کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەوت مامۆستا لە کوردستان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران

10:27 - 17 رەشەمه 2722

پاش دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان لەهەمبەر هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکانی کوردستان، ٧ مامۆستا لە شارەکانی سنە و کرماشان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵات "چاو نیوز"، ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، لە کاتی ناڕەزایەتی دەربڕینی مامۆستایان و بنەماڵەی قوتابییانی ژەهراویکراو لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە شارەکانی سنە و کرماشان، ٧ مامۆستا لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.

لە شاری سنە مامۆستایان "بەهادین مەلەکی، وریا کەریمی، جەماڵ فەکووریان و جەبار پاکزاد"، لە ئەندامانی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان- سنە، پاش دەربڕینی ناڕەزایەتی لەهەمبەر ژەهراویکردنی کچانی قوتابی، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

هەروەها موختار ئەسەدی، چالاکی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایان لە سنە بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا. هەروەها عابد ئەحمەدی، یەکێکی دیکە لە چالاکانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایان لە سنە، لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئەو شارە دەسبەسەر کرا.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی سێشەممە هێزەکانی ڕێژیم لە شاری کرماشان بە هێرش کردنە سەر ماڵی مامۆستا "سادق سامرەیی"، ناوبراویان دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە.