کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا و ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە بانگەوازێکدا داوای لێکۆڵینەوە لەسەر ژەهراویبوونی قوتابییان لە ئێران دەکەن

09:50 - 11 رەشەمه 2722

هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی ژەهراوییبوونی کچانی قوتابی لە قوتابخانەکانی ئێران، نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، داوای لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە کە لێکۆڵینەوە لە بابەتی ژەهراویبوونی کچانی قوتابی لە ئێران بکات.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا سەرەڕای هۆشداریدان بە کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر ڕاگرتنی هێرش بۆ سەر قوتابخانەکان لە ئێران نووسی: "بنەماڵەی قوتابییان و خەڵکی ئێران بە گشتی داوای لێکۆڵینەوە لە بابەتی ژەهراویبوونی قوتابییان و هەروەها وڵامدانەوە لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن."

کاردانەوە جیهانییەکان لەسەر ژەهراویبوونی قوتابییان لە کاتێکدا پەرە دەستێنێت کە وەزیری نێوخۆی ڕێژیمی ئێران، ئەو هێرشانە بۆ سەر قوتابخانەی کچان، بە پیلانی لەپێشداڕێژراو ناو دەبات.

لەلایەکی دیکەوە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران هێرش دەکەنە سەر سەر بنەماڵەی قوتابییانی ژەهراویبوو و بە لێدان و توندوتیژی ڕووبەڕوویان دەبنەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا چاوەدێرانی سیاسیی ئێران و جیهان ڕایانگەیاندووە کە هێزە توندئاژۆکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، خەریکی تۆڵەکردنەوە لە قوتابییانی کچ لە قوتابخانەکانی ئێرانن کە لە کاتی ڕاپەڕینی ژینا بە ڕژانە سەر شەقامەکان و دروشمی مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی و هەروەها لابردنی سەرپۆشەکانیان، ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕێژیم ببوونەوە.