کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میتینگی مەهاباد و پێداگری لەسەر مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین

12:29 - 17 رەشەمه 2722

ئارمان حوسێنی

)١١ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی – یاریگای وەرزشیی شاری مەهاباد – وتاربێژ: دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، ڕێبەری کاریزماتیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران(

لە ڕۆژی ١١ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی کە هێشتا چەند ڕۆژێک بەسەر شۆڕشە مەزنەکەی هەموو نەتەوەکانی ئێران دژی دەسەڵاتی پاشایەتی تێپەڕێبوو، خەڵکی شاری مەهاباد (پێتەختی کۆماری کوردستان) و میوانەکان کە لە شار و  گوند و ناوچەکانی دوور و نزیکی کوردستانەوە هاتبوون، هەموو لە یاریگای شار کۆ بوونەوە تا لە زمانی دوکتور قاسملو، ڕێبەری ناوداری حیزبی دێموکراتەوە هەواڵی دووبارە دەستپێکی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات پاش ٣٢ ساڵ چالاکی نهێنی، ببیسنن. ئەم کۆبوونەوە گرینگ و هەزاران کەسییە لە ئەدەبیاتی حیزبیدا بە "میتینگی مەهاباد" ناسراوە و لەو میتینگەدا حیزبی دێموکرات وێژمان و ڕێبازی خۆی کە لەڕاستیدا هەمان خواستی زۆرینەی خەڵکی کوردستانە، بە تایبەتی "مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین"ی پاش ٣٢ ساڵ خەباتی نهێنیی خۆی ڕاگەیاند.

دوکتور قاسملوو، ڕێبەری کاریزمای حیزبی دێموکرات وتەکانی خۆی لە ڕۆژی ١١ی ڕەشەمە بە بەرزنرخاندنی خەباتی ڕەوای نەتەوەی کورد و یادێک لە خەباتی نەتەوەکانی دیکەی ئێران و باقی ئایینەکانی ئەو وڵاتە دەست پێ کرد و  پێداگریی لەسەر ئەو ڕاستییە کردەوە کە حیزبی دێموکرات تا دابینبوونی مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد و بنیاتنانی سیستەمێکی دێموکراتیک لە ئێران بە چەشنێک کە هەموو نەتەوەکان بە مافەکانیان بگەن، بە خەباتی شێلگیرانەی خۆی درێژە دەدات. بەڕێزیان دیسان پێداگرییان کرد لەسەر خواستی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران کە خوازیاری دابینبوونی مافە نەتەوەییەکان و بەفەرمی ناسینی مافی چارەی خۆنووسینە. هاوکات بۆچوونی دوکتور قاسملوو لە هەمبەر تۆمەتی خەیاڵی "تجزیەطلبی" ئەمە بوو کە ئێمە بە هەموو تواناکانمانەوە بۆ دابینبوونی مافەکانمان و چەسپاندنی مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین خەبات دەکەین و ناوەندگەراکان بە هەڕەشە و چەواشەکاری ناتوانن پاشگەزمان بکەنەوە. ئەسڵی مافی چارەی خۆنووسین بەردەوام لە حیزبی دێموکراتدا لەسەری پێداگری کراوەتەوە و شادەماری بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی ئەم حیزبەیە و لە هەموو کۆنگرەکانی حیزبی دێموکراتدا جەخت لەسەر خەبات بۆ دابینبوونی مافەکانی نەتەوەی کورد لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتدا کراوەتەوە، ئەڵبەت شانبەشانی باقی نەتەوە بندەستەکان و ئازادیخوازانی ئێرانی.

بە گەڕانەوە بۆ یاسا نێونەتەوەییەکانیش بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە "مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین" یەکێک لە ئەسڵە بنەڕەتییەکانی یاسای نێونەتەوەییە. ئەم ئەسڵە لە مادەی یەکەمی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و وەکوو یەکێک لە ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا چەسپاوە. جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ ئاوا دەڕوانێتە مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین کە مافێکە دەبێتە هۆی پێوەندی دۆستانە و ئاشتیخوازانەی نێوان دەوڵەت و نەتەوەکان.

