کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەبێ چ بکەین و چۆنی بکەین؟

10:07 - 17 رەشەمه 2722

(پوختەیەک لە قسەکانی کاک حەسەن شەرەفی، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب لە کۆنفڕانسی ڕێکخراوی جیهانی کورد)

ئێمە ئەمڕۆ لێرە کۆ بووینەتەوە بڵێین لە بڕگەیەکی تازەی مێژوویی‌داین و دەبێ چی بکەین! بۆ ئەوەی بڵێین دەبێ چی بکەین، دەبێ بزانین چی ڕووی داوە. چۆن ڕووی داوە، بەکوێ گەیووە، ئێمە لەکوێی ڕووداوەکانین.

ئەو شۆڕشەی لە ئارادایە، شۆڕشی ژینا، "ژن، ژیان، آزادی" دیاردەیەکی دەگمەنە لە مێژووی دەیان ساڵەی ئێراندا. پێشتر ناڕەزایەتی و بزووتنەوە بووە. بزووتنەوەی مامۆستایان، کرێکاران، ژنان کە دیارە ئەوانە هەموو ئێرانی نەگرتووەتەوە و داخوازەکان زۆرتر سینفی و بۆ دابینکردنی بەرژەوەندیی توێژێکی کۆمەڵ بوون. ئەوجار شۆڕشەکە هەموو ئێرانی گرتووتەوە. بەڵام لەکوێ هەستا؟ لە کوردستان. ئەو دروشمە کە ئیران و هەموو جیهانیشی داگرتووە لەکوێ لەدایک‌بووە؟ لە کوردستان. بۆ ئاوا بەربڵاو وڵاتی داگرت؟ لەبەر ئەوەی هەم پرسێکی ئینسانییە و، هەم پرسێکی ڕەگەزی و هەم پرسێکی نەتەوەیی تێدا بەرجەستەیە و لە هەموو ڕەهەندەکاندا باس لە نەمانی جیاوازیی لێک‌هەڵاواردن دەکات. بێجگە لەوە هیچ‌کات بزووتنەوەکان لە ئێران، ئاوا لێک‌گرێدراویی ئێرانییەکانی دەرەوی وڵات نەبووە کە هاوکاری و هاوپێوەندییەکان بەو جۆرە بێ.

ئەم بزووتنەوەیە لە کوردستان سەری هەڵدا، هەموو ئێرانی گرتەوە و دروشمەکەشی لەدایکبووی کوردستانە. ئەو بانگەوازانەی کە ناوەندی هاوکاری دانی، نە دوو جار و نە سێ جار، بەوانەی کە پێیان وابوو کۆماری ئیسلامی گوتەنی ئەو حیزبانە سەرکوت کراون و نەماون، یان بەشێکی دیکە وەکوو ئۆپۆزیسیۆن کە لایان وابوو نابێ ئەوەندە حیساب بۆ ئەو ڕێکخراوە کوردییانە بکەین، هەمووی شوشتەوە و شتێکی دیکەی لە جێگای دانا. کۆماری ئیسلامی بە سەرکوتی خوێناویی سەرشەقام و مووشەک‌بارانی بنکە و بارەگای حیزبە کوردییەکان دەریخست کە چەندە لەو شۆڕشە دەترسێ و دەزانێ ئاخێزگەکەی کوێیە و دەبێ لە کوێ بدا. بەشێک لە ئۆپۆزیسۆن کە دەیانگوت نابێ حیساب بۆ کورد بکەن، ئێستا ئەوە کوردە دەپرسێ کە ئاخۆ دەبێ حیساب بۆ ئەوان بکا یان نەیکا؟ کە وابوو ئێمە لە هەلومەرجێکی ئاوادا کۆ بووینەوە، دەبێ چی بکەین؟

ئێمە دەبێ واز بێنین لەوەی کە هەر دانیشین و بیر بکەینەوە کە لە بەرنامەی چ ڕێکخراوێکدا، دوو وشە و ددانێکی بەخێر بۆ کوردان هەیە بچین وەدوای کەوین و بچین پشتیوانیی لێ بکەین. بۆ ئەوە بکەین؟ لەوان کەمتر خوێنمان داوە؟ کە وابوو ئێمە لە پێش هەموو شتێک دەبێ خۆمان بین. بۆ کورد بین، بۆ لابردنی ئەو ستەمانە بین، کە ساڵیانی ساڵە لەسەرمانە. خۆ خەباتی کورد لەو شۆڕشەوە دەستی پێ ‌نەکردووە، بەڵام بەو تایبەتمەندییانەی ئەوجارە ڕەنگێکی دیکەی بەخۆیەوە گرتووە و بەرەو قۆناغێکی تایبەت لە بزووتنەوەی کوردی بردووە.

