ئارەش ساڵح
لە دوای دەسپێکردنی شۆڕشی ژینا لە ئێراندا باسی پێکهاتنی هاوپەیمانی لەنێو ئۆپۆزیسیوندا گەرمتر لە جاران هاتۆتە ئاراوە. لەو پێوەندییەدا کۆمەڵگەی کوردستان و لایەنگرانی حیزب زیاتر لە جاران نیگەرانییەکانی خۆیان بە نیسبەت شێوازی تەعامولی حیزب لەگەڵ ئوپۆزیسیونی ئێرانی دەردەبڕن و هەرکەس و لایەنێک بە ئێستێدلالێکەوە باس لە چوارچێوەی کار و هەنگاوەکانی لەم پێوەندییە دەکات و ئاکامگیرییەکانیش زۆربەی کات زۆر لە یەک دوورن؛ لە یەک وشەدا کێشەکە ئاڵۆزە.
یەکەمین فاکتەر بۆ ئاڵۆزبوونی کێشەکە هەبوونی دیوارێکی بەرزە لە بێمتمانەیەیی کە لەنێوان ئێمە وەکوو گەلی کورد و نەتەوەی باڵادەستدا هەیە. لەم چەند دەیەی ڕابردوودا نەتەوەی باڵادەست نەتەنیا دەنگی نەخستۆتە پاڵ دەنگی گەلی کورد، نەتەنیا سەرکوتی بێبەزەییانەی گەلی کوردی لەلایەن حکوومەتەوە مەحکووم نەکردووە، بگرە زۆربەی جارەکان، سەڕەرای دژبەرییان لەگەڵ حکوومەت، ڕەواییان بەخشیوە بەو سەرکوتە و پشتگیرییان لەو حکوومەتە کردووە بۆ سەرکوتی بزاڤی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد. چاوەڕوانیی ئەوەی کە ئەم ئاراستەیە بە شەوێک و مانگێک و ساڵێک و دە ساڵ گۆڕانی بەسەردا هاتبێت، کەمێک دوورەدەست دەنوێنێ.
فاکتەری تر کە ئەم بابەتە ئاڵۆزتر دەکات گوتاری ئوپوزیسیونە کە هەڵگری هیچ چەشنە لە دانپێدانان بە مافەکانی گەلی کورد نییە. هیچ کام لەو هێڵە گشتییانە کە لایەنە ئۆپۆزیسیونەکان باسی لێوە دەکەن هەڵگری ئەو چەمکانە نین کە دەرخەری پەسەندکردنی پلۆرالیزمی ئێتنیکی بن و مافی پێکهاتە جیاوازەکان بەتایبەت نەتەوەکان لە ناویاندا دانیان پێدانرابێت. هەندێک باس و چەمکی گشتیبێژی کە هەڵگری تەفسیری زۆر جیاواز بن ناتوانن بۆ ئێمە ببن بە پێوەر بۆ ئەوەی لەسەر داخوازەکانی ئۆپۆزیسیون بڕیار بدەین. بۆ وێنە ئێمە ناتوانین لەسەر ئەوە بڕیار بدەین کە کەسێک یان لایەنێک بڵێت ئێمە باوەڕمان بە دێموکراسی هەیە، لەبەر ئەوەی دەسەڵاتداریی دێموکراتیک لە دنیای ئەمڕۆدا تەیفێکی زۆر بەربلاو لە سیستەمی دەسەڵاتداریی جیاواز لەخۆ دەگرێت کە لە جەمسەرێکی تەیفەکە ئەو حکوومەتانەن کە هەڵبژاردن بە تەنیا شەرتی وەدیهاتن و دەستەبەری دێموکراسی دەبینن. چەمکی مافی مرۆڤیش وەک چەمکێکی بەربڵاو تەنیا شموولی ئەو بەڵگەنامانە ناکات کە لە چوارچێوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکاندا و بە ناوی مافی مرۆڤەوە پەسەند کراون. ئەو مافانە لانیکەمێک لە مافەکان لەخۆ دەگرێت کە تەنانەت کۆماری ئیسلامییش بەشێکی زۆر لەوانی پەسند کردووە. مافی مرۆڤ بۆ وێنە لە چوارچێوەی یەکیەتیی ئورووپادا زۆر پێشکەوتنخوازانەترە لە مافی مرۆڤ لە چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، و ئەمە لەبەر ئەوەیە کە ڕێژێمە نادیموکراتیکەکانی نێو ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان قەد ڕێگەیان نەداوە هەندێک خاڵ کە لەدژی دەسەڵاتی سەرەڕۆیانەیە بتوانن پەسەند بکرێن. پێویستە ئەو لایەنانە کە پرسی مافی مرۆڤ بۆڵد دەکەن، بۆمان ڕوون بکەنەوە کە ئەو مافی مرۆڤە ئاخۆ هەڵگری ئەو خاڵانەیە کە یەکیەتیی ئورووپا بەفەرمییان دەناسێت؟ ئایا بۆ گەلی کورد وەکوو نەتەوەیەک بۆ ئیدارەی خۆی و دیاریکردنی چارەنووسی ئەو مافانە بە ڕەوا دەبینێ یان نا؟
