کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی لاوان بەبۆنەی ١١ی ڕەشەمە سیمینارێکی بەڕێوە برد

18:51 - 10 رەشەمه 2722

یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەبۆنەی ١١ی ڕەشەمە، ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات، سیمینارێکی بەڕێوە برد.

پاشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، یەکەیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەبۆنەی ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی خەباتی ئاشکرای حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، سیمینارێکی بە بەشداریی فاتمە عوسمانی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات بەڕێوە برد. 

سەرەتای سیمینارەکە بە چەند 
ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ‌ کرد.

دواتر فاتمە عوسمانی لەو سیمینارەدا  باسی لە ڕۆڵی ژنان لە خەباتی ئاشکرا و نهێنیی حیزبی دێموکراتدا کرد و وتی: لە مێژووی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتدا گرینگییەکی تایبەت بە ژنان دراوە، لە کۆماری کوردستاندا مەکتەب و قوتابخانەی بۆ ژنان داناوە و ئەو کاریگەرییانەی کە حیزبی دێموکرات لە کۆماری کوردستان هەیبوو ژنانیشی لێ بێبەش نەکردووە.

ناوبراو باسی لەوە کرد کە خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات کۆمەڵێک دەسکەوتی گرینگی هەبووە کە لە سەردەمی ئێستاشدا هەر بە پیرۆزی ماوەتەوە.

فاتمە عوسمانی لە درێژەدا زیادی کرد: خوێندەواریی ژنان لە سەردەمی کۆماری کوردستان بەشێک لە خەباتی حیزبی دێموکراتە کە ئێستاش وای کردووە کە ژنان لە گۆڕەپانی سیاسەت و ناوەندەکانی بڕیاردانی ئۆپۆزیسیۆن جێگە و پێگەی تایبەتیان هەبێت. ئەمە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی ژنان ئاگاهانە و بە زانیارییەوە لە گۆڕەپانی سیاسەتدا دەر بکەون. هەروەها یەکەیتیی ژنان لە کۆماردا دامەزرا و تا ئێستاش لە کار و چالاکییەکانی بەردەوامە.

لە کۆتاییدا بەشداربووان بە سەرنج و تێبینییەکانیان سیمینارەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.