ئێمە دەبێ چی بکەین؟

ئێمە هیچ شتێکمان بۆ ناکرێ بێتوو یەکگرتوو نەبین، هیچ ئەولاولای تێدا نییە. کەوابوو لە پێشدا کورد خۆی دەبێ یەکگرتوو بێ. کە خۆی یەکگرتوو بوو، دەرفەتی باشتری یەکگرتنی لەگەڵ خەڵکانی دی بۆ پێک دێ. لەم ڕووەوە پێش هەموو شتێک ئێمە دەبێ پلاتفۆڕمێکمان هەبێ بۆ یەکگرتوویی کورد، بە لانیکەمی شتە هاوبەشەکان بۆ ئەوەی یەکگرتووییەکە بەرینتر بێ. بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێ پلاتفۆڕمێکیشمان هەبێ بۆ هەموو ئێران و لەگەڵ ئۆپۆزیسۆنی ئێران.

چۆن؟ با واقعی بیر بکەینەوە. ئۆپۆزیسۆن لە ئێران کێیە و بەرانبەر بە ئێمە ڕوانینیان چییە؟ سەڵتەنت‌خوازەکان ئێعتڕاف بە ناو و بوون و ناسنامەمان ناکەن تا بگا بە مافەکانمان. کەوابوو چۆنی لەگەڵ بکەم، مەرجیشم بۆ دادەنێ. بۆچی؟ نەک بۆ ئەوەی مافەکەم بداتێ، بەڵکوو بۆ ئەوەی لە خزمەتیدا بم تا ئەو بە دەسەڵات دەگا، هەر بۆ ئەوەندە.

موجاهیدینی خەڵکە، خاڵێ ئەرێنیان بەرانبەر بە مەسەلەی کورد هەیە، بەڵام ئەوانیش شتی دیکەیان هەیە و ڕەنگە ئاوا بەئاسانی بۆ ئەوجۆرە هاوپەیمانییانە کە ئێمە بۆ ئامانجی خۆمان بەدوایدا دەچین گونجاو نەبێ. بەشێک لە چەپەکان ڕای باشیان بە نیسبەت دێموکراسی و مافی کورد هەیە. بەڵام بەشیکی، بوونەتە ناسیۆنالیزمی بەرچاوتەنگی ئێرانی بەرانبەر بە پرسی کورد. باشە تۆ دەتەوێ ئیئتلاف بکەی، ئەمیان ئاوایە و ئەویان ئاوا. ئیدی چی دەکەی و لەگەڵ کێی دەکەی، دەبێ لەسەر عەرزی واقیع ئەوانە هەڵسەنگێنی. ئێمە دەتوانین گەڵاڵەمان خۆمان هەبێ، بێجگە لەوەی بۆ یەکیەتیی کورد باسمان کرد کە دەبێ گەڵاڵەمان هەبێ بۆ یەکگرتنێکی بەرینتر. ئێمە ئێستا هاوپێوەندی بۆ یەکڕیزی، ئازادی و بەرابەریمان هەیە کە ٩ حیزب تێیدا بەشدارن و ئێمەش تێیدا ئەندامین. کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵ هەیە کە ئازەری و بەلووچ و کورد و عەرەبی تێدا و ئێمەش تێیدا ئەندامین. بێجگە لەوە کۆمەڵە کەسایەتییەکیش هەن. بۆیە ئێمە پێمان وایە دەبێ سەرەتا هەم گەڵاڵەمان هەبێ بۆ یەکڕیزیی کورد، چونکی تا ئەوەمان نەبێ ئەویدیکەمان پێ ناکرێ. دوایە ئەگەر ئێمەی کورد یەک بین، لەنێو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیدا، داخوازەکانمان بە موزایەدە دادەنێن. ئەگەر جودا، جودا بین و تەفرەقە لەنێوماندا بێ، ئەوە ئەوانن داخوازەکانمان بە موناقسە دادەنێن کە فەرموون کامتان بە لانی‌کەم ڕازین.