سەرەڕای ئەو ناڕوونییانە، لایەنە فارسەکان بەردەوام خەریکی ئەوەن نەتەوەکانی بندەستی ئێران سوێند بدەن کە پارێزەری یەکپارچەیی خاکی ئێرانن. ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەرنامەی سیاسیی هێزە کوردییەکان -وەک حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە- ئەوەیە لە چوارچێوەی ئێرانێکی دیموکرات و فیدراڵدا مافەکانی گەلی کورد دابین بکرێت و خۆی ئەو بەرنامەیە دابینکەری مانەوەی یەکپارچەیی ئێرانە. بۆیە ئەو پێداگرییە لەسەر یەکپارچەیی خاکی ئێران و سوێنددان و بچووککردنی نەتەوەکان لەسەر ئەو ئەساسە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو لایەنانە دەیانەوێ حیزب و لایەنە سیاسییە دیار و شوێندانەرەکلانی کورد کە دەتوانن پێش بە پاوانکردنی دەسەڵات لەلایەن ئەوانەەوە بگرن، لە پانتایی سیاسەت دەربکەن و پەراوێزیان بخەن. بۆیە حیزبە کوردییەکانیش پێویستە ڕاشکاوانە بەرەوڕووی ئەو پرسە ببنەوە.
فاکتەری سێهەم بۆ ئاڵۆزتربوونی کێشەکان لەو ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرێ کە پێکهاتنی گۆڕان لە دۆخی گەلی کورد بە گۆڕانی ڕێژیمەوە نەبەستراوەتەوە. گۆڕانی ڕێژیم لە کاتی ئێستادا دەکرێ پێشمەرج بێت بۆ گۆڕانکاری لە بەرژەوەندیی ئێمە، بەڵام ئەوە مەرجی تەواوکەر یان شەرتی کافی نییە. لە ڕاستیدا پێوەندیی سەردەستی و ژێردەستیی نێوان نەتەوەکان گرێدراوی ڕێژێمی سیاسی نییە، بەڵکوو گرێدراوی ستەیت یان وڵات و شێوازی فۆرمگرتنی ئەو وڵاتەیە. ئەمە نەتەنیا دامەزراوە سیاسییەکان وەکوو دامەزراوە ئەمنیەتییەکان، پەروەردە، زمانی فەرمیی وڵات و هتد لەخۆ دەگرێت، بەڵکوو دامەزراوە ئەخلاقی و فیکرییەکانیش دەگرێتەوە کە واتابەخشی وڵاتن. هەربۆیە ئەو گۆڕانکارییەی ئێمە بەپێی دۆخی خۆمان مەبەستمانە، زۆر قووڵترە لە گۆڕانی ڕێژێمی سیاسی. بۆ ئەو مەبەستە ئێمە پێویستیمان بەوە هەیە بۆمان دەرکەوێ کە لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی فارس لە ڕاستیدا و لە قووڵایی تێگەیشتنیاندا لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانە هەن. ڕاستییەکەشی ئەوەیە ئەوان پێچەوانەکەیان دەرخستووە و ئێمەش دەزانین کە ڕووخانی ڕێژێم بە واتای ڕووخانی وڵات یان ستەیت نیە. تەواوی دامەزراوە پۆلیسی، نیزامی، زمانی فەرمی، پەروەردە و هەموو ئەوانە بە ڕووخانی ڕێژێم دەمێننەوە و دەکەونە دەست هەر ڕەوتێکی فارس کە دوای ڕووخانی ڕژێم بتوانێت بزماری خۆی لە تاران زووتر دابکوتێت. پاشان تاران، بە هەبوونی ناوەندی سیاسی و ڕێژێمی سیاسی و بە لەدەستدابوونی هەموو دامەزراوە نەرم و سەختەکانی سەرکوت دیسانەوە دێتەوە بۆ سەرکوتی کوردستان و قەوانە کۆنەکە لێ دەداتەوە.