بە نەختێک تێفکرین لە وتە مێژووییەکانی دوکتور قاسملوو کە لە ڕۆژی ١١ی ڕەشەمەی ٥٧دا باسیان کرد و هەروەها بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی حیزبی دێموکرات و یاسای نێونەتەوەیی، بەڕوونی ئەم ڕاستییە دەر دەکەوێت کە مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین یەکێک لە کۆڵەکە قایمەکانی ڕاگرتنی پێوەندی دۆستانەی نێوان نەتەوەکانە، بەم واتایە کە کاتێک مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین نەتەوەکان دابین بێت و بە وێژمان و بیرێکی کراوەوە لەگەڵ نەتەوەکان بدوێین و بە دوای خۆسەپاندن و حاشاکردن لە نەتەوەکان نەبین، ئەسڵی مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین خۆی وەک دەرفەتێک بۆ پێکەوە ژیانی دڵخوازانە دەردەخات، نەک هەڕەشە. نموونەگەلێکی زۆر هەن کە بە بەفەرمی‌ناسینی مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسینی نەتەوەکان یەکیەتی و سەقامگیری و گەشەی وڵاتەکە بەهێزتر بووە. وڵاتانی وەکوو "کانادا، هیندوستان و وڵاتانی ئورووپایی. لە وڵاتی کانەدا دەبینین کە فەرانسەیی زمانەکانی ئەو وڵاتە کە لە "کەبێک" دەژین مافی دیاریکردنی چارەنووسیان بەفەرمی ناسراوە بەڵام خەڵکەکەی لە چوارچێوەی ئەو وڵاتەدا ماونەتەوە و نەک هەر نە بوونەتە مایەی هەڕەشە بۆ کانەدا، بەڵکوو هۆکارێک بوون بۆ گەشە، دەوڵەمەندی و بەهێزبوونی ئەو وڵاتە.

بەداخەوە لە ئێراندا هەر کاتێک پرسی مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین لە لایەن نەتەوە بندەستەکانەوە دێتە بەرباس، زۆر زوو تۆمەتی جیاییخوازی لە هەمبەر مافی ڕەوای چارەی خۆنووسینی نەتەوەکان زەق دەبێتەوە. بەڵام پرسیار ئەمەیە کە بۆچی ناوەنگەراکان ئاوەها لەگەڵ ئەم پرسەدا دەجووڵێنەوە؟ بۆ وڵامی ئەم پرسیارە دەچینە سۆراغی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران. لە ئەسڵی یەکەمدا هاتووە کە "حکوومەتی ئێران، کۆماری ئیسلامییە کە نەتەوەی ئێران بە هۆی باوەڕی دێرینەی خۆی بە زۆرینەی ڕەهای ٩٨.٢٪ لە ڕێفراندۆمی ساڵی هەزار و سێسەد و پەنجا و هەشت دەنگی پێ داوە.

دڵنیام کە ئاگاداری پڕۆژەی دەوڵەت–نەتەوەی ئێرانیش هەن کە لە سەردەمی دەسەڵاتداری ڕەزا پاڵەوی (ڕەزا میرپەنج) دەستی پێکرد و بە پێی یاسای بنەڕەتی سەرەدمی پاڵەوی، ئێران حاشا لە بوون نەتەوەکانی ئێران کرا چ بگات بەوەی مافی چارەی خۆنووسینیان هەبێ، بە چەشنێک کە لە یاساکەدا هاتبوو؛ ئێران وڵاتێکی یەک نەتەوە، یەک ئاڵا و یەک زمان و...

ئەو فاکتانەی کە لەسەرەوە باسیان لێوە کرا، سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن کە خەباتی دوور و درێژ و خوێناوی کە نەتەوەی کورد و باقی نەتەوەکانی دیکە بۆ دابینبوونی مافە نەتەوەییەکانیان و بەفەرمی ناسینی چارەی خۆنووسین کردوویانە و بەردەوامیشن، لەمپەڕێکی گەورەی بە ناوی وێژمانی ئێرانشاری لە پێشە و تا ئەو ڕۆژەی کە ئەم تێگەیشتنە سەقەت و خۆسەپێنە جێی خۆی نەداتە بیر و هزری دێموکراسیخوازی و لە کۆتاییدا بەفەرمی ناسینی مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین بۆ نەتەوەکان، گەر بەشێک لە مافەکانیانیش لە یاسای ئێراندا پچەسپێ دیسانیش هەڕەشەی جدییان لەسەرە. پرسیاری سەرەکی ئەمەیە ئایا ئیمە نەتەوە بندەستەکان مافی چارەی خۆنووسینیمان هەیە یا نە؟ بە پێی یاسای نێونەتەوەیی کە لەسەرەوە بە کورتی ئاماژەمان پێ دا، بەڵی ئەو مافە بۆ هەموو نەتەوەکان ڕەوایە کە نەتەوەکان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن.

کۆتا قسە ئەمەیە کە مادام بەپێی یاسا و ڕێساکانی نێونەتەوەیی "مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین" بۆ هەموو نەتەوەکان ڕەوایە، کەوابوو ئیتر ئەم مافە لەسەری دانووستان و مامەڵە ناکرێت.

ئەم بابەتە لە ژمارەی ٨٤٢ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.