کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جیهان لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامییدا

12:26 - 19 رێبەندان 2722

ڕێباز مەلەکشاهی

لەوەتەی ڕاپەرینە نێوخۆییەکانی ئێران دەستی پێ کردووە، هەڵوێستی جیهانیش سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی گۆڕاوە.

 ئەگەر پێش لە ئاڵۆزییەکانی ئێران وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتوم داوای سازان و دانوستان و تێکەڵاوییان لە کۆماری ئیسلامی دەکرد، ئیستە ئەوە ڕۆژئاوایە کە ئەو پرسەی خەواندووە. وڵاتی چینیش گەرچی لە نێوخۆیدا بە تەواو مانا نیزامێکی سیاسیی دیکتاتۆرییە، بەڵام لە سیاسەتی دەرەوەدا یاسامەند و خۆی لەگەڵ هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکان ڕێک‌ خستووە؛ بە هەڵگیرسانی شۆڕشی جەماوەری لە ئێران لەگەڵ ئەوەدا لە سەردەمی دەسەڵاتی شاوە هەتا ئیستە هاوپەیمانی ستراتیژیکی ئێران بووە، لە وەرچەرخانێکی ستراتیژیکدا خۆی لە گێچەڵ و  سەرجەنجاڵییەکانی کۆماری دوور خستەوە و بەو هەڵوێستەی پشتی ئابووریی ئەو وڵاتەی شکاند. چین وڵاتێکە کە کاڵا و شتوومەکە خاوەکانی بە ئاسانی و خێرا بۆ نەخت دەبێتەوە، بەڵام ئاڵۆزییەکانی نێوخۆ بوو بە هۆی ئەوە کە چین تا ڕادەییەکی زۆر لە بازاڕەکانی ئێران بکشێتەوە.

ئەگەر پێش لە ڕاپەڕین تەنیا ئەمریکا بایکوتی دەخستە سەر کۆماری ئیسلامی، ئەوە لە ئیستەدا پارلەمانی ئورووپا وەک ناوەندی یاسایی و بۆروکراتیکی ڕۆژئاوا و تەنانەت تەواوی جیهان، باڵی چەکداری و بڕیاردەری کۆماری ئیسلامیی خستۆتە لیستی تێرۆرەوە. سپای پاسداران وەک گەورەترین هێزی میلیشیایی جیهانی کە لە ئاڵوگۆڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا دەوری سەرەکی هەبوو ئیستە ڕەوایی جیهانیی خۆی لە دەست داوە.

هەڵوێستی چین و ئورووپا دو گورز و تەزووی کوشەندە بوو لە پەیکەری کۆماری ئیسلامی درا. بڕیارەکانی ئورووپا ڕەوایی جیهانی هەیە و ئەگەر ڕۆژێک لەدژی هەر لایەک بڕیار دەربکات، ئەوە لە ژاپۆن و ئوسترالیاوە هەتا ئەمریکا وەک بڕیارێکی یاسایی پەسەندی دەکەن و خۆیان بە ملکەج دەزانن بۆ جێبەجێ‌کردنی. بڕیاری بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران لێکەوتەی زۆری بە دواوەیە و هەموو وڵاتانی جیهان و ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، ناتۆ، ئۆپێک، دادگا جیهانییەکان (لاهە،دادگای ئورووپا و...)، ئینترپۆل، کۆنڤانسیۆنەکان و ،،،تاد دەتەنێتەوە.

ئەو هەڵوێستەی پاڕلمانی ئورووپا کە بێتوو لە بەردەوامیی خۆیدا لە کۆڕی وەزیرانی وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپاشدا پەسند بکرێ، لە باری دەرئەنجام و دەسکەوتەوە چەند بەرانبەری هەڵوێستی ئەمریکایە لە یازدەی سیپتامبەردا. ئەگەر لە یازدەی سیپتامبەردا عێراق و ئەفغانستان کرانە ئامانج، ئەوا لەو بڕیارەی ئورووپادا، مەبەست بەهێزترین و ستراتیژیکترین وڵاتی ناوچەکە واتە ئێرانە.

ئابووریی کۆماری ئیسلامی بە سپاوە گرێ دراوە و هەروەها هەموو سەرچاوە کلیدییەکان و داهاتی وڵات موڵکی ئەو ڕێکخراوەیە. بە هۆی ئەو بڕیارەوە ئابووریی نێوخۆی ئێران دەگات بە قەیرانیترین ئاستی خۆی لە داهاتوودا.

سپا هەر هەڵویستێک بگرێ، چ بە کشانەوە بێ لە بەرانبەر ئورووپادا یا هەڵبژاردنی شەڕ، بە زیانی خۆی دەشکێتەوە. قسە ئەوەیە کە ئورووپای ئیستا بۆ ئێران ئیدی ئورووپاکەی جاران نییە. لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی ئۆکراین، ئورووپا بەئاشکرا و بە یارمەتیی لۆجستیک پشتی ئۆکراینی گرت. لە دوای یارمەتییە درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕووسیە، ئورووپا زیاتر لە سپای پاسداران و بەگشتی کۆماری ئیسلامی بەقیندا کەوت.

ڕوویەکی دیکەی ئەو باسە ئەوەیە کە دو چەمکی سیاسەت و ئابووری وەک دو باڵی سپا وایە و لێک جیا ناکرێنەوە. بەو بڕیارەی ئوروپا کۆماری ئیسلامی لە باری ئابوورییەوە تووشی گەورەترین ئاستەنگ دەبێتەوە و هەموو  سەرە پەتەکانی لە دەست دەردەچێت. ئابووریی ئێران ئابوورییەکی میلیتاریستییە و هەموو داهاتەکان لە فیلتەر و داڵانی سپاوە دەچێتە خەزێنە و بەرنامە و بودجەی دەوڵەتەوە.

پرۆژەکانی سپا لە وڵاتانی ناوچەشدا بە هۆی ئەو بڕیارەی پاڕلمانی ئورووپاوە بێتوو لایەنی کردەیی بگرێتەخۆی، لە هەموو وڵاتانی جیهاندا تووشی قەیرانی گەورە دەبێتەوە و بەپێی یاسای دیاریکراو، بەئاسانی دەتوانن ببنە بەربەست و کۆسپی سەر ڕێگای. واتە هەر ڕێکخراو و حیزب و لایەنێک لەگەڵ سپای پاسداراندا هاوکاری و هاوپەیمانیی سەربازیی کردبێ، وەکوو ئەو ڕێکخراوە حیسابی بۆ دەکرێ و چارەنووسی گرێ ئەدرێت بەو ڕێکخراوە توندئاژۆوە.

لە کۆتاییدا دەبێ بگوترێ کە سپا وەک هێزێکی سیاسی ـ سەربازی و تێرۆریستی لە بڕیاری خۆی دانابەزێ و ناچارە شەڕی مان و نەمان بکات. سپا بەرهەمهێنەری چەکوچۆڵی سەربازییە و تەنانەت ئەو بەرهەمانەش هەناردەی وڵاتانی ناوچەکە دەکات. سپا لە وڵاتانی ناوچەکەدا خاوەن هێزی میلیشیا و گروپگەلی تیرۆریستییە و لەوانەیە لە داهاتوودا ئەگەر توانایی ئابووری ڕێگە بدات، چالاکیان بکاتەوە. ئەوەشە وا دەکات کە جیهان لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا بوەستێت.

ئەم بابەتە لە ژمارەی ٨٤٠ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.