چەقی باسەکە ئەوەیە پێویستیی ئەو یەکگرتنە لە پێشەوەیە، دوایە پێویستی ئەو پلاتفۆڕمەی خۆمان و دواتر ئەوەی نەتەوەکانی دیکە ئێران و هەمبەستگی و کەسایەتییەکان و شوڕای دێموکراسیخوازن. لێرەدا بەڵام پێمخۆشە یەک شت بڵێم. لەو پلاتفۆڕمەدا کە دەبێ بۆ ئێران هەمان بێ، ئەو پلاتفۆڕمە دەبێ ڕەنگدانەوەی ئەو دروشمە بێ: ژن، ژیان، ئازادی. چۆن ڕەنگدانەوەی ئەو دروشمە بێ، دەبێ جۆرێک بێ کە بە هەموو ئەوانە وەکوو ئۆپۆزیسۆنی ئێرانی ئیدعای دێموکراسی دەکەن، دروشمی دێموکراسی دەدەن، بەڵام کە دێتە سەر مافی ژن ئەوە نییە، کە دێتە سەر مافی نەتەوەکان هەر ئەوە نییە بە مانای واقعی. ئێمە دەبێ پلاتفۆڕمی هاوپێچمان بۆ پلاتفۆڕمی گشتی هەبێ. ئێمە کە دەڵێین "ژن، ژیان، ئازادی" و ئەوان لە تاران دەڵێن ژن، ژیان، آزادی جیاوازییەکی ئەو پلاتفۆڕمەیە کە ئێمە بۆ ژن ئەوە دەڵێن، ئێمە بۆ فڵان توێژی ژێرچەپۆکە ئەوە دەڵێن. بۆیە دەڵێین پلاتفۆڕمەکانمان هەروەکوو دروشمەکە کە لە کوردستان پەرەی گرت، بەڕاستی دەبێ پڵاتفۆڕمێکی ئاومان هەبێ کە لە بەرچاوی بیروڕای گشتیدا لەبەرچاوتر بێ بە نیسبەت خستنەڕووی ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی کە بە قەولی خۆیان ئیدیعای زۆر شت دەکەن. باس لە خەتی سوور کرا، چۆن خەتی سوورمان نییە ئێمە. ڕەنگە بەربەستمان نەبێ بۆ دانیشتن لەگەڵ هەر لایەنێک بۆ ئەوەی لێم تێ‌بگا و لێی تێ‌بگەم. بۆ ئەوەی بە ڕوانگەکانی یەکتر بزانین و یەکتری هەڵسەنگێنین. بەڵام کە دێتە سەر بابەتی هاوکاری و هاوپەیمانی، بەڵێ لەوێدا هێڵە سوورەکان دەردەکەون.

