کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە بۆکان و شنۆ، هاوکاری بۆ خەڵكی شاری خۆی کۆ کرایەوە

11:29 - 20 رێبەندان 2722

خەڵکی بەهەڵوێستی ئاوایی کانییەڕەش سەر بە شاری بۆکان، و هەروەها خەڵکی گوندی ئیسلاملوو سەر بە ناوچەی دەشتەبێڵی شاری شنۆ، هاوکاری و یارمەتییان بۆ خەڵکی بومەرزەلێدراوی شاری خۆی کۆ کردەوە و گەیاندیانە دەستیان.

ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، لە درێژەی هەڵوێستی نیشتمانیی خەڵکی یەکگرتووی کوردستان بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ خەڵکی لێقەوماوی شاری خۆی، خەڵکی بەهەڵوێستی گوندی کانییەڕەشی بۆکان و هەروەها خەڵکی گوندی ئیسلاملوو سەر بە ناوچەی دەشتەبێڵی شاری شنۆ، بە یەکدەنگی نەیانهێشت خوشک و براکانیان لە شاری خۆی بە تەنیا بن و یارمەتییان بۆ کۆ کردنەوە و گەیاندیانە دەستیان.

دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لەو بارەیەوە هاوکاری و یارمەتیی خەڵکی لێقەوماوی شاری خۆی نەداوە کە بەهۆی بومەلەرزەوە ماڵ و ژیانیان وێران بووە.

کۆماری ئیسلامی بە دەیان بارهەڵگر یارمەتی و هاوکاریی بۆ تورکیە و سووریە ناردووە، بەڵام هاوکاریی خەڵکی شاری خۆی نەکردووە و تەنانەت لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەهۆی سەرما و سەختیی دۆخەکەوە چەند کەسێک لەناو خێوەتە ناستانداردەکانی کۆماری ئیسلامی گیانیان لەدەست دا.