کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی ٨ی مارس

10:58 - 17 رەشەمه 2722

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا پیرۆزبایی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنی کرد و ئەو یادەی جیاوازتر لە ساڵانی ڕابردوو ناو بردووە کە بە پێشەنگایەتیی ژنان، ماوەی ٥ مانگە لە ئێران شۆڕشی ژن ژیان ئازادی" لە ئارادایە.

لە بەشێک لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە، ٨ی مارس ڕۆژی ڕێزگرتنە لە خەباتی ژنان بۆ نەهێشتنی چەوسانەوە و بووەتە ڕەمزی خەباتی ژنان بۆ وەبیرهێنانەوەی خەبات و مافەکانیان و لەم پێناوەشدا قوربانییەکی زۆریان داوە.

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان لەو ڕاگەیەندراوەدا نووسیویەتی، ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی ٨ی مارس دەکەینەوە کە جیاوازتر لە ساڵانی ڕابردووە و زیاتر لە ٥ مانگە گەلانی ئێران ڕاپەڕینێکیان دەست پێ کردووە و ژنان پێشەنگایەتیی ئەو ڕاپەڕینە دەکەن.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە لەم شۆڕشەدا ژنان و لاوان و خوێندکاران لە ڕیزی پێشەوەی ئەم ناڕەزایەتییانە‌دان و بوونە هۆکارێک بۆ دەرکردنی ئێران لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژن لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و زۆربەی وڵاتانی جیهان، کەسایەتییەکان، چالاکوانان و ڕێکخراوەکان پشتیوانیی خۆیان لە ژنان لە ئێران دەربڕی.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا سەرەڕای ئاماژەدان بە جینایەتەکانی پێشووی ڕێژیم، باس لە سیناریۆیەکی دیکەی ڕێژیم کراوە، ئەویش ژەهراویکردنی قوتابخانەی کچانەیە کە دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە کەشێکی ترس و تۆقین دروست بکات. بۆیە ئەگەر پێش بەم کردەوە دژەمرۆییە نەگیردرێت، کارەساتی لەوە خراپتریشی لێ دەکەوێتەوە.