ئاسۆ مینا
لە درێژەی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێژیمی ئێران دژ بە شۆڕشی ژینا، ئەم جارە شیمیاییکردنی قوتابییانی نێو قوتابخانەکان و دەرمانداوکردنیان پیلانێکی دیکەی ڕێژیمە بۆ زەبروەشاندنی زیاتر لە یەکێک لە بناغەکانی ئەو شۆڕشە کە قوتابییانن.
سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران خۆیان بێئاگا لە پێکهاتنی ئەو حاڵەتە نیشان دەدەن بەڵام خاوەن ڕایان، پێیان وایە کە ناکرێ پرۆسەیەکی دژەئینسانی لەو شێوەیە بەڕێوە بچێت بەڵام ڕێژیم و بەتایبەت سرویسە ئیتلاعاتییەکانی لێی ئاگادار نەبن. "عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیم دوای سێ مانگ لە بەڕێوەچوونی ئەو پرۆژەیە، هێشتا قسە لە سەلماندنی ئەو کێشەیە دەکات و دەڵێ پێویستە عامیلانی ئەو کارە سزا بدرێن کە ئەوەش تەنیا قسەیەکە دەیکات و ئەوە پڕۆژەیەکە هەر بەدەستی خۆیان بەڕێوە دەچێت. لە ڕاستیدا پێکهێنانی ترس و وەحشەت لەنێو کچە قوتابییەکان و تاراندنیان لە قوتابخانە دەتواندرێ وەکوو تاکتیکێکی ئەمنییەتیی ڕێژیم و گەڕاندنەوەی کچ و ژن بۆ کونجی ئاشپەزخانە و بەکارهێنانیان وەکوو دەزگای بەرهەمهێنانی منداڵ و دوورخستنەوەیان لە هەرێمی قوتابخانەکان و بێئاگاهێشتنەوە و ڕێگری لە پێشکەوتنیان لە هەموو بارێکەوە، لە ئامانجە کۆن و نوێیەکانی ڕێژیم چاویان لێ بکرێت.
بەڕێوەبردنی ئەو پڕۆسەیە که ڕاستەوڕاست هێرشە بۆ سەر کۆمەڵگا و لە کاردانەوە بە نەخش و ڕۆڵی چالاکانە و دیاری کچان و قوتابییانی قوتابخانەکان لە خۆپیشاندان و شوڕشی ئەمجارەدا بەڕێوە دەچێت ئامانج لێی، لێدان لە جێگە و پێگەی شۆڕشی ژینا و دەربڕینی ڕق و تووڕەیی دەسەڵاتە دژ بە ژنان، دەتواندرێ وەکوو پرۆژەیەکی ئامانجدار چاوی لێ بکرێ و لەسەر ئەو پرسە کە وەکوو جینایەت دژی ئینسانییەت دەتواندرێ ناوی بهێندرێ لە دادگا نێونەتەوەییەکان سکاڵا تۆمار بکرێت بەڵام دنیای دەرەوە کە هێشتا بە گشتی پشتی ڕێژیمی ئێرانی بەرنەداوە و لێی بێهیوا نەبووە، هیچ کاردانەوەیەکی بەرامبەر بەو جینایەتە نیشان نەداوە.
ئەوەی وەکوو هۆکاری پێکهاتنی ئەو حاڵەتە تا ئێستا دەرکەوتووە و شارەزایانی بواری تەندروستی باسیان لێوە کردووە بۆ شیمیاییکردن و تێکدانی باری تەندروستیی قوتابییان لە چەندین جۆری گاز لەوانە ئۆرگانا فۆسفۆر و گازی تێکەڵاوی گۆگردی بۆ ئەو پڕۆژەیە کەڵک وەرگیراوە.
