کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا گەمارۆی خستە سەر ئێران و پێنج وڵاتی تری پێشێلکاری مافەکانی ژنانەوە

10:23 - 17 رەشەمه 2722

یەکیەتیی ئورووپا بۆ یەکەمین جار، بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و هەروەها توندوتیژی دژی ژنان، گەمارۆی خستە سەر ئێران و پێنج وڵاتی تری جیهان.

ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانیی ژندا، یەکیەتیی ئورووپا، بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی ژنانەوە گەمارۆی خستە سەر نۆ کەس و سێ ڕێکخراوی ڕێژیمی ئێران. هەروەها ئەو یەکیەتییە گەمارۆی خستە سەر دوو وەزیری حکوومەتی تاڵبانیش.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ئەوە یەکەمین بەستەی گەمارۆی یەکیەتیی ئورووپایە کە لەنێو کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا دەیخاتە سەر پێشێلکارانی مافەکانی ژناندا.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز هەروەها ڕایگەیاندووە کە بەرپرسانی بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین، بە تایبەتی "سوغرا خودادادی"، بەرپرسی ئەو بەندیخانەیە، خراونەتە لیستی گەمارۆکانەوە.

لە بەشێک لە بەیاننامەی هاوبەشی کۆمیسیۆنی یەکیەتیی ئورووپا و بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپادا کە بەبۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن بڵاویان کردووەتەوە، هاتووە: "ئێمە پشتیوانی لە ماف و داخوازییەکانی ژنان لە ئێران دەکەین."

گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپا دژی پێشێلکارانی مافەکانی ژنان لە کاتێکدایە کە هەزاران قوتابیی کچ لە ئێران، بەهۆی هێرشی کیمیایی ڕێژیمەوە، ژەهراوی کراون.

چاوەدێرانی سیاسیی لە پێوەندی لەگەڵ ژەهراویکردنی کچانی قوتابی لە قوتابخانەکانی ئێران دەڵێن: "ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی تۆڵەکردنەوە لە کچانی قوتابی کە لە کاتی شۆڕشی ژینا دەورونەخشی سەرەکییان هەبوو، هێرشی کیمیایی دەکاتە سەریان."