لە دۆخەدا بابەتێک کە دەبێ پێش لە هەرشتێک وەکوو پرەنسیپ لەبەرچاوی بگرین ئەوەیە کە یەکەمین و گرینگترین شت بۆ حیزبێکی سیاسی پێگەی کۆمەڵایەتیی ئەو حیزبەیە. ئۆپۆزسیۆنی فارس زۆری بۆ گرینگە کورد _بەتایبەت بە وەرگرتنی مەرجەکانی ئەوان_ بەشێک لەو هاوپەیمانییە بێت، نەک لەبەر ئەوەی پێیان وایە هاوڕایی و هاوخەباتیی کورد زووتر ڕێژێم دەڕووخێنێت. ئەوان باشتر لە هەموو کەس دەزانن ئێمە لە سەرەتاوە و بێ ئەوانیش لەدژی ئەم ڕێژێمە خەباتمان کردووە و هەروەها باش دەزانن کە گرینگترین فاکتەر بۆ ڕووخانی ڕێژیم هەر فارسەکان و تارانە. ئەوان بە مەبەستی جیاکردنەوەی حیزبە کوردییەکان لە بستێنە کۆمەڵایەتییەکەیان بە دوای هاوڕێکردنی ئێمەن. ئەوان پێیان وایە ئەوەی کیشەی کورد نوێنەرایەتیی دەکات ئەوە حیزبەکانن و ئەگەر ئەو حیزبانە پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆیان لەدەست بدەن و نەتوانن نوێنەرایەتیی گەلەکەیان بکەن ئەوە سەرکوتکردنی کورد دوای گۆڕینی ڕێژێم زۆر ئاسانتر دەبێت. هەربۆیە پێیان وایە ئەگەر حیزبە کوردییەکان ناچار بکەن گرینگی نەدەن بە بەدەنەی کۆمەڵایەتیی خۆیان و بەبێ مولاحێزاتی ئەو بەدەنەیە بڕیار بدەن، ئەوا بەدەنەکەش پشت لە حیزبەکانیان دەکەن. بۆیە دەتوانم بڵێم کە یەکەمین و دیمەکراتیکترین ئەسڵ کە پێویستە ئێمە لەو پێوەندییەدا لەبەرچاوی بگرین مانەوەیە لەگەڵ بەدەنە و پێگەی کۆمەڵایەتیمان. بەبێ بەدەنە ئێمە وەکوو حیزبەکانی فارسمان لێ دێت و دەبین بە چەند کاڵتی جیا لە کۆمەڵگەکەمان.
بابەتی دووهەم کە دەبێ لە بەرچاوی بگرین شەفافییەتە لە بەرانبەر بەدەنەی خۆمان. ئێمە داخوازەکانمان دیارن و ئەگەر بەپێی هەر ئێستێدلالێک گەیشتینە ئەو قەناعەتە کە تێکەڵ بە هاوپەیمانییەک بین یان نەبین، ئەوا پێویستە بەتەواوەتی و بە شەفافی بە لەبەرچاوگرتنی سەرنجە ئەمنیەتییەکان، خەڵکی خۆمان لە مێکانیزمی گەیشتن بەو بڕیارە ئاگادار بکەینەوە.
پرەنسیپی سێهەم کە پێویستە لەم پێوەندییە لەبەرچاوی بگرین ئەوەیە ئێستا کاتی ئەوەیە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی فارسدا ژیرییەکی تەواومان هەبێت و ئەو ڕوانگەیەش لەسەر ئەساسی بەرژەوەندی دامەزراوە. دۆستایەتی و دوژمنایەتی هیچ لایەنێک بۆ ئێمە زاتی و ئەزەلی و ئەبەدی نیە. ئەوەی کە فاکتەری سەرەکییە بۆ ئێمە بەراوردی دەسکەوت و تێچوویە لە پیوەندی لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی حیزب و ڕۆژهەڵات. واتە ئێمە دەتوانین لەگەڵ هەموو کەس بسازێین مادام لە بەرژەوەندیی ئێمەدا بن.
