کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سکای نیوز: ژەهراویکردنی قوتابییان بە ئاگاداریی بەرپرسانی ڕێژیمەوە جێبەجێ دەکرێت

10:05 - 17 رەشەمه 2722

هەواڵدەریی "سکای نیوز" لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا ڕایگەیاند کە ژەهراویکردنی قوتابییانی قوتابخانەکانی ئێران بە ئاگاداریی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە جێبەجێ دەکرێت.

ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، هەواڵدەریی سکای نیوز لە ڕاپۆرتێکی تایبەت سەبارەت بە ژەهراویکردنی قوتابییان لە ئێران و هەروەها وتووێژ لەگەڵ شایەتحاڵانی ئەو ڕووداوە ڕایگەیاند کە بە لەبەرچاوگرتنی هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەی کچان لە ئێران و هەروەها شاردنەوەی ڕاستییەکان لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە، ئەو هێرشە پلان بۆ داڕێژراوە و بە ئاگاداریی بەرپرسانی ڕێژیمەوە جێبەجێ کراوە.

خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و بە چەواشەکردنی ڕاستییەکان، لە چاوپێکەوتنێکی تێلێڤیزیۆنیدا، داوای سزای قورس بۆ بکەرانی ئەو تاوانە گەورەیەی کرد، بەڵام قسەکانی خامنەیی تەنیا چەواشەکارییە و ناتوانێت گەلانی ئێران بێنێتە سەر ئەو باوەڕەی کە ژەهراویکردنی قوتابییان، دەستی دەرەکیی تێدایە.

هەواڵدەریی سکای نیوز لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی: بە پێچەوانەی ئیدیعاکانی بەرپرسانی ڕێژیم کە دەڵێن، هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکان لە ئێران کاری ئیسلامییە توندڕەوەکان و دژبەرانی کۆماری ئیسلامییە، ئەو هێرشانە ناکرێت بەبێ ئاگاداریی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم جێبەجێ کرابێت.

سکای نیوز لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا بە ئاماژەدان بە سەرکوتی گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران دژی دەسەڵات، باسی لەوە کردووە: ڕێژیمی ئێران لە ئێستادا لەنێو کۆمەڵگەی جیهانی جێگەی متمانە نییە. ئەو ڕێژیمە بۆ بەلاڕێدابردنی هەست و ئاوەزی کۆمەڵگەی جیهانی و نێوخۆی ئێران، پەنای بۆ ژەهراویکردنی کچانی قوتابی بردووە و دەیهەوێت بەم کارە قێزەونەی سەرنجی کۆمەڵگەی جیهانی و نێوخۆی وڵات بۆ لای ئەو بابەتە ڕابکێشێت.