پرسی کورد و سەڵتەنەت‌خوازەکان

سەڵتەنەت بەشێوەیەکی مێژووی لەنێو ئێراندا یانی دەسەڵاتی ناوەندی و دەسەڵات لە ناوەند، لە ناوەندیش یانی لە دەستی یەک کەسدا. ئەو یەک نەفەرش بۆ مادامولعومرە، مادام‌العومر زیاتر و وەرەسەکەشی دێتە سەری. ئەگەر تۆزێک بە وردبینییەوە بڕوانین بەڕاستی ئەو ئیدیعای دێموکراسییە کە ئەو دەیکا، لەو قەڵافەتە دەوەشێتەوە؟ نا، وا نییە. بێجگە لەوە هەموومان دەزانین و هەمووتان شارەزان، بەرنامەی سیاسیی هێزەکانی کوردی بە تایبەتی ناوەندی هاوکاری، داواکارییەکانی هەموو لە چوارچێوی ئێران‌دایە. کەوابوو ئێمە حاشامان لەوە نییە کە بەرنامە و داواکانمان لە چوارچێوەی ئێران‌دایە، بەڵام ئەگەر بوو بە گۆپاڵ لە سەرت چی؟ دە ڕێکخراوی غەیری کورد لەگەڵ یەکتر دانیشتن باسی تەواویەتی ئەرزی ناکەن، بەڵام کە بڵێین کورد دەیانەوێ بێنە ئەو مەیدانە مەرجی یەکەمیان تەواویەتیی ئەرزییە. باشە ئەو مەرج دادەنێ، منیش مەرج دادەنێم مەرجی من ئەوەیە ئەویش فاشیست نەبێ. کەوابوو ئێمە مەرج قبووڵ ناکەین، بەڵام ئەگەر مەرج هاتە پێش، ئێمەش مەرج دادەنێن. باسمان کرد بەرنامەی ئێمە لە چوارچێوەی ئێران‌دایە، بەڵام مادام ئەو قەڵسەت لێ دەگێڕێ و لە سەرتی دەکاتە گۆپاڵ و لێت دەکاتە مەرج، ئەویش نەک بۆ ئیقڕار بە مافەکەت بەڵکوو بۆ ئەوەی ئیجازەت پێ ‌بدا وەدوای کەوی تا ئەوەی دەگا بە سەڵتەنەت؛ ئەدی ئەگەر ئەوکات بوو بە هێزی موتڵەق بڵێی چ مەرجێکت بۆ دابنێ. بۆیە ئێمە بە نیسبەت سەڵتەنەت نەک  هەر حیزبی دێموکرات، بەڵکوو ناوەندی هاوکارییش باوەڕمان بە کۆمارییە.

بابەتێکی تر، ئەوجار ئەوان دێن باسی تەجزییەی ئێران دەکەن. بەکورتی عەرزتان دەکەم، ئەو ئێرانییانەی بەردی تەواویەتیی ئەرزی لە سینگیان دەدەن، هیچیان دڵیان ئەوەندە بۆ تەواویەتیی ئەرزی ناسووتێ. بۆ؟ ئێوە بیر بکەنەوە لە مێژوودا، هەرکەس هێرشی کردە سەر ئێران بەشێکی برد. لە ڕۆژئاوا عوسمانی بردی، لەولا ڕووس بردی، لەولای ئەفغان بردی و... هتد. ئەوانە هەموو لە سەردەمی پاشایەتیدا بووە و کەسیش نەیگوتووە بۆ وڵاتیان بە تەجزییەبوون دا، ئەگەر نەڵێم تەجزییەیان کرد. ڕەنگە بڵێن ئەوە کۆن بووە و، ڕۆیشتووە و پێوەندی بە مێژووەوە هەیە، بەڵام خۆ لە سەردەمی محەممەدڕەزاشادا، بەحرین پارێزگای چواردەیەمی ئێران جیا نەبووە و لە تاران لە خۆشییان چەپڵەیان لێ دەدا؟ کام حیزبی ئێرانی بەیاننامەیەکی لە مەحکووم‌کردنی ئەو جیابوونەوەیە دا. ئەوان لە یەک شتی دیکە دەترسن، نەک تەجزییەی خاک بەڵکوو لە "تەجزییەی دەسەڵات" زراویان چووە. شتێکیش کە ئێمە دەمانەوێ ڕاست ئەوەیە، تەجزییە دەسەڵات و بەشداری لە ئیدارەی ئێراندا.

بەکورتی و لە کۆتاییدا پێ لەسەر پێویستیی یەکگرتوویی کورد و بوونی پلاتفۆڕمێک، بۆ قسەکردن لەگەڵ ڕێکخراوە ئێرانییەکان دادەگرمەوە و لە عەینی حاڵدا، بەرنامەکە دەبێ ئەوە بێ کە بە نیسبەت ئەوانی دیکە لەسەرتر بێ. کۆتا قسەش منیش پشتیوانی لەو بۆچوونە دەکەم کە شوێنێکمان هەبێ جا ناوی لێ دەنێین ستاد، هەیئەت یان هەر شتێکی دی لە شارەزایانی کورد بەتایبەت لە دەرەوەی وڵات، بۆ دیالۆگ و دەرکەوتن لە هەر مێدیایەک بۆ بەرگری کردن لە ستاتوی کورد لە هەمبەر ئەو چەواشەکاری و تەبلیغاتە ژاوارییانەی لە دژی کورد و خەباتەکەی دەکرێن.