کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژنان

12:19 - 17 رەشەمه 2722

ژنانی شۆڕشگێڕی کوردستان!

٨ی مارس وەبیرهێنەرەوی مێژووی خەباتی ژنان لە بەرانبەر بە دەسەڵاتی سەرەرۆ و دژی ژنانە لە جیهان و ژنانی ئێرانیش سەرەڕای ئەوەی کە ژنان لە چوارچێوەی جوغرافیای ئێران چ لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی بنەماڵەی ملهوڕی پەهلەوی و چ لە ماوەی ٤٤ ساڵەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا، نە تەنیا سەرەتاییترین مافەکانیان پێشێل کراوە و پێیان ڕەوا نەبینراوە، بەڵکوو لە سایەی ئەو دەسەڵاتە ناڕەوایانەدا هیچ پێگەیەک بۆ ژنان حیساب نەکراوە، تەنانەت ژن وەکوو کاڵا ئەژمار کراوە و ئەم تێڕوانینە کۆنەپەرەستانەش لە هزری دواکەوتووییی دەسەڵاتی تاکەکەسیی دیکتاتۆرەکانی ئێرانەوە سەرچاوەی گرتووە و ئەم ڕوانگەیەش لە یاسای بنەڕەتیی سەرجەم دەورەکانی دەسەڵاتی سەپێندراو بەسەر ئەو وڵاتە فرە پێکهاتەیەدا بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ڕەنگی داوەتەوە.

بەڵام ژنانی کوردستان کە بەشێکن لەو کۆمەڵگە فرەپێکهاتەیەی ئێران، لەوەتەوەی کورد شۆڕشی کردووە بۆ مافە نەتەوەیییەکانی خۆی، ئەوانیش بەردوام بۆ دەربازبوون و ڕزگاربوون لەو دۆخە سەپێندراوە بەسەریاندا، خەباتیان کردووە و لە بەرانبەر نەریتی دواکەوتوو و یاسای کۆنەپەرەستی داگیرکەرانی کوردستاندا کۆڵیان نەداوە.

هەنووکە کە شۆڕشێک لە ئێراندا بە شەهیدبوونی "ژینا ئەمینی"، کچە کوردی خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن ژنانی کوردەوە هەڵگیرساوە و ژنانی کوردستان ڕێبەریی ئەو شۆڕشە دەکەن کە هەم بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستانی بردووەتە قۆناغێکی نوێ و هەمیش ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە خەباتی ئازادیخوازانی ئێرانیشدا پێک هیناوە، بێگومان ئەمەش لە توانایی ژنانی کوردەوە سەرچاوە دەگرێت کە مێژوو و ڕابردوویەکی بەئەزموون و پرشنگداری خەباتێکی ڕەوای لە پشتەوەیە.

٨ی مارسی ئەمساڵ بۆ ژنانی کوردستان و تا ڕادەیەکیش بۆ ژنانی نەتەوە هاوچارەنووسەکانی کورد لە چوارچێوەی ئێراندا بەهۆی سەرهەڵدانی ئەم شۆڕشە بە پێشەنگایەتیی ژنان و بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" زۆر جیاوازترە لە ساڵانی ڕابردوو و خەباتی ژنان بۆ مافەکانی خۆیان چووەتە قۆناغێکی نوێترەوە، کە بە جیهانیبوونی دروشمی سەرەکیی ئەم شۆڕشەی ئێستا واتە "ژن، ژیان، ئازادی"، قژبڕینی ژنان لە سەرانسەری جیهان بۆ پاڵپشتیی خەباتی ژنانی کورد و ڕەنگدانەوە و کاریگەری لەسەر ژنانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران بۆ هاتنە گۆڕەپانی خەبات و سەر شەقام، ڕاکێشانی زیاتر و بەرچاوتری کۆمەڵگەی جیهانی و بەتایبەت ژنان، نموونەی چوونە پێشەوەی خەبانی ژنانی کوردستانە.

ژنان بە ڕێبەریکردنی شۆڕشی ژینا لە سەر شەقامەکانی کوردستان کە بوونە سەرباشقەی نەتەوەکانی دیکەی ناو ئێران، بوونە هۆی لەرزاندنی کۆڵەکەکانی دەسەڵاتی سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران و جیا لەوەی کە کاریگەریی لەسەر سیاسەتی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بەرانبەر بە ئەو ڕێژیمە داناوە، دەبینین کە ڕێژیم هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوەش ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ڕیسوا دەبێت و ئەمەش دەسەڵاتدارانی ئەو ڕێژیمەی تووڕە کردووە و کەوتووەتە تۆڵەکردنەوە لە ژنان و کچانی کوردستان و ئێران.

جیا لەو ئامارانەی کە لە ماوەی شۆڕشی ژینا لەسەر قوربانیبوونی ژنانی کوردستان بەدەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بڵاو بوونەتەوە و ئەم ئامارانەش وەک هەمیشە لە کوردستان و بەلووچستان زۆر زیاتر لە ناوچەکانی تری ئێرانە و  بەندیخانەکانی دەسەڵات بوونەتە قوتابخانەی بەرخۆدانی ژنان و کچانی کورد، ڕێژیم لە پیلانێکی نوێدا هێرشی کردووەتە سەر قوتابخانەکانی کچان لە شارەکانی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران کە ئەم پیلانە نوێیەی دەسەڵاتی ئاخوندی، لەدژی ژنان و شۆڕشی ژینا هەم نموونەیەکی دیکەیە لە سیمای ڕاستەقینەی ڕێژیمی دژە ژنی ئاخوندی و لەڕاستیدا چاوترسێنکردن و تۆڵەکردنەوەیە لە ژنانی پێشەنگ و ئازادیخوازی کوردستان و ئێران.

ئێمە وەک یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای ئیدانەکردنی ئەو پیلانە قیزەونەی ڕێژیمی خۆسەپێن و دژەژنی ئاخووندیی ئێران بۆ سەر کچان لە قوتابخەکان، ٨ی مارس لە هەموو ژنانی جیهان، و بە تایبەت ژنانی ئازادیخوازی نەتەوە هاوچارەنووسەکانی خۆمان لە ئێران و بەتایبەتی پیرۆزبایییەکی گەرم لە ژنانی ئازا و پێشەنگی خەباتی ڕەوای نەتەوەکەمان له شەقامەکانی کوردستان دەکەین کە بوێرانە شەقامیان بە دژی داگیرکەران کردووەتە سەنگەرێکی لەگیران‌نەهاتوو و کۆڵنەدەرانە ڕێبەریی ئەو خەبات و شۆڕشەیان بەدستەوە گرتووە.

شۆڕشی ژینا بە ڕێبەرایەتیی ژنانی کوردستان تا گەیشتن بە مافە ڕەواکانمان بەردەوامە
بژی ژنانی بوێر و ئازا و ڕێبەرانی شۆڕشی شەقام

ژن، ژیان، ئازادی
یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران