کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانیشتنی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران

11:37 - 17 رەشەمه 2722

ڕۆژی دووشەممە ١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، هەیئەتێکی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران دانیشتنێکیان پێک هێنا.

لەو دانیشتنەدا ئەسغەر کەریمی و نسان نۆدینیان لە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و حەسەن شەرەفی، خالید حەسەن‌پوور و ئاگری ئیسماعیل‌نژاد لە حیزبی دێموکرات، بەشدار بوون.

ئەو دانیشتنە بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر گۆڕانکارییە سیاسییەکان و شۆڕشی ئێستا پێک هات.

لەو دانیشتنەدا گرینگیی یەکڕیزیی پێکهاتوو لە دڵی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" لەنێوان بەشە جیاجیاکانی خەڵک بە تایبەتی خەڵکی کوردستان و شوێنەکانی دیکەی ئێران، پێویستیی یەکگرتوویی بۆ خەباتکردن دژی کۆماری ئیسلامی و ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ڕەوت و لایەنە چەوت و ئاژاوەگێڕەکان، ناڕەزایەتی و مانگرتنی بەهێز لە شارەکانی کوردستان لە ڕەوتی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی"، بەیاننامەی ٢٠ ڕێکخراوی سێنفی و مەدەنی کە زۆر بە ڕوونی خواستی خەڵکیان دەربڕی، گرینگیی مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە ژەهراویکردنی قوتابییان و خوێندکاران لە کوردستان و لەسەر ئاستی ئێران و پێویستیی هەڵوەشاندنەوەی سپای پاسداران و بەسیج و هێزە سەرکوتکەرەکان، لەو بابەتانە بوون کە باسیان لێ کرا.

بەشداربووان لەو دانیشتنەدا لەسەر بەردەوامیی ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر دۆخی ئێستا و ئەو شۆڕشەی کە لە ئارادایە، جەختیان کردەوە.