کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی کۆماری ئیسلامی لە مامۆستایانی قوتابخانەکان بۆ بەشداریپێکردنیان لە ڕێپێوانی حکوومەتیی ٢٢ی بەهمەندا

10:06 - 20 رێبەندان 2722

کۆماری ئیسلامی هەڕەشە لە مامۆستایان دەکات کە بەشداریکردن لە ڕێپێوانی حکوومەتیی ٢٢ی بەهمەن کاریگەریی لەسەر مووچە، هەڵسەنگاندن و پلەبەندیی مامۆستایان دەبێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی کۆماری ئیسلامی لە نامەیەکی هەڕەشەئامێزی تایبەتدا کە ناردوویەتی بۆ قوتابخانەکانی ناوچەی ئەنزەل سەر بە پارێزگای ورمێ، داوای لە مامۆستایان کردووە کە دەبێ لە ڕێپێوانی حکوومەتیی ٢٢ی بەهمەندا بەشداری بکەن و ئەم بابەتە کاریگەریی لەسەر مووچە، هەڵسەنگاندن و پلەبەندیی مامۆستایان دەبێت.

کۆماری ئیسلامی ئەوە باش دەزانێت کە گەلانی ئێران لە هیچ پلە و پایە و پۆستێکدا ئەو ڕێژیمەیان بە هیچ شێوەیەک ناوێت، ئەویش ناچارە لە ڕێگەی هەڕەشە و سەرکوت و بڕینی بژێویی ژیانیان ناچاریان بکات لە ڕێپێوانی ٢٢ی بەهمەندا بەشداری بکەن.

ناوەندەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە تەواوی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو جۆرە نامەیەیان بۆ قوتابخانەکان ناردووە کە مامۆستایان دەبێ بە زۆرەملێ لە ڕێپێوانی حکوومەتیی ٢٢ی بەهمەندا بەشداری بکەن.