کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆڕشی ژینا، مافەکانی مرۆڤ و سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژاوا

11:15 - 18 رەشەمه 2722

د. محەممەد حوسێن­زادە

مافەکانی مرۆڤ بریتین لە کۆمەڵە مافێکی سرووشتی کە پێویستە مرۆڤەکان بەهۆی پێگە و کەرامەتی مرۆیی و بە حوکمی مرۆڤبوونیان و بەبێ لەبەرچاوگرتنی پێگە و پلەوپایە و تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتییەکانی تر لێیان بەهرەمەند بن. مافی ژیان، مافی ئاسایشی تاکەکەسی، مافی خاوەندارێتی، یەکسانی بەرانبەر بە یاسا و دەستپێڕاگەیشتن بە دادگا و دادوەریی دادپەروەرانە، مافی دەست‌پێڕاگەیشتنی یەکسان بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان، ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادیی کۆڕ و کۆبوونەوە و دامەزراندنی ئەنجومەنە ئاشتیخوازانەکان، ئازادی ئایین و ڕێباز و هەموو فاکتەرە پێویستەکان بۆ ژیانی مرۆڤایەتی لە نموونەی ئەو مافانەن.

ئەگەرچی بە هۆی بنەما فەلسەفییە جیاوازەکان، جیاوازیی ئایین و کولتوور و هەروەها جیاوازی ڕوانگە سیاسییەکانی وڵاتان پیناسەیەکی تاکانە و گشتگیر لە مافەکانی مرۆڤ نەهاتووەتە ئاراوە، بەڵام لە ئاستی جیهانیدا کۆدەنگییەک هەیە لەمەڕ ئەوەی مرۆڤەکان خاوەن مافن و یاسای نێونەتەوەیی دانی بەو مافانەدا ناوە و زۆرێک لە وڵاتانیش ئەو مافانەیان لە یاسای بنەڕەتیی خۆیاندا چەسپاندووە و خۆیان دەروەست بە جێبەجێکردنیان دەزانن. بە کردەوەش لە ماوەی نزیک بە حەفتا و پێنج ساڵی ڕابردوودا، واتە لە سەرەتای ساڵانی دوای شەڕی دووەمی جیهانییەوە کە جاڕنامەی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و جاڕنامەی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان پەسەند کران و بەتایبەتی تر دوای هەڵوەشانەوەی یەکیەتیی سۆڤیەت و کۆتایی‌هاتنی شەڕی سارد و خێراتربوونەوەی ڕەوتی بەجیهانیبوون پرسی مافی مرۆڤ پەرەی سەند. بە جۆرێک کە لە ئێستادا هەموو دەوڵەتەکان وا دەنوینن کە ڕێز لە مافی مرۆڤ دەگرن. بەڵام لە ڕاستیدا پەرەسەندن، بەجیهانیبوون و بەنێونەتەوەیی‌بوونی مافەکانی مرۆڤ نەبووەتە هۆی ئەوەی ئەو مافانە ببنە ئەولەوییەتێک بۆ دەوڵەتەکان بە جۆرێک کە سیاسەتی خۆیان لەسەر بنەمای پەرەپێدان بەو مافانە دابڕێژن. ڕیالیستەکان کە لە ماوەی هەشتا ساڵی ڕابردوودا ڕوانگەیان بەسەر خوێندنەوەی سیاسەت و پەیوەندییە نیونەتەوەییەکاندا زاڵ بووە،  پێیان وایە سیاسەتی نێونەتەوەیی گۆڕەپانی کردە و کاردانەوەی وڵاتان و بەتایبەت وڵاتانی زلهێزە. هەر یەک لە دەوڵەتان و بەتایبەت زلهێزەکان هەوڵ دەدەن لەو گۆڕەپانەدا بە کەمترین تێچوو زیاترین دەستکەوت و بەرژەوەندی بۆ خۆیان تۆمار بکەن. هەر لەو ڕوانگەیەوە وڵاتانی زلهێز زۆر جار گرنگی بە پرسە ستراتیژییەکان دەدەن نەک پرسگەلێکی وەک مافی مرۆڤ. ئەمە ڕوانگەیەکی زاڵە و پێشوازییەکی زۆری لێ کراوە، هۆکاری زاڵبوونەکەشی ئەوەیە کە لە لایەکەوە لەگەڵ تێگەیشتنی زۆرینەی خەڵک لە سیاسەتی نێونەتەوەیی تەبایە و لە لایەکی تریشەوە لەگەڵ ڕەفتاری ڕاستەقینەی وڵاتانی دێتەوە.

