وڵاتانی جیهان بخاتە پاڵ دەنگی مافخوازانەی خۆیەوە.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بەتایبەت لە کوردستان، شۆڕشەکە بەردەوام و شێلگیرانە بوو، چونکە وەک لە مێژووی کوردستاندا دیارە، ئەوە کورد بووە کە هیچکات ئامادە نەبووە بچێتە ژێر ڕکێفی پاوانخوازی و لە هەموو بڕگە مێژووییەکانیشدا بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی داوە و بێگومان لەو ڕێگایەشدا پێشەنگ بووە، هەر بۆیە ئەمجارەش و لە درێژەی ئەو بەڵێنە لەمێژینەی کە کورد بە خۆی داویەتی کە هیچکات ملکەچی ستەمکار نەبێت، ئەوە نەتەوەی کوردە کە بە هەموو هێز و تواناوە لە گۆڕەپانی شەڕ لەگەڵ داگیرکەردا بەردەوامە و خەریکە نرخی ئازادی بە خوێن دەدا!

ئەوەی کە لە چوارچێوەی ئەم نووسینەدا خۆی دەنوێنێ، هەڵوێستە سەیروسەمەرەکانی بەرپرسان و ناوەندە جۆراوجۆرەکانی ڕێژیم لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا بوو، پاش شەهیدکرانی ژینا ئەمینی بە دەستی هێزەکانی گەشتی ئیرشاد. بینیمان کە ڕێژیم کەوتە بەرگری‌کردن لە خۆی و بە چەواشەکردنی ڕاستییەکە و بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێرای چاوەدێریی ناوەندی گەشتی ئیرشاد هەوڵی دا مەرگی ژینا لە ئەستۆی خۆی بکاتەوە، بێ‌ئاگا لەوەی کە دەسکاریکردنی نەزانانە و چەواشەکارانەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانە و وایراڵ‌بوونی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەندین بەرانبەر تووڕەیی خەڵکی زیاتر کرد، چونکە بە پێچەوانەی ویستی ڕێژیم خەڵک سەرنجی ژینایان دا و بۆیان پرسیار بوو کە ئاخۆ جلەکان و ڕواڵەتی ژینا، چ دژایەتییەکی لەگەڵ یاسا داسەپێنراوەکانی ئەوان بوو کە ئاوا بێ‌بەزەییانە کوشتیان! هەر بۆیە لە یەکەم هەنگاودا تووشی شکست بوو، شکستێک کە وای کرد ناچار بێ بۆ قەرەبووکردنەوەی دەست ببات بۆ زەبری چەک و وڵامی داخوازییە ڕەواکانی خەڵک لە شەقام و کۆڵانەکاندا بە ساچمە و فیشەکی جەنگی بداتەوە! بەلام ئەمە هەموو پرسەکە نەبوو، پرسە سەرەکییەکە ئەوە بوو کە سەرەڕای کەڵک‌وەرگرتنی ڕێژیم لە چەک و هێزی سەرکوتکەری خۆی بۆ بێدەنگ‌کردنی شەقام، خەڵک بە دەستی بەتاڵ و تەنیا بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، کۆشکی پۆشاڵیی ڕێژیمیان خستە مەترسیی ڕووخانی یەکجارییەوە.

لە یەکەم ساتەکانی دەسپێکی شۆڕشی ژیناوە تاکوو ئێستا ڕێژیم هەوڵی داوە بە کەڵکوەرگرن لە هەندێ دەرفەت، شۆڕشەکە تووشی لاوازی بکات، بۆ نموونە لە ڕۆژی لەدایکبوونی فاتمەی زەهرادا کە بە ناوی ڕۆژی ژن لە ئێراندا ناسراوە، بە ڕێکخستنی بەرنامە و فرتوفێڵی چەواشەکارانە ویستی پێناسە داسەپێنراوەکەی خۆی بۆ ژنان جارێکی دیکە بکاتە ڕۆژەڤ و بە پیرۆز نیشاندانی بژاردەکانی دایك‌بوون و هاوسەربوون، دژایەتیی بنەڕەتیی خۆی لەگەڵ شۆڕشەکە دەربڕی. لە ڕاستیدا ئەوەی کە جێگای خۆشحاڵی بوو، بەتایبەت لە کوردستان ئەوە بوو کە خەڵک زۆر وشیارانە پیلانەکەیان خوێندەوە و بە بایکۆتی پیشانگا و پیلانەکانی دیکەی ڕێژیم، ئیزنیان نەدا کە هیچ شتێک لە مەیدانی کردەوەدا بتوانێ بەرەنگاری شۆڕشی ژنان بۆ دەستەبەرکردنی ژیان و ئازادی ببێتەوە.

