کەماڵ کەریمی، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وتووێژێکدا لەگەڵ "کوردکاناڵ" ڕایگەیاند: ناکرێ هاوکاریی ڕەوتێک بکەی بە بە نەتەوە و خاوەن شوناسی خۆتت ناناسێت.
بەڕێزیان لەبارەی پرسی هاوپەیمانیی سیاسی بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی و بنیاتنانی ئێرانی داهاتوو، و بە ئاماژە بە وتووێژەکەی کاک مستەفا هیجری لە بیبیسی کە دەنگدانەوەی زۆری لەنێو ئۆپۆزیسیۆندا هەبوو، گوتی ئەوەی بەڕێز کاک مستەفا هیجری خستیەڕوو، ڕوانگەیەکی زۆر دروستە هەم لەنێو حیزبی دێموکرات و هەم لەنێو کورد لە ئێران. کورد ناڵێم لە دەورانی ڕەزاشا، بەڵام لە سەردەمی حەمەڕەزا شادا ٣٣ ساڵ خەباتی کرد بۆ ئەوەی لە سیستمی پاشایەتی تێپەڕێ. بۆ ئەمە خەڵکی کوردستان بە سەدان شەهیدیان دا، دەیان کەس ئێعدام کران و بە هەزاران کەس خرانە زیندانەوە. ئەو ستەمەی لەو ماوەیەدا لە کوردستان کرا، لە واقیعدا بۆ هێشتنەوەی لە بەشمەینەتیدا ٣٣ ساڵی خایاند. خەڵکی کورد ئەوکات بەشێک بوو لەو شۆڕشە گەورەیەی لەدژی ڕێژیمی شا کرا و ئەوەیکە ئێمە دەڵێین ناتوانین هاوکاریی لایەنێک بکەین شتێکی ئاسایییە. تۆ دەتوانی لەگەڵ کەسێک هاوکاری بکەی کە یەک دەرسەد وەکوو مرۆڤ تۆی قەبووڵ بێت.
ئەو شۆڕشە گەورەکەی ساڵی ٥٧ بە "ئینقلابی مەنحوس" ناو دەبات، لە حاڵێکدا ئەو شۆڕشە بۆ ئەوە کرا خەڵک ئازادییان دەست کەوێ. ئێستا خومەینی و خامنەیی و ڕەفسەنجانی و نازانم کێوکێ هاتن و دەستیان بە دامەزرانی سیستمێکیتر کرد کە ڕێک لە کار و پڕۆژەکانی شای ڕووخاو بەردەوام بن. واتە ئەوە نییە ئینقلابەکە خراپ بووبێ و ئەو بە مەنحووس ناوی ببات. ئەو هەتا ئێستاش دەڵێ ئەمن نازانم زمانی دایک یانی چی، یان پرسی دوو زمانە لە وڵاتدا یانی چی، لە حاڵێکدا بۆخۆی ئەگەر نەڵێم بە منداڵی لە کوێوە بۆ کوێیان ناردووە، بەڵام ئێستا لانیکەم زیاتر لە چل ساڵە لە دنیای دەرەوەدا دەژی و ئەگەر کەسێک چل ساڵ لە دنیای پێشکەوتووی ڕۆژئاواییدا ژیابێ و ئێستاش نەزانێ فەرهەنگی دوو زمانە لە وڵاتیکدا یانی چی، یان کوردی زمانێکە و لە وڵاتانی وەکوو دانمارک ،سوئێد و نۆروێژ و لە زۆر وڵاتانی دیکەدا کلاسی تایبەت بۆ کوردەکان بۆ فێربوونی زمانی دایکییان دادەنێن، کەسێک کە سەرەتا داکۆکی و پشتیوانیی لە سپای پاسداران دەکرد و پاش ئەوەی هەموو خەڵکی ئێران بەگشتی لەنێو خۆ و لە دەرەوە داوایان کرد سپای پاسداران بە تێرۆریست بناسن لە هەڵوێستەکەی پاشگەز بۆوە، یان کاتێک کە دەڵێ بەشێک لە سپای پاسداران دەبێ بمێننەوە چونکی ئەوە ئەوانن دەتوانن نەزمی وڵات بپارێزن و بەسیج بەشێکە لەو خەڵکەی کە دەتوانێ نەزم بپارێزێ، لایەنێکی ئاوا چۆن لەگەڵی دەڕۆی بە ڕێدا؟ یانی کە دەڕۆی لەگەڵی یەک، دوو، سێ هیچ شتێکی نییە کە تۆ دڵخۆش بکا بۆ ئەوەیکە ئەمە ڕوانینێکی باشی هەیە بەنیسبەت داهاتوو، و مرۆڤ دەگاتە ئەو ئاکامە کە نا، ئەمە هەر دەیهەوێ بە دەستەڵات بگا و جێگای باوکی بگرێتەوە. لەلایەکی دیکەوە، ئەوە ٤٤ ساڵە لە ئێران سیستمی کۆماری هەیە و راستیدا ئەوە تەنزێکی مێژوویی دەبێت کە دوای ٤٤ ساڵان ئێمە دیسان سیستمی پاشایەتی بگەڕێنینەوە بۆ ئەو وڵاتەی کە ناسیارییەکی تەواوی لە سیستمی پاشایەتی هەیە؛ یانی ئەوە کە بەڕێزیان شتێکی نەهێشتۆتەوە کە ئەتۆ بڵێی هاوکاریی دەکەم.
ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب لەو وتووێژەیدا لەهەمبەر هەڵوێست و جووڵە سیاسییەکانی کاک عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕایگەیاند: "ئەوەی کاک عەبدوڵڵا لەو پێوەندییەدا دەیکات ئەمن پێم وایە بێنەتیجەیە. ئەو دەڵێ دەڵێ ئێمە لەپێناو پێکهێنانی "کثرتگرایی"دا باسەکانمان دەبەینە پێشێ، بەڵام هەر ئەو فرەییە لەگەڵ هەمووکەس بە بڕوای من دروست نییە. ئەتۆ ئەگەر بیر لەوە بکەیەوە کە کۆمەڵگەیەکی موتەکەسرت هەیە و بیر لەوە بکەیتەوە کە دەبێ دەستەڵاتێکی موتەکەسریش پێک بێنی، دەبێ بیر لەوەش بکەیتەوە کێ لەو دەستەڵاتە دابێت و بە چ ڕوانگەیەک ئەو بێتە نێو ئەو دەستەڵاتەوە... بۆیە پێـموایە ئەگەر مەبەستەکە ئەوە بێت کە ئێمە بتوانین لەگەڵ کوڕی شا بە قەناعەت بگەین بۆ ئەوەی بگەینە داهاتوویەک کە داخوا خەڵک ڕەئی بەو دەدەن یا نایدەن، بە بڕوای من لانیکەم حیزبی دێموکرات ناتوانێ لەگەڵ ئەو ڕەوتە بڕواتە پێشەوە.
کاک کەماڵ کەریمی بە ئاماژە بە وتووێژەکەی بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب لەگەڵ "بیبیسی" گوتی مەسەلە ئەوە نییە کە ئێمە قسە لەگەڵ کەس ناکەین، باسەکە ئەوەیە ئێمە ناتوانین لەگەڵ کەس و لایەنێک هاوکاری بکەین کە هیچ شتێکی بۆ خەڵکی ئێران و هیچ شتێکی بۆ کورد بەتایبەتی پێ نییە. واتە ئەو لایەنانەی نە وەکوو نەتەوە دەتناسن، نە وەکوو عەقەلییەت و تەنانەت وەکوو قەومیش ناتناسن؛ تۆ ناتوانی لەگەڵیان بیت. بگرە کۆماری ئیسلامی دەڵێ کە ئەتۆ قەومێکی، بەڵام ئەو هەر دەڵێ یەک ئێران، یەک میللەت و یەک زمان و ئەمە بناخەی فکری ئەوە بۆ دەستەڵاتدارەتی؛ یانی هەمان سیستم کە ڕەزاشا لە ساڵی ١٣٠٤دا دایمەزراند. دەی سروشتییە کە ئەتۆ ناتوانی لەگەڵ وەها ڕەوتێک هاوکاری بکەی. بۆ ئەوەی تۆ هاوکاریی بکەی، دەبێ ئەوە بەشێک لە خواستەکانی تۆی پێ دروست بێ و دانی پێدا بنێت. بەڵام کاتێک ئەو هیچ شتێکی تۆی قبووڵ نییە، زۆر تەبیعییە کە کاک مستەفا بە دروستی سیاسەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی ڕاگەیاند کە بڵێ ئێمە ناتوانین هاوکاریی بکەین.