کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژن، ژیان، ئازادی" بووەتە دارتەرمی مێژوویەک

10:48 - 18 رەشەمه 2722

دارسمە

ئەم دروشمەی "ژن، ژیان، ئازادی" خەوی هەموو لایەکی زڕاند. بێچووەپاشا و کوڕە هەژار و  فەرخە ئاخوند و تەنانەت منی نووسەر و ئەگەر نووسەر بم و تۆی خوێنەریش ئەگەر خوێنەر بی، ئەم دروشەمەی "ژن، ژیان، ئازادی"یە بە توندی هەڵیبەزاندووینەوە.

بەر لە هەمووان کوڕەگەورەکەی حەمەڕەزای خۆمان، پاش چل و چەند ساڵ خواردن و ڕیتنەوەی بێ‌حیساب و کیتاب، دوای ڕاپەڕینی جەماوەریی شۆڕشی ژینا و بەرزبوونەوەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، هەوای پاشایاتی لە کەللـەی دا و لە شۆکی چل و چەند ساڵە هاتە ‌دەر و بەباشی زانی وەک سوارچاکی لێهاتوو هەوساری سەرهەڵدانەکە بگرێتە دەست و خۆی باوێتە سەر پشتی و ئەسپی خەیاڵی بەرەو کۆشکی پاشایەتی لینگ بدات. پادشای خەیاڵاویی داهاتوومان بە ژێر سێبەری ئاپۆرای خەڵکی ڕاپەڕیودا دەڕوات و "خەیاڵاوی دەیڕوانێت". واهەست دەکات بە جادەی چۆڵ و سێبەردا دەڕوات. جادەیەک دوای ڕاکردنی باوکی و دامەزرانی جێگرەوە ئاخوندەکانی، نە ڕێبەرانی ڕاپەڕینی تێدا تیرۆر کراوە  و نە هەزاران پێشمرگەی شۆڕشگیڕ و ژن و پیاو و منداڵی کوردی تێدا شەهید کراون و نە بە هەزاران کەس لە زینداناندا بەرەو گۆڕی بەکۆمەڵ گوزراونتەوە. دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی وەک " ئەسپەک" لەسەری شای خەیاڵاویی داوە و گێژی کردووە. ئەو لێی تێک‌چووە نێرینەیە و وادەزانێت کچەگەورەی باوکیەتی و حەمەی باوکی بە زیندوویی سەری خۆی تاجی پاشایەتیی ناوەتە سەر. هەر لەبەر ئەئەمەشە خەریکە دروشمەکە بۆ "ژن، ژیان، شاهەنشا" بگۆڕێت.

ئەم کابرایە ڕەنگە لێی شێوابێت و دروشمەکەی بە "پیاو، ژیان، ئازادی" تێگەیشتبێت، ئەگینا لە گشتمان خاستر دەزانیت خانەوادەی موحتەڕەمی په‌هلەوی لەنێو خێزانی خۆشیاندا "شلەی بۆگەن"یشیان بە كڵاوی کچ و خوشکانیان نەپێواوە.

ئەم میرزا ڕەزایەی خەیاڵی پاشایەتی هەڵیگرتووە، لایەنگرانیشی لە خۆی گەوجترن. دوای ئەوەی ماڵپەڕی بی.بی‌.سی لە توێتێکدا بەشێک لە لێدوانی لێپرسراوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی سەبارەت بە شەرمەزارکردنی نزیکبوونەوە‌ی خەباتگێڕان لە کوڕی شای کۆنی بڵاو کردەوە، بەنده یانی "دارسمە"ی نووسەری ئەم دێڕانە هەموو تێچێن و کۆمێنتەکانی لایەنگرانی پاشام لەژێر توویتەکەی "بی.بی.سی" دا خویندنەوە. لە کۆی سەدان تێچین، نزیکەی ٩٠ لەسەدیان نووسەرانیان زمان شڕیان کردبوو و باسی ئەسپابەکەی نێوگەڵی خۆیان کردبوو. لە ئەنجامی لێکدانەوەی بەندەی موخلیستاندا وا دەرکەوت لایەنگرانی کوڕی شای ماوەبەسەرچوو باڵەخانەی سەروویان بەکرێ داوە و بەشێوەیەکی کاتی یان بۆ هەمیشە بارگە و بنەی ئەندێشە و تێگەیشتنیان بەرەو نێوگەڵیان گواستووەتەوە.

بەداخێکی گرانەوە ئاخوندان پێچەوانەی شازادە لە پەڕی قوودا نەخەوتوون و وەک کەروێشکی خەواڵوو بازرەی دەشت و دەر و چیاوچۆڵی سیاسەت و میاسەت نەبوون و باڵەخانەی سەروویان بەکرێ نەداوە و مڵۆزمی خۆیانی تێدا بەخێو دەکەن. ئەوان دوای زیاتر لە چل ساڵ ئەزموونی دەستەڵات، لە وەشاندنی جووتە و شەقۆن بەردەوام بوون و فکرێکی دیکەیان لە حاڵی خۆیان کردەوە.

دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دوای بەردەوامیی نزیکەی ساڵێک خەباتی خەڵکی ئێران بە ڕێبەرایەتیی ژنان، وای لە ئاخوندان کرد هەست بکەن ئێستا تا ڕادەیەک توانیویانه قەیرانەکە ڕابگرن، بەڵام لەترسی داهاتووی زۆر نزیک و دووریش دونیایان لێ بوو بە چەرمی چۆلەکە. دروشمی ژن، ژیان ئازادی هەروا بەردەوام و ژنان بە پیر و لاویانەوە دەستیان خستووەتە بینەقاقای کۆنەپەرستی و ها ئەمڕۆ و سبەی بیخنکێنن.

ئاخوندان لە هەنگاو‌ێکی نوێدا دژی ڕەگ و ڕیشەی ژن و ژیان وەستاونەتەوە و خەریکی شیمیایی‌باران ‌کردنی قوتابخانەی کچانن. ئەوان ژاری شیمیایی دەدەنە کچانی بچووک و پێیان ‌وایە ئەم گورزەیان ئەمڕۆ و داهاتووش دەگرێتەوە. کاروانی شیمیایی‌باران کردنی کچانی بچووک ئێستا ڕۆژێک لە قوم و ڕۆژێک لە تاران و ڕۆژێکی ‌دیکە لە خوڕڕەم‌ئاوا و خووزستانە. ئامانجی کورت‌خایەنیان ئەمەیە خەڵک دروشمی لێدە لە بەیتی ڕەهبەری بۆ دروشمی "کۆتایی‌هێنان بە ژاراوی‌کردنی کچان" بگۆڕن و بۆ داهاتووش بە وازهێنانی کچان لە قوتابخانە و خوێندن ژنانی داهاتوو بە نەخوێندەواری بمێننەوە.

لە بەرانبەردا ئازادیخواز و خەباتگێرانیش تابووتێکیان لە کەرەستەی پتەوی "ژن، ژیان، ئازادی" هەڵبەستووە و لاشەی دوو دیکتاتۆری پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیان خستووەتە سەر و بەرەو لێواری دۆزخ شانیان داوەتە بەر، بەڵام جارێ پەلەقاژەی هەردوو مەیتەکە لە نێو "ژن، ژیان، ئازادی‌"دا بەردەوامە.