لە ڕۆژانی ڕابردووشدا دیسانەوە لە هەوڵێکی دیکەدا، کۆڕێک بەناوی کۆڕی ژنانی تێگەیشتووی ئینقلابی ئیسلامی، هەستاون بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکدا و بە قسەی خۆیان ویستوویانە "ئێغتشاشات"ی ئەم دواییانە مەحکووم بکەن و بەرگری لە نیزامی ئیسلامی و ڕێبەری نیزامەکەیان بکەن! لەم بەیاننامەیەدا پێناسەی ئازادییان لەگەڵ بەرەڵایی و خۆڕووتکردنەوە تێکەڵ کردووە تاکوو بە خەیاڵی خۆیان، بەردەنگەکانیان وا تێ بگەن کە شۆڕشی ژینا، شۆڕشێک بۆ خۆڕووتکردنەوە و پەرەدان بە بەرەڵایی بووە و ئەوە زیاتر لە ٤ مانگە خەڵک بە هەڵە لەم بابەتە تێگەیشتوون و بەم شێوازەش کۆمەڵگای ئێرانیان تێک داوە!

لە ڕاستیدا بەشێک لە فەلسەفەی دەسپێکردنی شۆڕشی ژینا، شەڕ لەگەڵ ئەم پێناسەیەیە کە کۆماری ئیسلامی لە ئازادی دەیکا، ئازادی پێناسەی تایبەتی خۆی هەیە و بێگومان هیچکام لەو کەسانەی لە ماوەی ٤ مانگی ڕابردوودا خوێنیان بۆ بڵێسەدارترکردنی ئەم شۆڕشە دا، بە شێوازی کۆماری ئیسلامی، ئازادییان پێناسە نەکردووە؛ لەلایەکی دیکەشەوە ئەوە وێنە و ڤیدیۆی خودی دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمە کە پەیتاپەیتا بڵاو دەبێتەوە و تێیدا ئەوەی کە بەدی ناکرێ ئەو حیجابە ئیسلامییەیە کە بۆ خەڵکی بە ڕەوا دەزانن و خۆیان لێی هەڵدێن! هەموو ئەم هەوڵانەی ڕێژیمیش، نیشاندەری ئەوەیە کە شۆڕشی ژینا، توانیویە کۆشکی دەسەڵاتیان بڕووخێنێ و ناچاری کردوون بەم شێوازە دوایین پەلەقاژەکانی خۆیان بۆ مانەوە بکەن.

شۆڕشی ژینا، دژکردەوەی هەموو ئەو ستەمانەیە کە لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا، لە ژنان و کچان و تەنانەت پیاوانی ئێران و کوردستان کراوە، دژکردەوە بە سیستەمێک کە فێری کردن ژن نیوەی پیاوە و نابێ هیچ ناڕەزایەتییەکیش دەرببڕی، مافەکانی دەبێ پێشێل بکرێن تاکوو ئیدئۆلۆژیی ویلایەتی فەقیهی بەهێزتر بێت، پیاوانی وا پەروەردە کرد کە ملکەچی یاسا دژەمرۆییەکانی ئەوان بن و شاگەشکە بە پیاوبوون و هێزی خۆیان بن، هەر بۆیە شۆڕشی ژینا بە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر خۆیان دەزانن و بە پەلەقاژەی جۆراوجۆر ئەیانەوێ، بە لاڕێیدا ببەن و بایەخ و لە گەورەیی ئەم شۆڕشە کەم بکەنەوە. بێگومان شۆڕشێک کە پاش ئەم هەموو ساڵە بۆ بەرگری لە کەرامەت و مافی کچێک دەستی پێ کردووە، بە هیچ دەسەڵاتێکی خوێنمژ سەرکوت ناکرێت و هەر بە ئاکامی دڵخوازی خۆی دەگات.

ئەم بابەتە لە ژمارەی ٨٤٠ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.