ڕیالیستەکان بە بەڵگەهێنانەوە و ئاماژەدان بە ڕەفتاری وڵاتان دەڵێن، ئەو وڵاتانە زیاتر گرنگی بە پرسە ستراتیژییەکان دەدەن و زیاتر وەک ئامرازێک بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییەکانیان کەڵک لە مافی مرۆڤ وەردەگرن. ئەوان دەڵین، ڕاستە دەوڵەتەکان بەڵێنیان داوە ڕێز لە جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ بگرن، بەڵام بەکردەوە زیاتر گرنگی بە سەروەری وڵاتان و خۆبواردن لە دەستێوەردان لە کاروباری باقی وڵاتان وەک دوو بنەمای سەرەکیی مەنشووری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەدەن. دەوڵەتەکان بە گەڕانەوە بۆ ئەو دوو بنەمایە پرسی مافی مرۆڤ دەخەنە پەراوێزەوە. واتە ئەگەرچی هەندێ لە یاسا و ڕێسا نیونەتەوەییەکان ئەو مافەیان بە وڵاتانی زلهێز داوە کە هەندێ جار لە ڕێگای نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە مەبەستی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ تەنانەت دەستێوەردانی سەربازیش بکەن، بەڵام بە گشتی و وەک ڕەوتێکی زاڵی سیاسەتی نێونەتەوەیی، پاساوی ڕێزگرتن لە سەروەری وڵاتان و خۆبواردن لە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی تر ڕێگر بووە  لەوەی گوشار بخرێتە سەر وڵاتانی پێشێلکەری مافەکانی مرۆڤ و ناچار بە جێبەجێکردنی ئەو مافانە بکرێن. هەر لەبەر ئەم هۆکارە بوو کە دیکتاتۆرێکی وەک هۆگۆ چاوز بیری لەوە دەکردەوە لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکاندا بە تۆمەتی دەستێوەردانی ئەمریکا لە کاروباری نێوخۆیی و هەوڵدان بۆ کودەتا سکاڵا تۆمار بکات یاخود ڕێژیمێکی دیکتاتۆری وەک ئێران بەردەوام مافی مرۆڤ لەژێر ڕووکەشی مافی سەروەریدا پێشیل بکات.

ڕیالیستەکان دەڵێن ئەزموونە مێژووییەکان سەلماندویانە وڵاتان بەپێی بەرژوەندییە نیشتمانییەکانی خۆیان سیاسەتی دەرەکی دادەڕێژن نەک بە پێی پەرەپێدان یان پاراستنی مافەکانی مرۆڤ. واتە بەرژەوندییەکانی وڵاتان لە چوارچێوەی مافەکانی مرۆڤدا پێناسە ناکرێن، بەڵکوو ئەوە مافەکانی مرۆڤن کە لە چوارجێوەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکاندا پێناسە دەکرێن. بۆیە ئامانجی سەرەکیی دەوڵەتەکان لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی تر بەرگریکردن لە مافی مرۆڤ نییە، بەڵکو دابینکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانە. گرنگترین بەرژوەندییەکانیش لە سیستەمی نێونەتەوەییدا بریتین لە زیادکردنی ڕێژەی هێز بە مەبەستی دابینکردنی ئاسایشی نیشتمانی و بەرزکردنەوەی پێگەی خۆیان لەو سیستەمەدا. کەوابوو، مافەکانی مرۆڤ تا کاتێ گرنگییان پێ دەدرێ کە لە خزمەتی بەرژوەندییە نیشتمانییەکاندا بن.

پشتیوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دیکتاتۆرەکان و دژایەتی لەگەڵ هەندێ لە دێموکراسیخوازان و بزووتنەوە دێموکراتییەکان لە ساڵانی شەڕی سارددا بە بیانووی ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی کۆمۆنیزم لە ناوچە جیاوازەکاندا، پشتگوێخستنی توندوتیژی و پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە لایەن ڤلادیمیر پۆتینەوە لە چیچەن، دەستێوەردانی سەربازی ئەمریکا و ڕێکخراوی سەربازیی ناتۆ لە یۆگۆسلاوی بە بیانووی ڕێگریکردن لە پێشێلکردنی زیاتری مافی مرۆڤ لە دەیەی ١٩٩٠دا و هاوکات بیدەنگی و بێهەڵوێستی ئەو وڵاتانە بەرامبەر ئەو ژینۆسایدەی لە هەمان کاتدا لە ڕوواندای ئافریقادا لە ئارادا بوو، لەو نموونە بەرجەستانەن کە ڕیالیستەکان ئاماژەیان پێ دەکەن سەبارەت بەوەی وڵاتان بەردەوام گرنگییان بە بەرژوەندییە ستراتیژییەکان داوە و مافی مرۆڤیان پەراوێز خستووە. لەو ڕوانگەوە تەنانەت وڵاتان کاتێک باس لە مافەکانی مرۆڤ دەکەن کە لە چوارچێوەی بەرژوەندییاندا بێت. بۆ نموونە، وڵاتانی ڕۆژاوا کاتێک کێشەکانیان لەگەڵ وڵاتی چین پەرە دەستێنن، زیاتر پەرە بە ڕەخنەکانیان سەبارەت بە پێشیلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتەدا دەدەن و دوای ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان هەمدیسان پرسی مافی مرۆڤ دەخەنە پەراوێزەوە.

تا پێش سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژاوا بەرامبەر پرسی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و پێشیلکردنی ئەو مافانە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە تەواوەتی لەگەڵ گریمانەکانی ڕیالیستەکان دەهاتەوە. لە هەموو ئەو ساڵانەدا و بە تایبەت لە دوو دەیەی ڕابردوودا کە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران ئاشکرا بوون دەمانبینی کە وڵاتانی ڕۆژاوا بە بەراورد لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ زیاتر گرنگییان بە پرسی ئەتۆمی و مووشەکیی ئێران دەدا. هەر لەو ئاراستەیەدا دوای واژۆکردنی ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکانی "سەعدئاباد" و "پاریس" لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا و دواتر واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی ناسراو بە "بەرجام" لەگەڵ ئۆباما پرسی مافی مرۆڤیان خستە پەراوێزەوە. وەبیر بهێننەوە کە باراک ئوباما لە سەروبەندی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی سەوز و خۆپیشاندانەکانی پاش هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٣٨٨ هیچ هەڵوێستێکی بەرانبەر سەرکوتی خەڵک لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە نەنواند بۆ ئەوەی گرفتێک بۆ دانوستانە ئەتۆمییەکان درووست نەکات و دواتریش لە دەقی ڕێککەوتننامەکەدا هیچ ئاماژەیەک بە مافی مرۆڤ نەکرا. بەپێی خوێندنەوەی ڕیالیستی هۆکاری سەرەکی ئەو جۆرە سیاسەتە ئەوەیە کە بەئەتۆمی‌بوونی ئێران زیاتر لە پێشیلکردنی مافی مرۆڤ بەرژوەندییەکانی ئەمریکا دەخاتە مەترسییەوە.

ئەگەرچی هێشتا گریمانە سەرەکییەکانی ڕیالیزم گونجاوترین گریمانەکانن بۆ ڕوونکردنەوەی ڕوانگەی وڵاتانی ڕۆژاوا بەرامبەر پرسی مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و هەڵوێستی ئەو وڵاتانە بەرامبەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە تایبەتی، بەڵام ناکرێت بە ئاسانی گۆرانکارییەکانی دوای شۆڕشی ژینا پشتگوێ بخەین. شۆڕشی ژینا هەر وەک چۆن لە زۆر ڕووەوە کاریگەری لە ناوخۆی ئێران دانا، تا ڕادەیەکیش بووە هۆی گۆڕانکاری لە سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژاوا بەرامبەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە لایەن ڕژێمی تارانەوە. ئەم گۆڕانکارییانە لانیکەم بۆ ئەو کەسانەی لەژێر کاریگەریی ڕوانگەی ڕیالیستی‌دان سەرنجڕاکێش و تا ڕادەیەک چاوەڕواننەکراو بوون.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەندێ لە وڵاتانی ئورووپا و لەوانە ئاڵمان و فەڕانسە وەک دوو زلهێزی نێو یەکیەتیی ئورووپا بەپێچەوانەی ساڵانی پێشوو هەڵوێستی توندیان بەرانبەر بەکارهێنانی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران و هاووڵاتییان و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە نواند. سەرەڕای ئەوەی جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ماوەی دەسەڵاتدارێتیی خۆیدا بەردەوام هەوڵی دابوو بە مەبەستی زیندووکردنەوەی ئەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییە کە لەلایەن دۆنالد ترەمپەوە هەڵوەشابووەوە، کەمتر گوشار بخاتە سەر ئێران و تەنانەت لەو پێناوەدا پرسی مافی مرۆڤیش پەاویز بخات، بەڵام شۆڕشی ژینا و ڕاپەڕینی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات و خۆپیشاندانی باقی هاووڵاتییانی ئێران و پێداگرییان لەسەر داخوازییەکانیان سەرەڕای سەرکوتی دڕندانە هێزە ئەمنی و چەکدارەکانی ڕێژێم، بەرپرسانی باڵای ئەمریکای ناچار کرد کاردانەوە نیشان بدەن و بەکردەوەش تا ڕادەیەک لەبەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ئەو وڵاتە سزا بدەن. ئەندامانی یەکیەتیی ئورووپاش کە زۆر جار بەرامبەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە لایەن تارانەوە بێدەنگ و بێهەڵوێست بوون ئەمجارە هەڵوێستی توندیان نواند.