پرەنسیپی دوایی و گرینگ دۆزی گەلەکەمانە. فەلسەفەی وجوودی ئێمەی گەلی کورد و بەرنامەکەمانە بۆ چارەسەری کێشەی کورد. هەر هەنگاوێک کە ئەو بابەتە پشتگوێ بخات فەلسەفەی وجوودیی ئێمە دەباتە ژێر پرسیار. ئەگەرچی ئێمە دەتوانین هەندێک کاری هاوبەش لەگەڵ هەندێک لایەن بکەین، بەڵام ناتوانین تێکەڵ بە پێوەندییەک بین کە ئێمە دەروەست بە بابەتێک بکات کە لەدژی فەلسەفەی بوونی ئێمەیە. واتە ئێمە ناتوانین تێکەڵ بە هاوپەیمانییەک بین کە نەتوانێت لانی کەم پلۆرالیزمی ئێتنیکی وەکوو ئەسڵێک قەبووڵ نەکات. بەکارهێنانی دەستەواژەی پلۆرالیزمی ئیتنیکی ئەگەرچی دەستەواژەیەکە کە هەڵگری هەموو چوارچێوەی فیکریی ئێمە نییە، بەڵام ئەو دەستەواژەیە ئەو ئیمکانە بە لایەنی بەرامبەرمان دەدات کە بتوانن ئاسانتر لەبەرانبەر خواستەکانی ئێمەدا کۆتا بێن و لە ئاکامدا ئەو کۆتاهاتنە هەمان کاریگەریی دەبێت کە قبووڵکردنی وێژمانی ئێمەیە. ئەوەش بە واتا دەستهەڵگرتن و کشانەوە لە هەندێک لە پڕەنسیپەکانی ئەدەبیاتی سیاسیی خۆمان نییە، بەڵکوو بەو واتایەیە کە چەمکێک بە لایەنی بەرانبەرمان پێشنیار دەکەین کە قبووڵکردنی بۆ ئەوان ئاسانتر بێت و لە ئاکامدا ئێمە لە بەرنامەکەی خۆمان کە ئیدارەی خۆمان بە دەستی خۆمان و دابینبوونی مافەکانی گەلی کوردە لە چوارچێوەی ئێراندا نزیک دەکاتەوە.
پوختەی مەبەست: نەچوونە نێو هاوپەیمانییەک کە پێچەوانەی بنەما هزرییەکانی خۆت بێت، لەدەستدانی هەلێکی سەیروسەمەرە نییە. ئەزموون نیشانی داوە ئەگەری ئەوەی هاوپەیمانییەکی ئەوتۆ سەرکەوتوو بێت زۆر کەمە و پێناچێ هاوپەیمانییەکی وا ئاکامێکی ئەوتۆی هەبێت و بتوانێت پێگەی کۆمەڵایەتی بۆخۆی بدۆزێتەوە. دووهەم دوای ڕووخانی ڕێژێم ئەو هاوپەیمانییانەش زۆر ناتوانن بمێننەوە و هاوکێشەکان بەتەواوەتی دەگۆڕێت و ئەوجار لایەنەکان بە دوای یارگیری و هاوپەیمانیی جیددیتردا دەگەڕێن. سێهەم، چ ئەو هاوپەیمانییە سەرکەوتوو بێت و چ سەرکەوتوو نەبێت، ئەگەری زۆرە ئێمە وەکوو گەلی کورد لەدوای ڕووخانی ڕێژیم ناچار بین بۆ بەرەوپێشبردنی بەرنامەکانمانان پشت بە هێز و پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆمان ببەستین. هەربۆیە پێویستە ئاگادار بین لە یارییە سیاسییەکانی ئێستادا بە بڕیارێکی بەپەلە تێچوویەکی کۆمەڵایەتی بەسەر خۆماندا نەسەپێنین و نەچینە نێو یارییەکەوە کە نەک قازانج، بەڵکوو مایەکەشمان لەکیس بچێت.
ئەم بابەتە لە ژمارەی ٨٤٠ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.