کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆی نوێی ئەمریکا دژی ڕێژیمی ئێران

10:57 - 18 رەشەمه 2722

ئەمریکا هاوکات لەگەڵ بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانیی ژن و بە مەبەستی پشتیوانی لە شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" لە ئێران، کۆمەڵێک بەرپرس و ڕێکخراوی ڕێژیمی ئێران کە دەورونەخشیان لە پێشێلکردنی ماف و سەرکوتی ژنان لە ئێراندا هەبووە، خستە لیستی گەمارۆکانەوە.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن، گەمارۆی بەسەر ١١ بەرپرس و ڕێکخراوی ڕێژیمی ئێران، بە تایبەتی دوو بەرپرسی باڵای ئیدارەی زیندانەکانی ڕێژیم کە دەوری سەرەکییان لە پێشێلکردنی مافی ژناندا هەبووە، سەپاند.

بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، فەرماندەی باڵای ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران و یەکێکی دیکە لە فەرماندە باڵاکانی سپای تێرۆریستی پاسداران و هەروەها بەرپرسێکی ڕێژیمی ئێران کە لە کاتی ڕاپەڕیندا ئینتێرنێتی داخستبوو، خراونەتە لیستی گەمارۆکانەوە.

ئەو وەزارەتخانەیە هەروەها ڕایگەیاند کە عەلی چوارمەحاڵی، بەرپرسی زیندانی ئەلبۆرز، داریوش بەخشی، بەرپرسی زیندانی ورمێ، ڕەزا ئەسغەریان بەرپرسی کۆمپانیای "ناجی پارس"، بەهرام عەبدوڵڵایی‌نژاد، بەرپرسی کۆمپانیای ناجی پارس ئەمین، غوڵامڕەزا ڕەمەزانیان، بەرپرسی کۆمپانیای "سپێهر"، مەهدی ئەمیری، بەرپرسی هێزی سایبێریی دادستانی گشتیی ڕێژیمی ئێران، عەبدولڕەحیم مووسەوی، فەرماندەی گشتیی ئەرتەش و حەبیب شاسواری، فەرماندەی سپای ورمێ، خراونەتە لیستی گەمارۆکانەوە.