بەگشتی دەتوانین پشتیوانی ئاشکرای بەرپرسانی باڵای وڵاتان لە خۆپیشاندەران (بۆ نموونە ئاڵمان و فەڕانسە)، بانگهێشتکردنی باڵوێزەکانی ئێران بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە سەرکوتی دڕندانەی خۆپیشاندەران، دەرکردنی کۆماری ئیسلامی لە کۆمیسیۆنی ژنانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بانگهێشت‌نەکردنی ئێران بۆ کۆنفڕانسی ئەمنیەتیی مۆنیخ وەک گرنگترین کۆنفڕانسی تایبەت بە ئاسایسی جیهان و بەپێچەوانەوە بانگهێشتکردنی دوو کەس لە چالاکانی دژبەری ئەو ڕژیمە و هەروەها هەوڵی هەندێ لە وڵاتان بۆ ناساندنی سوپای پاسداران وەکوو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی وەک نموونەی ئەو گۆڕانکارییانە ناو ببەین. ئەم گۆڕانکارییانە بەڕاستی جدین، چونکە بۆ نموونە تا پێش دەستپێکردنی شۆڕشی ژینا نزیک لە هەمووی وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا دژی بڕیاری ئەمریکا سەبارەت بە بەتیرۆریستناساندنی سوپای پاسداران بوون بەو پاساوەی کە ئەو بڕیارە دەبیتە هۆی داخرانی هەموو کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و شکستهێنانی هەوڵەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی. بەڵام لە ئێستادا نەک ئەو کۆدەنگییە نەماوە بگرە بەشیکی بەرچاو لەو وڵاتانە لەگەڵ بە ناساندنی سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستین. ئەوە لە کاتێک‌دایە کە ئەو پرسە بۆ کۆماری ئیسلامی ئەوەندە گرنگ بوو کە پێش شۆڕشی ژینا ڕایگەیاندبوو کە یەکێک لە پێشمەرجەکانی گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئەوەیە کە ئەمریکا سوپا لە لیستی تێرۆریستی دەربهێنێت.

هەڵبەت حاشاهەڵنەگرە خۆبواردنی کۆماری ئیسلامی لە درێژەدان بە گفتوگۆ ئەتۆمییەکان و ناردنی چەکوچۆڵ بۆ ڕووسیە بەمەبەستی بەکارهێنانیان لەدژی ئوکراین لە هۆکارە بەرچاوەکانی ئەو گوشارانەی وڵاتانی ڕۆژاوا لەسەر کۆماری ئیسلامین. بەڵام ئەوانە فاکتەرگەلێک بوون کە پێشتریش لە ئارادا بوون. فاکتەری نوێ کە بووە هۆی هاندانی ئەو وڵاتە بۆ گۆڕینی بەرچاوی سیاسەتیان بەرامبەر کۆماری ئیسلامی شۆڕشی ژینا و ڕاپەڕینی نەتەوەی کورد و باقی نەتەوەکان و خەڵکی ئێران لە ناوخۆ و هاوکات لەگەڵ ئەوەش خۆپیشاندان و چالاکی دیاسپۆرای کورد لە ئاستی جیهان و کۆبوونەوەی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی ئێران لە بەردەم ناوەندەکانی بڕیاردانی وڵاتانی ڕۆژاوا و ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتیی جیهان لە ڕووداوەکانی نێوخۆی ئێران بوو. لەبیرمان نەچێت لە میانەی خۆپیشاندانەکاندا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان ڕایگەیاند، لە ئێستادا تەرکیزمان لەسەر دانوستانی ئەتۆمی نییە، بەڵکوو چاومان لە خۆپیشاندانەکانە و هەوڵ دەدەین گوشار بخەینە سەر تاران بەمەبەستی کوتاییهێنان بە ستەم و سەرکوتی خەڵک. تەنانەت ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دانی بەوەدا نا کە ئیدارەکەی پێشتر هەڵەی کردووە کە پشتیوانی لە بزووتنەوەی سەوز و خۆپیشاندانەکان نەکردووە و پێشنیاری کرد ئیدارەی بایدن پشتیوانی لە خۆپیشاندەران بکات.

هەرچەندە دژوارە گریمانە سەرەکییەکانی ڕیالیستەکان سەبارەت بە ڕوانگەی وڵاتان بۆ پرسگەلیک وەک مافی مرۆڤ بە ئاسانی ڕەت بکرێنەوە، بەڵام لەوانەیە کاریگەرییەکانی شۆڕشی ژینا لەسەر هەڵویستی وڵاتانی ڕۆژاوا بەرامبەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە تا ئەم ساتە، لە داهاتوودا وەک نموونەیەکی جیاواز سەیر بکرێت.