بەڕێوەبردنی ئەو پڕۆژەیە تەنیا بە باڵای ڕێژیمی کۆنەپەرەست و دژە ئینسانیی ئێران نەبڕاوە بەڵکوو لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی سیستمی دژەژن و کۆنەپەرەست حوکم دەکەن، لەو حاڵەتانە دیتراون. هێرشی حکوومەتی چێچێن بۆ سەر قوتابییانی کچ لە ساڵی ۲۰۰۵ و درمانداوکردنیان و هەروەها بەڕێوەبردنی پڕۆژەیەکی هاوشێوە لە ئەفغانستان لە ساڵی ۲۰۱۰ لەسەر دەستی تاڵەبان هەموویان دەچنە یەک خانەوە.
ئەوە دەتواندرێ وەک پەتایەکی گشتگیر چاوی لێ بکرێ. هەر چەند سەرەتا لە شاری قومەوە دەستی پێکرد بەڵام لە ئێستادا زۆربەی شارەکانی ئێرانی گرتووەتەوە و ئەوجارە تەنیا بە کچان کۆتایی نایەت و کوڕانیشی گرتووەتەوە و سەراسەری ناوچەکانی ئێران و کوردستانیشی خستووەتە ژێر ڕکێفەوە. تا ئێستا زیاتر لە ۱۸ پارێزگای ئێران لەو پڕۆژە دژەئینسانییە وەردراون و زیاتر لە ۹۰ بۆ ۱۰۰ قوتابخانە هێرشی شیمیاییان کراوەته سەر و ئەو ڕێژەیە هەتا دێت زیاتر دەبێت.
بڵاوبوونەوەی چەندین جۆر گاز لە قوتابخانە و ئاسایشگای خوێندکاران و ژاراویبوونی خوێندکاران و نەخۆش کەوتنیان ئەو بەڵگانەن کە ڕێژیم هێشتا دانی پێدا نەناوە و خۆی لە بوونی ئەو قەیرانە گێل دەکات. سکاڵای بنەماڵەی قوتابییان و خوێندکاران لە پێکهاتنی ئەو بارودۆخە تا ئێستا بە هیچ کوێ نەگەیشتووە و زۆربەی مامۆستایان لەسەر ئەو بابەتە هەڵۆێستی تایبەتیان گرتووە و ڕاگەیەندراویان لەبابەت دەربڕینی ناڕەزایەتی سەبارەت بەو دۆخە دەرکردووە.
وێڕای زۆربەی ناوچەکانی ئێران، کوردستانیش کە ماکەی سەرهەڵدان و دژایەتیی ڕێژیمە لەو پڕۆژەیە بێبەری نەبووە و دوالەرزەی ئەو پڕۆژەیە گەیشتووەتە کوردستان و گیانی خوێندکاران و قوتابییانی شارەکانی کوردستانیشی گرتووەتەوە. سەرەڕای بارهێنانی کێشە و گرفتی زۆر، ترس و نیگەرانییەکی زۆر بۆ بنەماڵەی قوتابییان لەسەر ئەو پرسە دروست بووە و ڕێژیم لە جیاتی بەدەمەوە هاتن بەو کێشە و داوای بنەماڵەی قوتابییان، خەریکی توندکردن و ئەمنییەتییکردنی زیاتری دۆخەکەیە.
ترسی ڕێژیم لە سەرهەڵدانی جەماوەریی نوێ کە وەک مەزەندە دەکرێ زۆر لە پێشوو بەگوڕتر و گشتگیرتر دەبێت، وای لێ کردووە کە دەست بۆ هەر شێوە کار و کردەوەیەک بۆ ڕێگریی لە پەرەئەستاندنی ئەو شۆڕشە ببات و هەر ڕۆژە و بە پیلانێک و تاکتیکێکی نوێ بەرەوڕووی ئەو شۆڕشە دەبێتەوە بەڵام لە کۆتاییدا کۆی کێشەکان لە ڕێژیم دەبنە لافاوێک کە هەرچەند زەرەر و زیانێکی زۆری بۆ خەڵک بە دواوە دەبێت بەڵام لە کۆتاییدا گیانی ڕێژیم تێدا دەچێت.